چیرۆکی دوا ساتەکانی ژیانی قادری حاجی عەلی
زێد نیوز:
ژیان بەتامی مەرگ
شیلان ئەحمەد
ھاوسەری قادری حاجی عەلی
وا بەنیاز بووم "گەڕانەوە بۆ ژیان" بکەمە ناویشانی وتارێک، ئەویش دوای ئەوەی لە دەردی کۆرۆنا رزگارمان بوو پێکەوە گەراینەوە ماڵ، بەڵام بەداخەوە مەرگی ناوەختی ھاوسەرە شیرینەکەم بوو بەخەمێکی قوڵی بێ کۆتایی و، ژیانی بەتامی مەرگیش بۆمن بەجێھێشت.
دوو ساڵە من و شاکۆی کورم ( دیارییە خواھانییەکەی قادری حاجی عەلی) لەنێوان خەم و دوری ئەبەدی باوکی، لەنێوان ژیان ومەرگدا ئەتلێینەوە، ژیانێکی بێ رۆح، ھەناسە ساردو ساکاو لە یادەورییەکانی رابردودا.
خۆزگە ئەمتوانی بەوحاڵەشەوە ئەوھەقەی بۆبگێرمەوەو یادگارییەکانی شەش ساڵەی پێکەوەبونمان لەدوو توێی کتێبێکدا کەشایستەی ئەوبێت بنوسمەوە، بەسەرھاتی نەخۆشییەکەی و کورتەیەک لە چیرۆکی بەدبەختی خۆم لەدوای کۆچی ئەو بڵاو بکەمەوە.
کەم جار ڕێک ئەکەوێ کۆمەڵێ تایبەتمەندی و ئاکاری جوان و ناوازە لەمرۆڤێکدا کۆببێتەوە، کۆمەڵێک تایبەتمەندی جوان و باڵا لەکەسایەتی مرۆڤێکدا ڕەنگ بداتەوە. باوکی شاکۆ بە شاھیدی دۆست و نەیار کەسایەتییەک بوو کە وێنایەکی وای ھەبوو پراو پر ببێتە جێگەی شانازی کەسوکارو ھاوڕێکانی و بگرە میللەتەکەشی، بەخشندە، دەست و دڵ پاک، بەئەمەک وکۆمەڵایەتی و خاکەڕا، تا ئاستی ئەوەی ھاوڕێی لەھەموو تەمەنەکان ھەبوو .
مرۆڤێک تاسەر ئێسک بڕوای بەنوێ گەری و دادپەروەری و ژیانێکی شایستە بوو بۆ خەڵکی کوردستان کە بارتەقای رەنج و قوربانییەکانی بێت، ئەو بەمانا خەمی گشتی لەکۆڵ نابوو، ھاوکاری گەنج و پاڵپشتی ھەموو ھەنگاوێکی بوێرانەیان بوو بۆ بەرژەوەندی گشتی، پاڵپشت و بەرگریکارێکی سەرسەختی میدیای ئازادو ئازادی وتن و رادەربڕین بوو، ھەموو ئەوانەشی بە ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانی ئەزانی و وەک تەواوکەری ئەزموون و تێکۆشانی رابردوی لێی دەڕوانی.
ئەو بڕوای بەوە بوو مرۆڤەکان خۆیان دەتوانن جوڵێنەری سەرەکی ئەو واقیعەبن کەتێدا دەژین. بڕوا بەخۆ بوون لای لەئاستێکی باڵادا بوو، نەترس و بوێر بوو، سڵی لەئەرکی قورس نەدەکردەوە. بۆیە ھەمیشە ھاوتەریب لەگەڵ ھەموو گۆڕانکاری و ئاڵانگاریەکانا دەستوپەنجەی نەرم دەکرد، بەبێدەنگی دەجەنگا، بەو ئەزموون و شارەزاییەی ھەیبوو سەرکەوتوانە توانی مێژویەکی پڕ شانازی بۆ خۆی بنەخشێنێت.
لەلوتکەی دەسەڵاتا دەستبەرداری پۆست و ئیمتازاتە بێشومارەکانی بوو، لەبری بەرژەوەندی و ژیانی تایبەت، پارێزەرایەتی مافەکانی خەڵک و بەرگریکردنی لەژیانی گشتی ھەڵبژارد، ئەو ھەموو ھەوڵ و تێکۆشانی بۆ بەدیھێنانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی بوو، بەردەوام ھەوڵی بەرزڕاگرتنی شکۆی تاکی کوردی دەدا، زۆر ڕاستگۆیانە لەخەمی ئەوەدا بوو ئینسانی کورد بە پشتبەستن بە توانا و بڕوا بوون بەخۆ و بە کۆدەنگی دەنگە ناڕازییەکان و دوور لەخۆبەستنەوە بە کاریزما و چوارچێوەکانی حزب، خۆیان ڕێگەی گۆڕانکاری بگرنە بەرو چاکسازی بکەن.
باسکردنی کەسایەتیەکی وا، کە بەر لەمەرگی ببووە ئومێدێک بۆ ھەموو ئەوانەی بێ ئومێدببون لەو دۆخە ناھەموارەی کەدەسەڵات دروستی کردبوو، لەم نامیلکە بچوکەدا ھەرگیز ھەقی خۆی پێ نادرێت، بەتایبەتی کە ئەم نامیلکەیە تەنھا بۆ باسکردن و گێڕانەوەی ئەو ڕۆژانەیە کە تووشی نەخۆشی کۆرۆنا بوو تا دواین ساتەکانی ژیانی، دواتریش باسکردنی بارودۆخی بەندە لەدوای کۆچی ئەو، کەچی کارەسات و خەسارەتێکی ژیانما خولقاند، نە ئەتوانم وەسفی بکەم، نە تواناشم ھەیە گوزراشتی لێبکەم.
نەخۆشکەوتن و ماڵئاوایی یەکجاری
ڕۆژی ٢٣/٩/٢٠٢٠ وەک ھەموو ڕۆژێکی ئاسایی ھەستاین لەخەو بەڕوویەکی خۆشەوە خۆی گۆڕی و نانی بەیانی خواردوو چوە دەرەوە بۆ بینینی چەند برادەرێک کەپێشتر گۆڕان بوون، نیوەڕۆ کە گەڕایەوە ماڵەوە زۆر بێتاقەت بوو دەتوت کەسێکی ترە، دەموچاوی تەواو پێوەی دیار بوو کەھەواڵێکی ناخۆش یان شتێکی ناخۆش ڕوی دابێت، کەپرسیارم لێ کرد ھیچی نەدرکاند و ووتی ھیچ نەبوە، من بڕوام پێ نەکرد چونکە دەموچاوی ھاواری ئەکرد، بۆ شەوەکەی سەرئێشە دایگرت و کەمێک تای ھەبوو، بۆ ڕۆژی دوایی ھەروەک ڕۆژانی ئاسایی ھەستا بەڵام بێتاقەتییەکە بەری نەیابوو جارێکی تر پرسیارم لێکرد ھەر ئینکاری لێ کرد و ووتی ھیچ نەبوە، ئەوەی لەنزیکەوە قایەری حاجی عەلی ناسیبێت ئەزانێ کە کەسێکی نھێنی پارێز بوو ھەرگیز نھێنی خۆی و دەوروبەرەکەشی لای کەس باس نەئەکرد، بەڵام زۆر شتی لەلای من باس ئەکردو سەرگوزشتەی زۆری خۆی و ھاوخەباتەکانی و ھاوڕێ نزیکەکانی باس ئەکرد.
زۆرجار کەبێتاقەت ئەبوو ئەیوت بابڕۆین پیاسەیەکی ئەزمەڕو ئەودیوی سلێمانی بکەین و بەدەم ڕێگاوە ئەکەوتە قسەکردن، بەڵام ئەمجارەیان جیاواز بوو بەزەردەخەنەیەک ئەیویست دڵنیام کاتەوە کەھیچی وا نیە بەڵام دەموچاوی وای نەئەوت، ئەو ڕۆژەش وەک ڕۆژەکانی تر چوە دەرەوەو کەسی وای نەبینیبوو ھاتەوە ووتی گیانم داھێزراوە خەریکە تووشی پەتای وەرزی ئەبم، دوو پاراسیتۆڵی خواردوو تۆزێ شێلام ئازاری سەری کەم بوەوە، بەڵام بۆ ڕۆژی دوایی کەڕۆژی ھەینی بوو کەچوە دەرەوە ئەوەنەی پێ نەچوو ھاتەوە ووتی سەرم زۆر ئازاری ھەیە، وردە وردە تاکەشی بەرز ئەبوەوە، ووتم بۆ ناچی فەحسێک بکەی ووتی خۆم ئەزانم ھەموو پایزێک پەتای وەرزی ئەگرم ھەر ئەوەیە ھیچی تر نیە، بۆ ٢٦ و ٢٧ ی مانگ تاکەی بەرزتر بوەوە بەڵام بەردەوام پاراسیتۆڵی ئەخوارد لەماوەی ئەو دوو ڕۆژەیا خوشکو براو خوشکەزاکانم سەردانیان کردین، ھەموو بەسەرە ئەیانشێلا تاوەکو تۆزێ ئازاری سەرو شان و ملی کەم بێتەوە.
چەند جارێکی تر لێم دوبارە کردەوە کە بچێت فەحسی کۆرۆنا بکات بەڵام بەقسەی نەکردم ھەتا ڕۆژی ٢٨/ ٩ منیش ھەموو گیانم یایە ئازار ئازارێک کە یەکەم جار بوو ھەستی پێ بکەم نەمەتوانی بەپێوە خۆم ڕابگرم، دەستبەجێ چووم فەحسم کرد، دوای بیستو چوار سەعات ئەنجامەکەیم بۆ ھاتەوە بە کورتە نامەیەک لەمۆبایلەکەم، کە ئەنجامەکەیم پیشان دا ئینجا قەناعەتی کرد کە ئەوەی ئەویش کۆرۆنایەو بۆ ڕۆژی دوایی واتا ٣٠/٩ چوو پشکنینی کرد، زۆرم پێ ووت کەپشکنینی خوێن و ئەشیعەی سنگیشی بگرێت بەڵام کەھاتەوە ھەر فەحسی ئاسایی کردبوو کە بەقوڕگ و لووت ئەکرێت، ئەنجامی فەحسەکەی ئەو دوای دوو ڕۆژ ھاتەوە کە بەچاوی خۆی ئەنجامەکەی بینی ئینجا قەناعەتی کرد کە کۆرۆنایە. لە ٣٠ی مانگەوە خۆمان کەرەنتین کردوو شاکۆم نارد بۆ لای خوشکەکانم لەبەر ئەوەی ئەویش ھەڵگری ڤایرۆسەکە بوو ھەموویانی تووش کرد.
سەرەتا ھەستی بەھیچ ھەناسە توندیەک نەئەکرد بۆیە وای ئەزانی بەسوکی گرتویەتی تەنھا ڤیتامینات و پاراسیتۆڵی ئەخوارد، بەڵام تاکەی تا دەھات بەرزتر ئەبوو، دووی مانگ دووبارە فشارم لێ کرد کە فەحسی خوێن بکات بەڵام بەقسەی نەکردم، بڕوای زۆر بەڕێنمایی دکتۆر ھەبوو بۆیە ووتی تلفۆن بۆ دکتۆر ھێرش سەید سەلیم ئەکەم با ئەو ڕێنمایمان بکات چی بکەین ئەو شارەزایی پەیا کردوە لەسەر کۆرۆنا، مۆبایلەکەی خۆی داخستبوو بە مۆبایلەکەی من نامەیەکی بۆ دکتۆر ھێرش نارد لەبەر ئەوەی ژمارەکەی منی نەئەناسی پاشان تلفۆنی بۆ کرد دوای چەن تەلەفۆنێک وەڵامی دایەوە ووتی ئەم ژمارەیە ئەدەم بە دکتۆرێکی تر ئەویش ھێرشی ناوە بائەو ڕێنمایتان بکات، ھەر چاوەڕێ بووین تاوەکو ڕۆژی دواییش کەس تەلەفۆنی بۆ نەکردین، ڕەنگە ئەگەر دکتۆر ھێرش پێی بوتایە بچێتە خەستەخانەو فەحسی خوێن و ئەشیعەی سنگی بگرێت وەزعەکە بەتەواوی ئەگۆڕاو وای لێ نەئەھات.
ڕۆژی دوایی وەزعی زۆر خراپ بوو بەردەوام بەسەھۆڵ تاکەیم خاو ئەکردەوە ، لەتاوا تەلەفۆنم بۆ دکتۆر ئەمیر کرد، دکتۆر ئەمیر ھاوڕێی مناڵی بوو ئەو ژمارەی تەلەفۆنی تیمە تەندروستیە گەڕۆکەکانی بۆ پەیاکردین، تەلەفۆنم بۆ کردن بۆ ئێوارە ھاتنە ماڵەوە فەحسی خوێنیان بۆ کرد کە ئەنجامەکەی ھاتەوە ئیلتیھابەکەی زۆر بەرز بوو ھەر بە ڤایبەر ئەنجامەکەم نارد بۆ دکتۆر تەھا مەحوی و ئەو عیلاجی بۆ نووسی .
ئەو چەند ڕۆژەی لەماڵەوە بوین تیمەکە ڕۆژی دوو جار ئەھاتن عیلاجیان ئەیایە، ھەتا ڕۆژی پێنجی مانگ واتا ٥/١٠ ھەستم کرد ھەناسەی بەزەحمەت بۆ ئەدرێ کە ئۆکسجینەکەیم پێوا دووسێ دەرەجە دابەزیبوو بۆیە یەکسەر تەلەفۆنم بۆ دکتۆر تەھا کرد، ووتم دکتۆر بەقسەی من ناکات تەلەفۆنەکە ئەیەمە دەستی بەڵکو پێی بڵێی بێت لەگەڵم بچین ئەشیعەی سنگی بگرێت، کە دکتۆر تەھا پێی ووت قەناعەتی کرد، خۆمان گۆڕی و بردم بۆ خەستەخانەی FMC، لەوێ ئەشیعەی گرت بەڵام بێتاقەت بوو نەیتوانی چاوەڕێی ئەنجامەکەی بکات ھێنامەوە ماڵەوەو دوای نیو سەعات تەلەفۆنم بۆ دکتۆر ئەمیر کرد ووتی بەپەلە بیخەرە ژێر ئۆکسجینەوە لەسەدا ھەشتای سیەکانی گرتویەتی بەڵام بەخۆی مەڵێ، منیش یەکسەر تەلەفۆنم بۆ بەرھەمی یانەی شاری خێزانی کرد ئەو پێشتر زۆر بەخراپی کۆرۆنای گرتبوو، لەماوەی نیو سەعاتا دوو بتڵ ئۆکسجینی بۆ ھێنا و دکتۆرێکیشی لەگەڵ خۆیا ھێنا، ئۆکسجینیان بۆ داناو بەجێیان ھێشت.
ھێشتا ئەوان لەوێ بوون کاک فاروقی مەلا موستەفا تەلەفۆنی بۆ کردم ووتی پێی بڵێ ئیسعافی بۆ ئەنێرم بابێتە خەستەخانە باشترە بەڵام ڕازی نەبوو ووتی ناچم.
لەنیوەشەوا کەخەوی لێ کەوت ئۆکسجینەکەی بەرەو دابەزین ڕۆشت زۆر ترسام لەجیھازەکەشم نەئەزانی زۆر، بەپەلە تەلەفۆنم بۆ بەرھەم و دکتۆرەکە کردەوە ھاتن ئۆکسجینەکەیان بۆ زیا کردوو تۆزێ مەساجیان بۆ کرد ھەتا ڕۆژبۆوە، خۆی زانی کەوەزعی بەرەو خراپی ئەڕوات بۆیە ووتی بمبەنە خەستەخانە، ئەوەبوو تەلەفۆنم بۆ ئیسعاف کردو بردمانە خەستەخانەی FMC.
٦/١٠بوو چووینە خەستەخانە، پێم وابێت لەقاتی چوار بوو ژورێکیان داینێ و خستیانە ژێر ئۆکسجینەوەو دکتۆر ھادی ھات دەرمانی بۆ نوسی و پلازمای یەکێکیان بۆ ھێناین بیرم نەماوە ناوی چی بوو، ووتی ھەوڵ بدە بیدۆزیتەوە بۆ ئەوەی سوپاسی بکەیت، ناوەکەشیم لای خۆم تۆمار کرد بەڵام دواترلەلام نەما، ئەو دوو ڕۆژە ھەستم کرد تۆزێ بەرەو باشی ئەڕوات لەگەڵ دەرمانە تازەکانا.
من خۆشم بێتاقەت بووم، ڕاستە بەقورسی نەمگرتبوو بەس پێویستم بە ئیسراحەت بوو پێویستم بەخەو بوو بەڵام لەبەر ئەو نەمەتوانی بۆ پێنج دەقەش چاو داخەم، زوو زوو تەئکیدی لێ ئەکردمەوە کەبەجێی نەھێڵم بەھیچ شێوەیەک، شەوان تاکو بەیانی چاوم لەسەر جیھازی ئۆکسجینەکە بوو، چاوم ئەوەندە ھیلاک بوو تاوەکو نەچومایەتە بەردەمی جیھازەکە بۆم نەئەخوێنرایەوە.
شەش و حەوت و ھەشتی مانگ باش بوو، بەڵام نۆی مانگ بێتاقەت بوو لەبەر ئەوەی خەوی لێ نەئەکەوت، شەوی نۆ لەسەر دە بەدکتۆر ھادی ووت ئەمەوێ بنووم بەڵام خەوم لێناکەوێت، ئەویش حەبێکی خەوی یایەو بەجێی ھێشتین سەعات ١١حەبەکەی یایە سەعات یانزەوچارەک ئۆکسجینەکەی دابەزی بۆ ٦٠ بەپەلە خەبەرم کردەوەو دەستم کرد بە مەساج کردنی بەڵام ھەر بەرز نەئەبۆوە ، تەلەفۆنم بۆ دکتۆر دیار کرد ئەوکاتە بەڕێوبەری خەستەخانەکە بوو بەپەلە بردیانە ژوری بوژانەوە خستیانە ژێر سێپاپەوە، نەیانھێشت من بچمە ژورەوە لەگەڵیا ووتیان مەمنوعە، گەڕامەوە ژورەکەی کەتیای بووین زۆر بێتاقەت بووم لەقەلقیا جێم بەخۆم نەئەگرت دوای تۆزێ فەیس بوکم کردوە یەکسەر پۆستەکەی ئارام ئەحمەدم بینی کە نوسیبووی :
"دڵم پڕ لەدەردو کوڵ، ئەڵێم بێم بەرەو شارەکەت....بڕیار بێت ئەگەر ئەمجارە ھەستیتەوە شارێک ھەتیو نەکەیت، بەدەنگی بەرزو بەکامی دڵ گۆرانیەک بڵێم، ھەستەوە پیاوی جوان بەھەواڵت سەدان ھەزار کەس نیوە گیان بووە" .
کە ئەو پۆستەم بینی دەستم کرد بەگریان و تەلەفۆنم بۆ کرد ووتم کاک ئارام توخوا ئەو پۆستە لابەرە.
کەڕۆژ بوەوە چومە خوارە لەدەرگاکەوە سەیرم کرد ھێشتا ھەر لەژێر سێپاپا بوو، چاوەڕێم کرد ھەتا ھۆشیان ھێنایەوەو چومە ژورەوە بۆ لای ووتی زۆر بێتاقەتم دەنگی ئەو جیھازانە کاسی کردوم ، پرسیاری سەعاتی کرد ووتی ڕۆژ بۆتەوە ووتم بەڵێ، پاشان پرسیاری کرد کێ تەلەفۆنی کردوە بۆ ھەواڵ پرسین ، ناوی کۆمەڵێکی زۆر برادەرم پێ ووت کە نەمتوانیوە وەڵامی ھەمویان بدەمەوە، لەناویانا ناوی دوانیانی ووت کە ھەردووکیان بەرپرسن لەناو بزوتنەوەی گۆڕان وتی سەیرە بەلامەوە ھەواڵم ئەپرسن زۆر پەستم لێیان گۆڕان لەسەر دەستی ئەو دوانە وێران بوو، ووتم گرنگ ئەوەیە تۆ ھەستیتەوە ئەوانە ھیچی گرنگ نین، (لەوپەڕی نەخۆشی و بێتاقەتیشدا نیگەرانی دۆخی گۆڕان بوو، نیگەران بوو لەوانەی بزوتنەوەی گۆڕانیان بەم دەردەی ئێستای بردووە)دواتر پرسیاری کردو ووتی ھیچی تازە رووی نەیاوە ووتم نەو، ووتی کەواتە بڵاوبوەتەوە کەتووشی کۆرۆنا بووم بەو تەلەفۆنانەی کە بۆیان کردویت، وتم بەڵێ لەفەیسبوکیش زۆر کەس پۆستی کردوە، ووتی ھەمویم لە لای خۆت سەیڤ کە بۆ ئەوەی دوایی بیانخوێنمەوە، دوبارە ووتی مێشکم کاس بووە بەدەنگی ئەو جیھازانە زۆر بێتاقەتم، وتم ئەچم ئیزن لەبەڕێوبەری خەستەخانەکە وەرەگرم و ئایپادێکت بۆ ئەھێنم گوێ لە گۆرانی بگرە، پێش ئەوەی جێی بھێڵم وێنەیەکی سێڵڤیم لەگەڵ گرت کە ئەو دوا وێنە بوو پێکەوە گرتمان، پێشم ووت کەچاک بوویتەوەو گەڕاینەوە ماڵەوە ووتارێک ئەنوسم بەناونیشانی "گەڕانەوە بۆ ژیان" .
ھەر ئەو ڕۆژە چوم ئایپادێکم بۆ کڕی و ھەموو ئەو گۆرانیانەی کە حەزی لێیەتی بۆم خستە سەری و بۆم برد، داوای کرد کە لەلای بمێنمەوەو بەجێی نەھێڵم بەڵام ووتیان مەمنوعە لەبەر ئەوەی ژوری بوژانەوەیەو لەدکتۆرەکان زیاتر کەس بۆی نیە بمێنێتەوە، بۆیە ھەر لەبەردەمی دەرگاکەو لەساڵۆنەکانا ئەمامەوەو بە دووسێ سەعات جارێک سەرم لێ ئەیا ھەتا یانزەی مانگ ڕەزامەندی بەڕێوبەری خەستەخانەکەم وەرگرت کە لەلای بمێنمەوە، شەوەکەی چومە ژورەوە دکتۆرێکی بەنجی لێ بوو بەناوی دکتۆر سۆران، ووتی ئێستا بێھۆشم کردوە وا زوو ھۆشی نایەتەوە بچۆ ئیسراحەتێک بکەو وەرەوە.
ماوەیەکی زۆر بوو شاکۆم نەبینیبوو زۆرم بیرەکرد بەفرسەتم زانی چوم سەرێکم لە شاکۆ یاو دکتۆر سۆران تەلەفۆنی بۆ کردم ووتی ئەیەوێ قسەت لەگەڵ بکا تەلەفۆنەکەی لێ وەرگرت ووتی وەرە ئەمەوێ قسە بکەین، ووتم باشە ھەر ئێستا یەم دکتۆر سۆران تەلەفۆنەکەی لێ وەرگرت ووتی بەچەن ئەگەیتە ئێرە ووتم نیو سەعاتم ئەوێ لەبەر ئەوەی لەقولەرەیسیم بەڵام شەوەو جادە چۆڵە ھەوڵ ئەیەم زووتر بگەم، ووتی بڕوا ناکەم فریا بکەویت لەبەر ئەوەی دە دەقەی تر ئەیخەمەوە ژێر سێپاپ ئۆکسجینەکەی بەرەو دابەزین ئەڕوات، تەلەفۆنەکەم داخست وھەر ڕۆشتم بەڵام فریای نەکەوتم .
بۆ ڕۆژی دوایی کە ١٢/١٠بوو کەھۆشیان ھێنایەوە چومە لایەوە زۆر بێتاقەت بوو خواردنیان بۆ ھێنا ویستم بیەمێ ووتی ناخۆم ئاوم بەرێ، ئاوم یایە ووتم وەزعت چۆنە ووتی "باش نیم، ھەرچەنە منەتم بەمردن نیە بەڵام حەزناکەم جارێ بەجێتان بھێڵم" ئەو قسانە شۆکی کردم نەمزانی چۆن دڵی بەمەوە ، نەمزانی ئەوە دوا وتەکانیەتی کەئەیڵێت دەستیم گرت و ووتم ئەوە باسی چی ئەکەیت مردنی چی ھەر ھەفتەیەکی ترەو ھەڵەستیتەوە، سەرێکم ھەڵبڕی سەیری جیھازەکەم کرد ئۆکسجینەکەی زۆر بەسەریعی دائەبەزی، دکتۆرەکان ھاتن و پاڵیان خست و سێپاپەکەیان خستە سەر دەمی بۆ دواجار چاوی ھەڵبڕی و سەیرێکی کردم وەک بڵێت تەواو ئیتر ئومێدم نەماوە بژیم، بەڵام من نەمەویست ئەوە لەچاوەکانی بخوێنمەوە، ئەمویست بەزۆر بڕوا بەخۆم بھێنم کە ئەوپەڕی دەڕۆژی ترەو چاک ئەبێتەوە.
کەبێھۆشیان کرد لەبەرامبەری لەسەر کورسیەک دانیشتم و بیرم لەکۆتا قسەی ئەکردەوە "منەتم بەمردن نیە" ئەو قسەیە ھەموو کەسێک ناتوانێت بیکات بەتایبەت لەکاتێکدا مەرگ لەدامێنی بێت، ئەو قسەیە قسەی مرۆڤە خۆڕاگرو بەھێزەکانە، ئەوە قسەی پیاوێکە سەختی و ھەورازو نشوییەکانی ژیان ڕۆژێ لەڕۆژان چۆکیان پێ دانەیاوە، قسەی پیاوێکە ویژادنی ئاسودەیە بەرامبەر بەنیشتمان و گەل و خێزان و کەسوکارو ھاورێکانی، بەرامبەر بەو رێکخراوە سیاسیانەی کە بەوپەری دڵسۆزی و خۆنەویستیەوە خزمەتی تیاکردووە، قسەی پیاوێکە کە ھەموو ئەو نەھامەتیانەی بەسەری ھاتوە تێکی نەشکاندوەو گەورەتر بوە لەھەموو کێشەکان، قسەی پیاوێکە ئەو مێژووەی تیایا ژیاوەو ئەو پرۆسانەی تێی پەڕاندوە مانا ڕاستەقینەکەی ژیانی لەلا یەکاڵا کردۆتەوە....
ماوەیەک مامەوە لەلای و چومە خوارەوە ئیسراحەتێک بکەم، لەپڕ تەلەفۆنیان بۆ کردم وتیان وەرە سەرەوە ئەمانەوێ قسەت لەگەڵ بکەین، کە چوم ووتیان ئۆکسجینی بەرەو دابەزین ئەڕوات ئەبێ سۆندە لەناو دەمیەوە بەرین بۆ سیکانی ئەگەر ڕازین بۆمان ئیمزا بکە، منیش دوای پرس و ڕا بەچەند دکتۆرێک وتیان تاکە چارەسەر ھەر ئەوەیە وئەبێ بەزوترین کات بۆی ئەنجام بەن، ئەوە بوو لەدەوروبەری عەسر بوو بە بەنجی عام سۆندەیان بۆ داناو بەتەواوی خەوانیان، بەڵام ھەموو بەیانیەک ڕێژەی بەنجەکەیان بۆ کەم ئەکردەوە بۆ ئەوەی تۆزێک مێشکی بەئاگا بێت و لەکار نەکەوێت، ئەوە بوو ھەموو بەیانیەک ئەچووم دەستیم ئەگرت و قسەم لەگەڵ ئەکرد بۆ چەند دەقەیەک، ھەستم ئەکرد کەگوێی لێمەو دەستی توند ئەگرتم ھەندێ ڕۆژ ئەیویست چاوی بکاتەوە بەڵام ھەر زوو بەنجەکەیان بۆ زیا ئەکردەوە، لەبەر ئەوەی کە سەری ئەجوڵاند قوڕگی عەزێتی پێ ئەگەیشت، زۆربەی ڕۆژیش گۆرانی (ئەسفەھانی) موعینی ئەسفەھانیم بۆ ئەخستە سەر مۆبایلەکەوبەکزی لەلای سەریەوە دامەنا.
لەو ڕۆژەوەی کە بێھۆشیان کرد ھەموو ڕۆژێک بەڤایبەر نامەیەکی دورو درێژم بۆ ئەنوسی و باسی ئەو ڕۆژەم بۆ ئەکرد، بۆمەنووسی کەچەند بیری ئەکەم و چەن حەزەکەم گوێم لەدەنگی بێت.
لە ١٢/١٠بۆ ٢٨/١٠ سۆندەی ئۆکسجینەکە لەناو قوڕگیا بوو واتا شانزە ڕۆژ، خوشکی ھاوڕێیەکم لەسوید بەھەمان شێوە توشی کۆرۆنا بوو ئەویش لەدەمییەوە سۆندەیان بردبوە ناو سییەکانی بەڵام بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ، ڕۆژی یانزەمین قوڕگیان بۆ کون کردبوو ووتبویان لەوە زیاتر بمێنێتەوە کاریگەری خراپی ئەبێت، دوای ئەوەی قوڕگیان کون کردبوو ھۆشیان ھێنابۆوەو سوپاس بۆ خوا پاش ماوەیەک چاک ببوەوە، ھەرچەندە ماوەی دوو ساڵ بەو شێوەیە مایەوەو دووسێ نەشتەرگەرییان بۆ کرد، بەڵام ئێستا تەندروستی زۆر باشە.
لەدوای ھەشت ڕۆژ لە دانانی سۆندەکە، وەزعی بەرەو باشی ڕۆشت لەو ماوەیەیا کاک نەوزادی نوری بەگ لەگەڵ چەند برادەرێک ھەوڵیاندا لەخەستەخانەیەکی ئەڵمانیا جێگەی بۆ دابین بکەن و بەفڕۆکەی تایبەت بیگوێزینەوە بۆ ئەوێ، بەڵام کاک فاروق پەشیمانی کردینەوە ووتی وەزعی بەرەو باشی ئەڕوات و ھەفتەیەکی تر نابات ھەڵەستێتەوە.
لەو ماوەیەیا دکتۆر ھەڤاڵ، کە دکتۆری بەنج بوولەخەستەخانەی FMC ئەو سەرپەرشتی ئەکرد، کاک فاروقیش بەردەوام تەلەفۆنی بۆ دکتۆرەکان ئەکرد و تەئکیدی لێ ئەکردنەوە کە ئاگایان لێی بێت بەحوکمی ئەوەی ھاوڕێی یەکتر بوون و ڕێزی تایبەتی ھەبوو لای کاک فاروق، لەبەر ئەوەی زانیاریم ھەبوو لەسەر ئەو حاڵەتەی کە پێشتر باسم کرد، گەیشتە دەیەمین ڕۆژ لە دکتۆر ھەڤاڵم پرسی کەی قوڕگی بۆ کون ئەکەن و ھۆشی ئەھێننەوە، ووتی جارێ نایکەین وەزعی بەرەو باشی ئەڕوات ڕەنگە نەیەوێت، ووتم بەڵام ئەوەنەی من بزانم و بیستبێتم ئەڵێن نابێ لە دە دوانزە ڕۆژ تێپەڕ بکات، ووتی ئاخر قوڕگ کون کردنەکەش ئاسان نیە لەوانەیە تاماوە پێوە بناڵێنێ.
دڵم بەقسەکانی خۆش نەبوو، بەمن بوایە ئەو ڕۆژە ھەموو دکتۆرەکانم کۆئەکردەوەو پێم ئەکردن و ھۆشم ئەھێنایەوە، زۆر جار بیر ئەکەمەوە نازانم بڵێم کەم تەرخەم بوون یان زانیاریان کەم بوو یان گرنگ نەبوو بەلایانەوە، نازانم کامیان بوو؟ چونکە بۆ ڕۆژی ٢٦/١٠کە چواردەھەمین ڕۆژ بوو، وەزعی بەرەو خراپی ڕۆیشت بەھۆی سۆندەکەوە ناودەمی و قوڕگی ھەمووی بوو بە فتریات و ئیلتیھابەکەی زیای کردوو ئۆکسجینی دابەزی، ئینجا بڕیاریان دا کە قوڕگی کون بکەن بەڵام زۆر لەسەرخۆ بڕیاریان لەسەر داو، دوای دوو ڕۆژ نەشتەرگەریەکەیان بۆ کرد بەبیانوی ئەوەی دکتۆرێکی باشیان لەدەرەوەی خەستەخانە ھەڵبژاردوە نەشتەرگەریەکەی بۆ بکات، بەڵام دوانیوەڕۆی ڕۆژی٢٨/١٠بۆی ئەکرێت بێت بۆی ئەنجام بات لەبەر ئەوەی نەشتەرگەری تری ھەیە، ئەو دوو ڕۆژە من لەسەر ئەعساب ئەژیام ڕجاو تکای دنیام کرد پەلەی تیا بکەن بەڵام بێ سوود بوو، لەوکاتەیا ھەستم کرد چەن بێکەسە، نەمەزانی پەنا بۆ کێ بەرم و چی بکەم، بەھەرچیەکیشم ئەوت ئەیانوت دکتۆرەکانی خۆی شارەزاترن و ئیشی خۆیانەو ناتوانین تەداخول بکەین.
بەناچاری وەستاین تا دوانیوەڕۆی ٢٨ ی مانگ دکتۆر عیماد کەشارەزابوو لەو بوارە نەشتەرگەریەکەی بۆ کرد، دوای نەشتەرگەریەکە نەیانھێشت بچمە ژورەوە بۆ لای ووتیان ماوەیەکی ئەوێت تا بەنج بەری ئەیات، لای ئێوارە چومە ژورەوە کە بینیم نەھێزی ڕۆشتنم ما نەقسەکردن، لەبەر ئەوەی ھەرکە بینیم زانیم لەکاتی نەشتەرگەریەکە جەڵدە لێی یاوە، زانیم کەئەگەر بمێنێ نابێتەوە بە پیاوەکەی جاران و ڕەنگە ئەگەر بمایە ھەتا مردن لەسەر کورسی بوایە، خۆم بۆ نەگیرا و ڕۆشتمە دەرەوە، ئەو شەوە تا بەیانی گریام، بەڵام لای کەسیش باسم نەکرد و ووتم جارێ ھۆشیان نەھێناوەتەوە، ھەر واش بوو لەبەر ئەوەی کە بەنجەکەیان بۆ کەم ئەکردەوە ئۆکسجینی دائەبەزی ، بۆیە بەردەوام لەژێر ڕێژەیەکی کەمی بەنجا بوو.
لە دوای ٢٨ ی مانگەوە من بەسەر دنیاوە نەبووم بەڵام نەمەویست بڕوا بەخۆم بھێنم کە ناژی. لە ماوەی ئەو دوو ھەفتەیەیا پەنام بۆ ھەموو شتێ برد، چوار قورئانم لە کاکە دارای جەریدەفڕۆش کڕی و چووم خستمە مزگەوتەوە چوم بۆ مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ و حاجی مەلا عەلی و حاجی عەلی بەگی باوکی و ھاوارم کرد لەسەر کورسیش بێت بەس خوا بمانناتەوە، ڕۆژی سێ چوار جار سەر سنگی و قاچ و دەستیم بە زەیتی زەیتون ئەشێلا، نەسرین خانی خوشکی پێی ووتم ھەموو جارێ کەدایکمان پارەی بۆ ئەکرد بەخێر پارەکەی لەدەوری سەری ئەگێڕا ئینجا ئەیکرد بەخێر، منیش ھەموو ڕۆژێ چەنم پێ بوایە لەدەوری سەریم ئەگێڕاو ئەچومە دەرەوە ئەمکرد بەخێر، کراسی ھەتیوم کرد بەخێر، دوو حەیوانم نارد بۆ خانەی مناڵانی بێ سەرپەرشتان، بەڵام ڕۆژ بەڕۆژ خراپتر ئەبوو.
شەش ڕۆژ پێش کۆچ کردنی پێم وابێ پێنجی مانگ بوو چووم بۆ لای دکتۆر ئەنوەر شێخە لە خەستەخانەکەی خۆی و داوام لێکرد سەردانی بکات، بۆ ڕۆژی دوایی ھات لەنزیکەوە بینی و سەیری فایلەکەی کرد، کەسەیری دەموچاویم کرد ھیچ ئومێدێکم تیا نەئەبینی، کەچی مێشکم تەقەبولی نەئەکرد کە ئەمرێ، نەمەویست نە بڕوا بەدکتۆرەکان بکەم نە بەجیھازی ئۆکسجینەکە کەڕۆژ بەڕۆژ بەرەو دابەزین ئەڕۆیشت، ھەرچەندە پێشتر ھەستم ئەکرد کەشتێک ڕوو ئەیات بەڵام قەد تەسەوری مەرگی ئەوم نەئەکرد، تەسەوری مردنی خۆمم ئەکرد بەڵام ھی ئەو نا.
دوومانگ پێش ئەوەی نەخۆش بکەوێت ڕۆژێکیان پێم ووت ھەستەکەم شتێک ڕوو ئەیات و شتێکم لێ بەسەر یەت ژیانی تۆ ئەگۆڕێت، ئەم قسەیەم لای زۆر کەس لە کەسە نزیکاکانم کردو تەنانەت وامەزانی خۆم شتێکم لێ دێت، بۆیە وەسێتم بۆ ئەویش و بۆ چەن کەسێکی نزیکیشم کرد کەئێستا لەژیانان و شاھیدی ئەو قشەیەمن کە پێم ووت ئەگەر ھەرچیەکم لێ ھات ئاگات لەشاکۆ بێت، ووتی خوا نەکات ئیشەڵا تۆ ھیچت لێ نایەت مەرگی من پێش مەرگی تۆ ئەبێت تۆ ئەمێنیت و شاکۆش گەورە ئەکەیت مناڵ بەبێ باوک ھەتیوو نابێت بەبێ دایک ھەتیوو ئەبێت، ئەگەر من بمرم دوای ھەفتەیەک منی بیر نامێنێ، دڵم پڕ بوو ووتم خوا نەکات ئیشەڵا تۆش ھیچت لێ نایەت.
لەو ماوەیەی کە لە کۆمایابوو، لەھاوڕێکانی کاک مولازم عومەر بینی ٢٠/١٠ھات بۆ خەستەخانە ووتی حەزەکەم چاوم پێی بکەوێت، خۆزگە ھەر نەیبینیایە چونکە زۆر بێتاقەت بوو بەبینینی بەدڵ و چاوی پڕ لەگریانەوە ھاتە دەرەوە، لەدوای ئەوەو دوای کۆچکردنی ، کاک عومەر بۆ ماوەیەکی زۆر نەیتوانی لەماڵەوە بێتە دەرەوەو مەرگی ھاوڕێ و ھاوخەباتە دێرینەکەی نەخۆشی خست.
قسەیەک ھەیە لەمناڵیمەوە ئەمبیست کە ئەڵێ مرۆڤ ئەو ڕۆژەی لەدایک ئەبێت ڕۆژی مردنیشی بۆ ئەنوسرێت، پێشتر ئەو قسەیەم بەشێوازێکی تر لێک ئەیایەوە ھەتا ئەم ساڵانەی دوایی بەتەواوی بڕوام پێ ھێنا کە ئەوەی ڕۆژی مردنمان دیاری ئەکات نھێنی ژمارەکانە، کە ڕەنگە لەم نامیلکەیەیا دەرفەتی باس کردنی نەبێت، بەڵام من لەگەڵ ئەوەی ھەتا دوا ھەناسەشی بڕوام نەئەکرد کە بمرێ، لە دوو ڕێکەوت زۆر ئەترسام و پێشتر ئەموت ئەگەر ئەو دوو ڕۆژە تێپەڕێنێت ئەوا ئەمێنێت، ئەویش ١/١١و١٠/١١ بوو ئەوی یەکەمیانی تێپەڕاند بەڵام شەوی ٩لەسەر١٠ ئەمزانی کە بۆ بەیانی تەواو ئەبێت، ئەو شەوە نەیانھێشت بەدیاریەوە بم لە ژورەوە دکتۆرەکان و نێرسەکان شکاتیان کردبوو ووتبیان تەداخولی ئیشمان ئەکات.
ڕاستیان ئەکرد ھەنێ شت ڕوی ئەیا من خۆمم بۆ نەئەگیرا بۆ نمونە، ڕۆژی دوو جار جلەکانی و جێگەکەیان ئەگۆڕی ھەموو گۆڕینێک پشتیەکەیان لەژێر سەری لا ئەبرد و ئەیانخستە سەرلا، بەمەش ئۆکسجینەکەی لە حەفتاوە دائەبەزی بۆ پەنجاو چل و ھەتا چوار پێنج سەعات دوای ئەوە بەرز نەئەبۆوە، ئەوە زۆر توڕەی ئەکردم ھەتا گەیشتە ئەو ڕادەیەی ووتم نابێت بیگۆڕن، بۆیە ئەو شەوە نەیانھێشت بمێنمەوە چومە خوارەوە کەسوکار ھەموو لەوێ بوون چاوەڕێیان ئەکرد من ھەستم و بڕۆمەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش بڕۆن بۆیە لەبەر چاوی ئەوان ھاتمە دەرەوە تاچۆڵیان کرد ئینجا گەڕامەوە، تابان خانی خێزانی حاجی بەکری برای زانی ئەمێنمەوە ئەویش گەڕایەوە لەگەڵ شیلانی خوشکەزای لەساڵۆنەکەی خوارەوە ماینەوە.
ئەو شەوە بارانێکی زۆر بەخوڕ باری، ئاسمان ئەتوت کون بوە، ھەتا بەیانی دووسێ جار چومە سەرەوە لەدەرگاکەوە سەیری جیھازەکانم ئەکر جار بەجار ئۆکسجینی دائەبەزی ، سەعات شەش خۆمم بۆ نەگیرا چومە ژورەوە بۆ لای بە نێرسەکەم ووت ئەزانم کە تەواو ئەبێت ئەمەوێ ڕیشی بۆ بتاشم، پێشتریش ھەر بە دوو سێ ڕۆژ جارێک ڕیشم بۆ ئەتاشی، تاقمی ڕیش تاشینەکەی خۆیم دەرھێناو مۆبایلەکەشم خستە سەر گۆرانیەکەی موعین و بەگریان و فرمێسکێکی بەخوڕەوە دەستم کرد بەتاشینی ڕیشی، حەزمەکرد زەمەن لەویایا بوەستێت و ھەموو گەردوون کۆتایی بێت، حەزمەکرد منیش لەگەڵ ئەوا دڵم لەلێیان بوەستێت، نەمەویست کاتەکە تێپەڕێت و بڕوات چونکە ئەمزانی چ خەمێک چاوەڕێم ئەکات، ئەمزانی ڕۆشتنی لەو بارودۆخە ناھەموارەدا چی کەلێنێکی گەورە دروست ئەکات کەھیچ کەسێک ناتوانێ شوێنی خاڵیی ئەو پڕ بکاتەوە.
بوو بە سەعات دەوری حەوت تەلەفۆنم بۆ کاک عوسمانی حاجی مەحمود کرد و پێم ووت خەریکە تەواو ئەبێت، بوو بە حەوت و نیو ھیچ کام لەدکتۆرەکان دیار نەبوون تەنھا دکتۆری خەفەری لێ بوو ئەویش ڕۆشت و یەک نێرسی لێ مابۆوە، بۆیە بەگریانەوە تەلەفۆنم بۆ کاک فاروق کرد ووتم قایەری حاجی عەلی لەسەرەمەرگایەو یەک کەس بەسەرسەریەوە نیە، لەدوای ئەوە ئینجا دکتۆرەکان گەیشتنە سەری.
لەسەعات ھەشت و چارەک وردە وردە ئۆکسجینەکەی دابەزی بۆ بیست و پانزەو دە تاوەکو بوو بە سفر بەڵام دڵی لەلێدان نەئەکەوت لە ھەشت و نیوا دڵی وەستا بەڵام بوژانەوەی دڵیان بۆ کرد بۆ ماوەی دە دەقەیەک، لەدوای ئەوە ئیعلانیان کرد کە نەماوە، بەجێم نەھێشت ھەتا جیھازەکانیان لێکردەوە، چومەوە نزیکی و بۆ دواجار باوەشم پیاکردو ئینجا بەجێم ھێشت و بەرەو ڕووی خەمێک ڕۆشتم ئەونە قوڵ بوو نەسەری دیار بوو نەبنی، ئەمویست یەکێک ڕامچڵەکێنێ و بڵێ ئەمە خەوە ھەستە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەو شەش ساڵەی کەھاوسەری بووم بوە خەوێک و یادگارییەکی جوان و بێ وێنە.
ئەو ڕۆژە ھێشتیانەوە لەخەستەخانەو بۆ ڕۆژی دوایی بەڕێوڕەسمێکی تایبەت وکەتیایا چەند ووتارێکی تیا خوێندرایەوە بەئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر لەگردی ئابڵاخ بەخاکمان سپارد، ئەو کاتەی کەخستیانە ناو گۆڕەکەیەوە باوەڕم بەچاوەکانی خۆم نەئەکرد ھەستمەکرد لاشەی یەکێکی ترە ئەیخەنە ژێر ئەو خاکەوە.
زۆر کەس بەمردنی بەداخ بوون، ئەیانزانی مردنی ئەو کەلێنێکی گەورەی سیاسی لە ناوچەکە دروست ئەکات، چونکە کەسایەتی و کاریزماو مێژووی ئەو جیاواز بوو، ھەندێ کەسایەتی ھەیە مەحاڵە دووبارە ببنەوە، نەیارەکانیشی شاگەشکە بوون چونکە ئەیانزانی مانەوەی و داکۆکی کردنە سەرسەختانەکەی لەماف و ئازادی و ژیانێکی شایستەو دادوەرانە بۆ خەڵک، زەرەرە بۆبەرژەوەندیەکانیان.
چەند ڕۆژی یەکەمی پرسەکەی دەورم زۆر قەرەباڵغ بوو مەجالی بیرکردنەوەم نەبوو بەڵام کە شەو دائەھات یادگارییەکانم بیرەکەوتەوەو وەکو شێت بەماڵەکەیا ئەھاتم و ئەچوم.
ئەو قەمیس و پانتۆڵەی کەئەخیر جار لەبەری کرد چۆن ھەڵیواسیبوو لەژورەکەیا ھەتا ماوەیەکی زۆر دەسکاریم نەکرد، ھەموو شتەکانییم لەجێی خۆی دانابوو، دڵم نەئەھات دەستکاری ھیچی بکەم چونکە بەئێستاشەوە ھەستێکی سەیرم لا دروست بوە، وا ھەست ئەکەم لەسەفەرەو ڕۆژێک لەڕۆژان یەتەوە. مێشکم تەقەبولی نەئەکرد کە نەماوە لەبەر ئەوەی ئەو زۆر شتی گەورەی تێپەڕاندبوو لەژیانیا، چەندەھا جار لە لێواری مەرگ گەڕابوەوە، کەچی زۆر بەئاسانی کۆرۆنا زەفەری پێ برد بێ ئەوەی ھیچ نەخۆشییەکی ھەبێت.
خەمەکە ئەوەنە گەورە بوو بەھیچ شتێ سەبوری دڵم نەئەھات، شەوان تەنھا دوو سەعاتێک ئەنوستم، یەکسەر ئەھاتە خەوم بەتایبەتی دووسێ مانگی یەکەم، ھەموو شەوێک خەوم پێوە ئەبینی، ناخۆشترین چرکە ساتیش بەئێستاشەوە ئەو چرکە ساتەیە کە بەیانیان خەبەرم ئەبێتەوە سەر لەنوێ خەمەکە خۆی تازە ئەکاتەوە، بەیانیان کەھەڵەستاین لەخەو لەبەر ئەوەی ئەو دوای من ھەڵەستا ئەو سەرجێگاو چەرچەفەکەی چاک ئەکرد، لەیەکەم ڕۆژی مردنیەوە ھەموو بەیانیەک یەکەم شت ئەوەم بیرەکەوێتەوە.
وام لێ ھاتبوو کە خەڵکم ئەبینی بەجلی ڕەنگاوڕەنگەوە لام سەیر بوو، لام سەیر بوو کەخەڵکم ئەبینی پێ ئەکەنین و دڵیان خۆش بوو، ڕۆژ بەڕۆژ خەمەکە زیاتر ئەبوو ھەستم ئەکرد بەتێپەڕینی کات زیاتر دورەکەومەوە لێی، لەوە ئەترسام یادگارییەکانی کاڵ ببنەوە لەلام، ڕۆژانە بەسەعات و دوو سەعات سەیری وێنەکانیم ئەکرد، نامەکانیم دوبارەو سێبارە ئەخوێنەوەو گوێم لەدەنگی ئەگرت.
دوای چل ڕۆژ ھەر لەسەر ئارامگەکەی چلەیەکی بچوکمان بۆ ڕێکخست، لەبەر ئەوەی نەخۆشی کۆرۆنا لەو ماوەیەدا بەرەو زیاد بوون ئەچوو نەمانتوانی ڕێوڕەسمی گەورەی بۆ بکەین، بۆیە بڕیارماندا لەمانگی سێ و لەڕۆژی لەدایک بوونیدا کە ١/٣ بوو یادی بکەینەوە.
ئەوەبوو بەھاوکاری ھاوڕێ و دۆست و دڵسۆزانی و بەسەرپەرشتی کاک عوسمانی حاجی مەحمود و کاک نەوزادی نوری بەگ لەمەراسیمێکدا لەتەلاری ھونەر یادمان کردەوە.
ھەتا ماوەی ساڵێک جلەکانی لەکەنتۆرەکەیا بوون دڵم نەئەھات دەسکاریان بکەم، شوشەی بۆنەکەی زۆر کەمی تیا مابوو، چوم دانەیەکی ترم کڕی و ھەموو ڕۆژێک ئەمکرد بەژورەکەیا بۆئەوەی بەردەوام بۆنی ئەوی لێبێت، ھەتا وام لێ ھاتبوو ئەچومە ھەر شوێنێک کەپێشتر پێکەوە بۆی چوبین بۆنی ئەوم ئەکرد.
ماوەی چەند مانگێک دوای کۆچی کەھەرخۆم بەتەنیا بچومایەتە دەرەوە لەئوتومبیلەکەیا بەدەم گریانەوە گوێم لە گۆرانی پایزی عەدنان کەریم ئەگرت کەھۆنراوەی محەمەد عومەر بوو، ھەموو جارێ ئەیوت ھۆنراوەیەکی زۆر خۆش و غەمگینە عەدنان کەریمیش زۆر خۆشی ووتوە، نەیەزانی خۆشی لەپایزا لەگەڵ گەڵا وەرینا کۆچ ئەکات.
پێشتر کە شەوان پێکەوە ئەچوینە دەرەوە ئەیوت با بەئوتومبیلەکە پیاسەیەکی سەھۆڵەکەو شەقامی مەولەوی و بەردەمی مزگەوتی گەورە بکەین، ھەموو جارێ کە ئەگەیشتینە لای سەھۆڵەکە ئەیوت خۆزگە ڕۆژێک بەپێ تێر پیاسەم بەم جادەیەیا بکردایەو تۆزێ لەگەڵ ئەو گەنجانە دانیشتمایە، ئێستاش کەبەویا ئەڕۆم قسەکەیم بیرەکەوێتەوە، ھەموو شەقامەکانی شار پڕن لەیادگاری و بۆنی ئەو.
لەدوای کۆچ کردنی ھەتا ماوەیەکی زۆر دانەکانم نەشت، لەبەر ئەوەی پێشترھەموو شەوێک بەیەکەوە دانمان ئەشت، ھەندێک شەو ئەچوو بەدزی منەوە دانی ئەشت و ئەھات دائەنیشت ئەیوت بۆئەوەی بەزۆر خواردنم نەیەیتێ، گرنگی زۆر ئەیا بەدانی ھەموو ساڵێک ئەچوو پاکی ئەکردەوەو ھیچ شەوێکیش بەبێ دان شتن و پاککردنەوەی نەئەنوست، شەوێکیان لەدوای کۆچکردنی پێش نوستن فڵچەکەیم دەرھێناو گرتم بەدەستێکمەوە بەفڵچەکەی خۆشم بەگریانەوە دەستم کرد بەشتنی دانم. لەدوای ئەوەوە ھەموو شەوێک بەھەناسیەکی قوڵ و ساردەوە دەستم بۆ فڵچەی دانەکەم ئەبرد ھەتا شاکۆم فێری دان شتن کرد، ئێستاھەموو شەوێک لەگەڵ شاکۆیا پێکەوە دانمان ئەشۆین.
دوو ساڵی زۆر سەختم بەڕێ کرد، بەتایبەتی ساڵی یەکەم ، ھەموو یەکەم بۆنەکان لەدوای ئەو زۆر قورس بوو، یەکەم سەری ساڵی تازە، یەکەم جەژنی ڕەمەزان و قوربان یەکەم نەورۆز ھەر زۆر قورس بوو، لەبەر ئەوەی نەورۆزەکانی پێشوو یادگاری زۆر تایبەتمان ھەبوو پێکەوە، یەکەم ڕۆژی لەدایک بوونی خۆم لەگەڵ یەکەم ڕۆژی لەدایک بوونی ئەو، یەکەم ڕۆژی ھاوسەرگیریمان، ھەموو شتەکان یەکەم جاریان دڵێک و غیرەتێکی ئەویست تەحەمولی بکات، یەکەم بازاڕ کە کردم دوای ئەو قورسترین ڕۆژ بوو لەلام لەبەر ئەوەی بێ ئەوەی بەخۆم بزانم دەستم دایە ئەو شتانەی کەپێشتر بۆم ئەکڕی و خستمە سەبەتەکەمەوە دوایی کەبەخۆمم زانی دامنانەوە، یەک دووجار ئەمویست ھەر وەکو جاران دەست بەمە مۆبایلەکەو تەلەفۆنی بۆ بکەم بزانم چی ئەوێت.
تا ماوەیەکی زۆریش نامەم بۆ ئەنارد و بۆمە نووسی کەلەدوای ئەو ژیان چەن بێ مانا بوە، بەردەوام وێنەی شاکۆم ئەگرت و بۆمەنارد ھەروەکو جاران، ھەتاکو ساڵێکیش دەوروبەری نیوەڕۆ چاوەڕێی تەلەفۆنیم ئەکرد ھەروەکو جاران بڵێ بەڕێوەم بۆ ماڵەوە ھیچت ناوێ بیھێنم لەگەڵ خۆم.
ھەتا ئێستاش دەستکاری تەلەفۆنەکەیم نەکردوە ھەروەک خۆی ھێشتومەتەوە، ئێستاش بەردەوام وێنەو ڤیدێۆی بۆ ئەنێرم، یادگاریەکی زۆر شیرینە لەلام ھەر بۆیە ئوتومبیلەکەمم بۆ فڕۆشت و ڕەقەمەکەیم کڕییەوەو کردم بەناوی خۆمەوە. زۆربەی وێنەکانیم گەورە کردوو ھەڵمواسین، ھەموو سوچێکی ماڵەکە یادگاری بوو، ھەموو ڕۆژێ بیرم لەڕوداوەکانی ئەو ڕۆژە ئەکردەوە لەساڵی پێشترا، بەھۆی وێنەو ڤیدیۆکانی شاکۆوە ئەمزانی پار ئەو کاتە چی ڕوی داوەو چۆن ڕۆژەکەمان بەڕێ کردبوو.
پێشتر من مەرگی دایکم و باوکمم بینیبوو، مەرگی دایک و باوکیش بەسوێیە، بەتایبەتی دایک، کەھەتا چل ڕۆژ ھەموو ڕۆژێک پێش ئەوەی بچومایە بۆ دەوام ئەچومە سەرگۆڕەکەی بۆئەوی تۆزێ سوکنایی بەدڵما بێت، بەڵام مەرگی ئەم جیاواز بوو، چونکە بەتەنھا ھاوسەر نەبوو بۆمن، باوک و براو ھاوڕێ بوو، پێش ئەوەی ھاوسەرگیری بکەین بەرپرسم بوو لەناو بزوتنەوەی گۆڕان و لەناو یەکێتیشدا، زۆر قورسە کاتێک ھەندێ باس و خواز و قسەکردنێک لەنێوان دوو کەسدا ھەبێت بەتەنھا خۆیان لێی تێ بگەن و لەپڕ یەکێکێکیان نەمێنێ ھەموو باس و خوازو قسە تەواو نەکراوەکان و نھێنیە ھاوبەشەکانی نێوانیشیان ئەمرێ لەگەڵیا، بۆیە ئەوەی ئەمێنێتەوە ھەموو شتەکان تیایا ئەمرێت و مانای ژیان بەتەواوی گۆڕانی بەسەردا دێت.
سەرەتا ڕۆژانی ھەینی ئەچوومە سەر ئارامگەکەی، بەڵام دواتر کردم بەئێوارەی پێنج شەمان لەبەر ئەوەی حەزم نەئەکرد بەیانیان شاکۆ بەجێبێڵم بەخەوتویی.
ھەموو پێنج شەمەیەک چەپکێ گوڵم ئەبردو ئارامگەکەیم ئەشت.
لەماوەی ئەو ساڵەیا زۆر کەس ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان ئاشکرا کرد، بۆیە منیش زۆربەیانم لەژیانم کردە دەرەوە، ھەموو ڕۆژێکیش ئاواتم ئەخواست کە بۆ پێنج دەقەش بێت زیندوو ببوایەتەوەو ئەویش ئەو ڕووە ڕاستەقینانەی ببینیایە.
لەدوای ساڵێک سەفەرم کرد بۆ سوید لەبەر ئەوەی باری تەندروستی شاکۆ زۆر باش نەبوو، کە گەیشتمە ئەوێش دووبارە خەمەکەم تازە بۆوە، بێجگە لەو کێشانەی کە بەرەوڕووم ھات کەلێرەیا جێگەی باس کردنی نیە.
زۆربەی شوێنەکانی ئەوێش یادگاری بوون ڕێگەو بانەکان و ناو بازاڕوو ئەو شوێنەی تیا ئەژیام یادگاریەکی خەماوی بوون ھەموو ڕۆژێ لەگەڵیانا ئەژیام، زۆربەی ڕۆژ بەشوێن پێکانیا ئەڕۆشتم و ئەکەوتمە بیرکردنەوە، بیرکردنەوە لەم ژیانە بێ مانایە کەلەپڕو لەچرکە ساتێکا مردن یەت و ئازیزانت لێ ئەسەنێت و نایانبینیتەوە بۆ ئەبەد.
ئێستا لەدوای دووساڵ لەخەم و نەھامەتی و ئازار، ئەمەوێ وردە وردە لەبەر خاتری شاکۆ پێکەوە بگەڕێینەوە بۆ ژیان، ئەمەوێ باری خەمم وردە وردە سوک بکەم بۆ ئەوەی بتوانم جێگەی ھەموو کەسێک بۆ شاکۆ بگرمەوە، جێگەی باوک و براو خوشک و ھەموو کەسێک، بتوانم بەشێوەیەک گەورەی بکەم کە ھەموو سیفاتە جوانەکانی باوکی تیا بەرجەستە بێت.
ئاسودەو سەربەرزم کە شەش ساڵی پڕ لەخۆشیمان بەسەربرد پێکەوە، شانازی بەوەوە ئەکەم ماوەی شەش ساڵ ھاوسەری بووم بێ ئەوەی کەسمان دڵی یەکترمان شکاندبێ، ئەو شەش ساڵەی دوایی تەمەنی گەشابوەوە، ھەموو جارێک ئەیوت ئێستا ئەزانم ژیان مانای چیە، بیرچونەوەی مەحاڵە، یادو یادگارییەکانی و ھەموو ھەڵسوکەوت و قسەکردن و ڕەفتارێکی بەردەوام لەبیرەوەریمایەو بووەتە نەخشە رێگا بۆ ھەموو ژیانم.
|
زیاتر...