سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
ڕاپۆرت

٣١ی ئاب (خیانەت) بوو یان (دفع الافسد بالفاسد) بوو؟!

زێد نیوز:

٣١ی ئاب لە کتێبەکانی کاک مەسعود و مام جەلالەوە...

ئامادەکردن: ساڵح قادر

٣١ی ئاب، ئەو رۆژەی کە بەلای یەکێتییەکانەوە "خیانەتە"، بەڵام پارتییەکان بە وەڵامدانەوەی ھێنانی ئێران بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگەی پارتی دایدەنێن، دوای ئەوەش ناوەندی بڕیاری ھەرێمی کوردستان، کە شاری ھەولێرە، کەوتەوە دەست پارتی.
کاک مەسعود بارزانی، لە بەرگی پێنجەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد) باس لەوە دەکات، کە ٣١ی ئاب چۆن روویدا و بۆچی روویدا، دەرەنجامەکەشی چی بوو؟
بە ھەمانشێوە مام جەلال تاڵەبانیش لە کتێبی دیداری تەمەندا کە "ھەڤپەیڤین"ێکی درێژی سڵاح رەشیدە لەگەڵی، باسی ئەو رووداوە دەکات، کە ھێڵێکی کێشا بە نێوان ئەو دوو حیزبەدا و سەرەڕای رێککەوتن و ئاشتبوونەوەیان، تاوەکو ئێستا ھێڵەکە کاڵ نەبووەتەوە..
ھاتنی سەرۆکی موخابەراتی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان
بارزانی دەڵێت: "دوای ئەوەی دەرکەوت ئێران راستەوخۆ ھاتووەتە نێو شەڕەکەوە، سەددام، مانع عەبد رەشید، بەڕێوەبەری موخابەراتی ناردە کوردستان و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ یارمەتیدانی پارتی دژی دەستێوەردانەکانی ئێران".
وەک بارزانی دەیگێڕێتەوە داوای ژمارەیەک تۆپی ١٣٠ی ملم و کاتیۆشا ١٠٧ و ١٢٢ ملمی بە ستافەوە لێکردووە، چونکە کاتی راھێنانیان نییە، بەڵام دواتر وەڵامیان بۆ پارتی ناردووەتەوە کە ئامادەن ھەولێر "رزگار" بکەن. بارزانی دەڵێت: "بەھیچ شێوەیەک بیرم لەوە نەدەکردەوە کە بەم شێوەیە جیددی بن لە کارەکەیاندا".
دوای گەیشتنی پەیامەکەی سەددام، سەرکردایەتیی پارتی کۆدەبێتەوە و بە گوتەی بارزانی، بەبێ ھیچ دوو دڵییەک داواکەیان پەسند کردووە. بارزانی دەڵێت: "دوای ئەو داواکارییە گۆڕانکارییەکی تەواو بەسەر ھەموو پلانەکانماندا ھات".
بەر لە ٣١ی ئاب، ھێرشەکانی یەکێتی بۆ سەر پارتی لە میحوەری باڵەکایەتی و سیدەکان زیاتر ببوون، خەریکبوو تەنگیان بە پارتی ھەڵدەچنی. بەپێی گێڕانەوەکانی بارزانی لەو شەڕەدا ئێران بە تۆپخانەکانی یارمەتی یەکێتی دەدا.
بارزانی دەڵێت: "تاوەکو دەھات بەشداری ئێران لەو شەڕەدا فراوانتر دەبوو، بە جۆرێک لە ٢٠ی ئابی ١٩٩٦ لە بەرەی قەسرێ و مامەڕووت تۆپخانەکانی ئێران، سەنگەرەکانی پێشمەرگەی پارتییان بەشێوەیەک بۆردوومان کرد، کە لەو میحوەرەدا نزیکەی ھەزار پێشمەرگە بە ناچاری پەرت و بڵاو بوون، باشترین پێشمەرگەکانی پارتی، کە لە سوپای بارزان و سوپای کەرکووک پێکدەھاتن، لەو میحوەرە بوون، ١٤٠ شەھید و ٤٠٠ بریندار ھەبوون... نیمچە داڕووخانێک بەسەر ھێزەکانماندا ھات".
"پلانە جەھەننەم"ییەکەی یەکێتی و ئێران
بارزانی باسی شەڕێکی دیکەیان لەگەڵ یەکێتی دەکات لە میحوەری سیدەکان و دەڵێت لەوکاتەی خەریکی دانانی ھێڵێکی بەرگریی بوون لە میحوەری باڵەکایەتی "لەوکاتەدا پلانی جەھەننەمی و ھاوبەشەکەی یەکێتی و ئێران دەستیپێکرد".
پیلانەکەش وەک بارزانی باسی دەکات: "ھێزێکی بەرچاوی یەکێتی بە سەرپەرشتی شێردڵ حەوێزی و محەممەد عەلی قەرەچەتانی، بە ھاوکاری و یارمەتی ئێران لە قەڵادزێوە بە رێگەی سەردەشت دا گواسترانەوە شنۆ و کێلەشین، دواتر یەکێتی لە بەرزاییەکانی کێلەشینەوە دابەزین بۆ ناوچەی سیدەکان".
لەبارەی ئەنجامی شەڕەکەش، بارزانی دەڵێت لەو ھێرشەدا ھێزەکانی یەکێتی تێکشکێندران، یەکێتی لەو شەڕەدا زیانی زۆریان پێگەیشت، قادر بەگ و چەند سەرۆک جاشێکی دیکە کوژران و، فەرماندەی یەکێتی بەناوی محەممەد عەلی قەرەچەتانیش کە سەرپەرشتی مەیدانی شەڕەکەی دەکرد، لە نێو کوژراوەکاندا بوو.
بارزانی باس لەوە دەکات دوای ئەوەی سەردانی باڵەکایەتی کرد و پلانی بەرگریی بۆ میحوەرەکە دانا، گەڕایەوە مەسیف، لە کۆبوونەوەیەکی فراوان دا لەگەڵ فەرماندە و بەرپرسە سەربازییەکانی میحوەری ھەولێر – شەقڵاوە، باسی پلانی "رزگارکردن"ی شاری ھەولێری بۆ کردن. بارزانی دەڵێت: "ھەواڵەکە وەک مژدەیەکی گەورە بوو و خۆشحاڵییەکی زۆر ھەموویانی گرتەوە".
پلانی شەڕەکە و ھێرشکردنە سەر شاری ھەولێر
بەپێی گێڕانەوەی بارزانی پلانی ھێرشکردنە سەر ھەولێر بەو جۆرە بووە: سوپای عێراق لە میحوەری دێگەڵە بە تۆپخانە پاڵپشتی پێشمەرگەکانی پارتی بکات، ھێزێکی عێراق لە رێگەی پردێ و ھێزێکی دیکەش لە رێگەی خەباتەوە بەرەو دەروازەکانی ھەولێر جووڵە بکەن.
بەرەبەیانی رۆژی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکە کرا. بارزانی دەڵێت: "بۆ نیوەڕۆ یەکێتی بەرگری پێنەکرا و بە تەواوی داڕووخا، کۆسرەت رەسوڵ کە لە ناو شاری ھەولێر بوو بە زەحمەت دەربازی بوو و بەرەو بێستانە رۆیشت".
بارزانی دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر لە ھێزەکانی یەکێتی خۆیان رادەستی پێشمەرگەکانی پارتی کرد و ژمارەیەکیشیان خۆیان رادەستی ھێزەکانی عێراق کرد، لەوانەش ئاسۆ ئەڵمانی.
ھێرشەکەی پارتی و سوپای عێراق بۆ سەر شاری ھەولێر ھێندە کتوپڕ بوو، تەنانەت ھەندێک بەرپرسی یەکێتی فریای جێھێشتنی شاری ھەولێریش نەکەوتن، لەوانە فوئاد مەعسووم، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەلایەن پارتییەوە گیرا. بارزانی دەڵێت: "رێگەمان نەدا بەھیچ شێوەیەک بێ رێزی لەگەڵ دا بکرێت و ئازاد کرا و گەڕایەوە لای ھەڤاڵانی".
ئەمریکا بەنیاز بووە بارەگای بارزانی بۆردوومان بکات
ھەرچەندە بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ھێزەکانی عێراق بۆیان نەبوو ھێڵی ٣٦ ببەزێنن، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە کردەوە کاردانەوەی بەرامبەر ھێرشەکەی سوپای عێراق بۆ سەر شاری ھەولێر نەبوو.
بارزانی باسی ھەڵوێستی ئەمریکا لە دوای ھێرشەکە دەکات و دەڵێت: "لە بەرامبەر ئەو رووداوانەدا ئەمریکا ھیچ کاردانەوەیەکی بەرچاوی نەبوو، تەنیا رۆژی ٣ی ئەیلولی ١٩٩٦ بە مووشەک چەند خاڵێکی لە شاری کوت کردە ئامانج، دواتر یەکێک لە دۆستەکانم ھەواڵی بۆ ناردم کە بارەگاکەم چۆڵ بکەم، چونکە ئەگەری بۆردوومانکردنی ھەیە لەلایەن ئەمریکاوە، بەڵام ھیچ رووینەدا، بەپێچەوانەوە ئەمریکا ھەر زوو دەستیکرد بە پەیوەندیکردن لەگەڵمان".
ھەڵوێستی ئەمریکا بەر لە ھێرشەکە
بەر لەوەی ھێرشی ھێزەکانی پارتی و سوپای پێشووی عێراق بۆ سەر شاری ھەولێر دەست پێبکات، شەوی ٣١ی ئاب رۆبەرت پیللترۆ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندی بە بارزانییەوە دەکات.
بارزانی لە کتێبەکەیدا ئاماژەی بە نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە داوە و دەڵێت: "پیللترۆ گوتی: بەپێی ئەو زانیاریانەی بۆمان ھاتوون جموجوڵ و جووڵەیەکی ناسروشتی لە ھەولێر بەدیدەکرێت. ئایا بابەتەکە بە چ شێوەیەکە و چییە؟".
بارزانی لە وەڵام دا بە بەرپرسە ئەمریکییەکەی گوتووە: "بەدڵنیاییەوە زانیاریتان لەسەر جموجۆڵەکانی باکوور و رۆژھەڵاتی ھەولێر ھەیە".
دواتر پیللترۆ لە بارزانی دەپرسێت: "ئایا ئەگەری دەستوەردانی عێراق ھەیە؟" بارزانیش لە وەڵام دا پێیدەڵێت: "کاتێک ئێران مافی ھەبێت دەست بخاتە ناو بابەتەکانەوە، بۆ عێراق ئەو مافەی نەبێت؟".
مەرجی سەددام بۆ ھاوکاریکردنی پارتی
بارزانی باس لەوە دەکات سەددام حوسێن بۆ ھاوکاریکردنی پارتی لە دەرکردنی یەکێتی لە ھەولێر، دوو مەرجی ھەبووە. یەکەم بارزانی نامەیەک بۆ سەددام حوسێن بنووسێت و بۆ رای گشتی روونبکرێتەوە کە ھاوکاریی عێراق لە بەرامبەر دەستوەردانەکانی ئێرانە لە شەڕەکەدا. بارزانی بە مەرجەکە رازی دەبێت و نامەکە بۆ سەددام دەنووسێت.
مەرجی دووەمیش ئەوە بووە، کە ھێزەکانی پارتی نەچنە نێو شاری سلێمانی، بەڵام ھێزەکانی پارتی پابەندی مەرجی دووەم نەبوون.
بارزانی دەڵێت: "حکومەتی عێراق لە چوونی پارتی بۆ نێو شاری سلێمانی زۆر دڵگران و خەمبار بوو، گوایە رێککەوتنەکەمان لەسەر ئەوە بوو کە نابێت ھێزەکانی پارتی بچنە نێو شاری سلێمانی. سەددام بڕوای نەدەکرد ھێزەکانی یەکێتی بەم جۆرە داڕووخابن، بەبێ ئەوەی ھێزەکانی پارتی ھێرش بکەن ئەوان سلێمانیان چۆڵ کردبوو".
ھەروەھا دەڵێت: "سەدام ئەوەشی باوەڕ نەکردبوو کە ھێزەکانی پارتی دوای ھەڵاتنی یەکێتی چوونەتە نێو شاری سلێمانی و تەنانەت فەرمانیان وەرنەگرتووە و بەبێ بڕیار چوونەتە ناو شارەکەوە".
ئێران و عێراق سنوور بۆ پارتی و یەکێتی دادەنێن
چوونی ھێزەکانی پارتی بۆ سلێمانی، رژێمی بەعس تووڕە دەکات، بۆیە سەددام حوسێن شاندێک دەنێرێتە ئێران
.
بارزانی دەڵێت: "رۆژی ١٠ی ئەیلوول سەددام دەستبەجێ (مانع)ی لە رێگەی قەسری شیرین و خانەقینەوە ناردە تاران، دوای ئەویش محەممەدی، جێگری ئیتڵاعات سەردانی بەغدای کرد، ھەردوولا لەسەر ئەوە رێککەوتن کە نابێت ھەموو کوردستان بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی پارتی".
بارزانی باس لەوە دەکات ھەر لە سەرەتاوە دیار بوو کە کار لەسەر پەرتەوازەکردن و تێکدانی یەکڕیزی کورد دەکرێت، ھەوڵێکی زۆریش بۆ قوڵترکردنی ناکۆکییەکان و تێکدانی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان کرا.
یەکێتی لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٦ بە ھاوکاری ئێران ھێرشی پێچەوانەی دەستپێکرد و توانی لە ھەڵەبجە و سلێمانی و پشدەر و بیتوێن تاوەکو نزیک دێگەڵە پاشەکشە بە ھێزەکانی پارتی بکات.
حیزبی بەعس ئامادە نەبوو لەگەڵ یەکێتی کۆببێتەوە
٣١ی ئاب، لە تۆماری یەکێتیدا ھەمیشە بە "خیانەت" ناوی دەھێنرێت، ھەرچی پارتییە بە رۆژی رزگارکردنی مەرگی خۆی دەزانێت. بارزانی لە کتێبەکەیدا بنەمایەکی فیقھی بۆ ئەو کارە دێنێتەوە و دەڵێت: "دفع الافسد بالفاسد".
لەسەر ٣١ی ئاب رەخنەی زۆر لە پارتی دەگیرێت، تائاستی سەرکۆنە و تەخوینکردن، بارزانی لە کتێبەیدا وەڵامی ئەو کەسانە دەداتەوە کە رەخنەی لێدەگرن و دەڵێت: "بەر لەوەی رەخنە لە پارتی بگرن، دەزانن یەکێتی لە ١٧ی ئابی ١٩٩٦ چی کرد؟ ھەر لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ سەددام چەندین جار ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ھاوکاریکردن و یارمەتیدانی کردەیی پارتی، ئێمە رەتمان کردەوە ھاوکارییان لێوەربگرین".
بارزانی ھەر لەو بارەیەوە دەڵێت: "کاتێک یەکێتی و ئێران لەسەر لەناوبردنی پارتی رێکدەکەون و ئێران بە ھێزێکی زۆرەوە دێتە کوردستان. ئەوە یەکێتی بووە بە مەبەستی گۆڕینی ھاوسەنگی ھێز و لەناوبردنی پارتی، ھێزی بێگانەی ھێناوەتە ناو شەڕەکەوە".
بارزانی باس لەوە دەکات، کە یەکێتی زۆر بە پەرۆش بووە پەیوەندی لەگەڵ سەددام حوسێن بەھێز بکات، بۆ ئەم مەبەستەش ھەوڵی زۆری دا، تەنانەت لەو سەروبەندەدا کۆسرەت رەسوڵ خزمێکی نزیکی عیززەت دووریشی بینیبوو، بەڵام حیزبی بەعس ئامادە نەبوو لەگەڵیان کۆببێتەوە.
بارزانی ٣١ی ئاب بە "بڕیارێکی دروست" دەزانێت و دەڵێت: "لە راستیدا بڕیارێکی زۆر راست و بەجێ و دروست بوو. دواتر بۆ ھەموو لایەک دەرکەوت پارتی لەسەر حەق بوو و ، لەپێناو بەرگری و مان و نەماندا ھەموو ھاوکێشەکانی بە تەواوی گۆڕی".
بارزانی ھەروەھا دەڵێت: "٣١ی ئاب لە راستیدا کردەوە و بەرنامەیەکی پێشوەختە نەبوو، بەڵکو کاردانەوەی ئەو شەڕە کاولکارییە بوو کە یەکێتی بە ھاوکاری و یارمەتی و حزووری راستەوخۆی ئێران لە دژی پارتی دەیکرد".
٣١ی ئاب لە زاری مام جەلالەوە
مام جەلال لە کتێبی دیداری تەمەندا، لە بارەی ٣١ ئابەوە، وەڵامی سەڵاح رەشید، ئامادەکاری کتێبەکە دەداتەوە و دەڵێت: "پارتی دەمێک بوو لەگەڵ عێراقدا پەیوەندی باشی سیاسی ھەبوو، بەداخەوە پارتی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی ھەموو شتێکی دەکرد، جارێک ئێرانیان ھێنایە سەرمان، جارێک سوپای تورکیا و جارێک سوپای عێراق. ئەوان دەڵێن پارتی وەسیلە نییە، بەڵکو ھەدەفە."
مام جەلال دەڵێت پارتی زۆر بەلایەوە گرنگ بوو ھەولێر بگرێت، بەڵام بە تەنیا نەیدەتوانی، بۆیە پەنای بۆ حکومەتی عێراق برد. تارق عەزیز لە کتێبەکەیدا باس دەکات: "داوای لێکردین و گوتی ھەولێر لە ژێر دەسەڵاتی ئێرانییەکاندایە و جەلال و ئێرانییەکان ھەوڵی لەناوبردنی من دەدەن، منیش داوای یارمەتی دەکەم."
بۆچی یەکێتی لە ھەولێر بەرگری نەکرد؟
ھێرشی سەر شاری ھەولێر بەرەبەیانی رۆژی ٣١ی ئاب دەستیپێکرد وھەمان رۆژ ھێزەکانی پارتی گەیشتنە نێو شاری ھەولێر.
مام جەلال دەڵێت: "پێش ئەوەی سوپای عێراق ھێرش بکات لەگەڵ ئەمریکییەکان قسەمان کرد و ئەوان بەڵێنیان دا و گوتیان: ئەگەر عێراق ھێرش بکات، ئەوا ئێمە لێیان دەدەین. ئێمە پێمانوابوو ئەگەر سوپای عێراق ھێرش بکات و ئەمریکا لێیان بدات، ئەوا ئێمە نەک ھەر دەیانشکێنین، بەڵکو دەچین چەکەکانیشیان کۆدەکەینەوە."
مام جەلال باس لەوە دەکات، کە ئەوان دڵنیا بوون سوپای عێراق ھێرشیان دەکاتە سەر، دڵنیاش بوون لە چ رۆژێک ھێرشەکە دەکات، بەڵام ھەر بە تەمای ئەمریکیییەکان بوون، بەرپەرچی ھێرشەکە بداتەوە. تەنانەت وایاندانابوو کاتێک ئەمریکا بە فڕۆکە لە سوپای عێراق دەدات، ئەوان ھێرش بکەنە سەر مەخموور و رزگاری بکەن.
مام جەلال دەڵێت: "تەنانەت رۆژێک بەر لە ھێرشەکەش قسەم لەگەڵ رۆبەرت پێلتڕۆ کرد، وەک نوێنەری ئەمریکا پێیگوتم: دڵنیابە ئێمە لێیان دەدەین و ئاگامان لێیانە."
مام جەلال نایشارێتەوە لەوەدا ھەڵە بوون، کە بڕوایان بە ئەمریکییەکان کردووە و دەڵێت: "نەدەبووایە ئێمە ئەوەندە خۆش باوەڕ بین."
بۆچی ئەمریکا بەڵێنەکەی شکاند؟
مام جەلال ئەمە بۆ سێ ھۆکار دەگەڕێنێتەوە:
یەکەم: سیمای ئیدارەی بیل کلنتن شەڕانی نەبوو، زیاتر خۆی لە سیاسەتی (ئیحتیوا) و تەمبێکردنی عێراقدا دەبینی.
دووەم: گوتیان شەڕی نێوان دوو ھێزی کوردییە، یەکێکیان دەعوەتی حکومەتی عێراقی کردووە.
سێیەم: تورکیا پێی خۆشبوو ھەولێر لە بن دەستی پارتی بێت، چونکە یەکێتی ھاوکاری پەکەکەی دەکرد، بۆیە نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا، رێگەی نەداوە ئەمریکییەکان بنکەی ئەنجەرلیک بەکاربھێنن.
ھاوکاری ئێران بۆ گەڕانەوەی یەکێتی
وەک مام جەلال لە کتێبی دیداری تەمەن باسی دەکات، کاتێک یەکێتی زانیان پارتی بە نیازە بە ھاوکاری سوپای عێراق ھێرشیان بکاتە سەر و ھەولێر بگرێت، لە رێگەی کۆسرەت رەسوڵەوە پەیوەندییان بە ئێرانییەکانەوە کردووە، ھەرچەندە ئێران بەڵێنی پێدابوون ھاوکاریان بکات، بەڵام بە گوتەی مام جەلال، ئێران بەڵێنەکەی نەبردە سەر.
بەپێی ئەوەی مام جەلال باسی دەکات، جگە لە ئەمریکییەکان، ئێرانییەکانیش بەنیازی بۆردوومانکردنی بارەگای بارزانی بوونە، مام جەلال دەڵێت: "وەکو بیستمان دوای ئەوەی عێراق ھەولێری داگیرکرد، ئاغای موحسین رەزایی دەستبەجێ بڕیاری دابوو بە مووشەک لە سەری رەش بدات، مووشەکەکانی تەوجیھـ کردبوو بۆ ئەوێ، دواتر سەرکردایەتی ئێران نەیانھێشتبوو ھێرشەکە بکرێت."
مام جەلال نکۆڵی لەوە ناکات کە ئێران یارمەتی دان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە و دەڵێت: "ئێرانییەکان پێیانگوتین ھەڵە بووین کە یەکەمجار ھاوکاریمان نەکردن، ئێستا لەسەرتان دەکەینەوە".
سەبارەت بە جۆری ھاوکارییەکانی ئێران بۆ یەکێتی، مام جەلال دەڵێت: "یارمەتییەکەیان بریتی بوو لەوەی چەکیان پێ فرۆشتین، پاسدار لەگەڵ ئێمە نەبوون، بەڵام بۆ رێنیشاندان و دانانی (خدعە) ھەندێک شارەزا ھاتن و یارمەتیان داین. ھەروەھا ھەندێک کاتیۆشایان داینێ."
زۆرجار دەگوترێ کە ١٠ ھەزار پاسداری ئێرانی ھاوکاری یەکێتیان کردووە بۆ گەڕانەوە، بەڵام تاڵەبانی ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "ھیچ پاسدارێک وەکو شەڕکەر لەگەڵمان نەبوو، چەند فەرماندەیەکی پاسدارمان لەگەڵ بوون بۆ پیلاندانان و نەخشەکێشان و ھێنانی کۆمەک و فیشەک لە دیوی ئێرانەوە."
یەکێتی بۆ ھەولێری نەگرتەوە؟
مام جەلال لە کتێبی دیداری تەمەن باس لەوە دەکات کە ھێزەکانی پارتیان تەفروتونا کردووە، دەیانتوانی بە ئاسانی ھەولێر و شەقڵاوەش بگرن، بەڵام لەلایەن ئەمریکا، عێراق و ئێرانەوە پێیانگوتراوە بوەستن.
تاڵەبانی دەڵێت: "ھێزێک بە سەرکردایەتی حەمەی حاجی مەحموود و مستەفای سەید قادر، لە ناوزنگەوە ھاتبوو، رانیە و کێوەڕەشیان رزگار کرد و بەرەو ھیران رۆیشتن، پلانیان وابوو لە ھیرانەوە بەرەو شەقڵاوە بچن، لەو کاتەدا تەداخولات دەستیپێکرد. یەکەم تەدەخول عێراق بوو، عێراق لە کفرییەوە نامەیەکیان بۆ جەبار فەرمان نارد، نووسیبوویان: بۆ جەبار فەرمان، ئاگادارتان دەکەینەوە، ئەگەر ئێوە بچنە ھەولێر لێتان دەدەین، جارێکی دیکە تەدەخول دەکەینەوە."
تاڵەبانی ھەروەھا دەڵێت: "لە ھەمانکاتدا ئەمریکییەکان تەلەفۆنیان بۆ کردم و تکایان کرد گوتیان: ئەگەر بچنە ھەولێر، ئەوکات عێراق تەدەخول دەکات، ئەوکاتە ئێمە ناچار دەبین بێدەنگ نەبین، ئێستا کاتی ھەڵبژاردنە و کلنتنی دۆستتان لە کاتی ھەڵبژاردن دایە، ئەو کارە ئیحراجی دەبێت بۆ ئەو. لە ھەمانکاتدا ئێرانییەکانیش گوتیان: لەو سنوورە تێمەپەڕن.”



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2022-08-31
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]