سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
ڕاپۆرت

حەشدی شەعبی..ھێزێک تێکەڵ بە سیاسەت و بازرگانی و ناکۆکی سیاسی

زێد نیوز:

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٨ ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا، کە بە فتوای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق بۆ روبەڕوبوونەوەی داعش دروستکرا، ھێشتا مشتومڕەکان لەبارەی سروشتی کاری حەشدی شەعبی و ئەرکەکانی لەنێوان ھێزە چەکدارەکانی عێراقدا و تێکەڵبوونی سەرکردەکانی بە سیاسەت، بەردەوامن.

حەشدی شەعبی کە لە ناوەڕاستی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ بە فتوای سیستانی بۆ روبەڕوبوونەوەی داعش پێکھێنرا، بەقسەی یاسر عیساوی، یاریدەدەری سەرۆکی ئەرکانی حەشد، ژمارەی چەکدارانی ھێزەکانیان گەیشتۆتە ١٦٩ ھەزارو ٧٠٠ چەکدار.

لە تشرینی دوەمی ساڵی ٢٠١٦، پەرلەمانی عێراق یاسای حەشدی شەعبی پەسەندکرد کە بەپێی یاساکە دەبێتە ھێزێکی یاسایی بۆ پاڵپشتی لە سوپای عێراق لەنێو سیستمی سەربازیی عێراقیدا.

ئەمساڵ لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی حەشدی شەعبیدا، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لەزاری یاریدەدەرەکەیەوە جارێکی دیکە تیشکی خستەوە سەر مشتومڕەکان لەبارەی حەشدی شەعبییەوە کە زۆربەی گروپەکانی بەلای ئێراندا کەوتون و داوای کرد، ناوی حەشد تێکەڵ بە سیاسەت و بازرگانی و ناکۆکییەکان سیاسییەکان نەکرێت و پاکبکرێتەوە لە خراپەکاران.

لەپاڵ ئەوەشدا میلیشیاکانی نێو حەشد، لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە تۆمەتباردەکرێن بەوەی دەستیان ھەیە لە سەرکەوتکردنی خۆپیشاندانەکانی تشرین و ھەروەھا کوشتن و ئەشکەنجەدانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشوی داعش بە تۆمەتی پەیوەندییان بەو رێکخراوەوە  بەبێ ئەوەی پەیوەندییان ساغ کرابێتەوە.

فالح فەیاز، سەرۆکی حەشدی شەعبی لە وەڵامی یاریدەدەرەکەی سەدردا رایگەیاند، حەشد بەشێک نییە لە ناکۆکییە سیاسییەکان و ئامڕازێکیش نەبوە بۆ سەرکوتکاری و سەپاندنی دەسەڵات.

ناکۆکییەکانی نێو حەشدی شەعبی، لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی سوپای پاسداران و ئەبو مەھدی موھەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریکاوە، دەرکەوتن.

دیارترین ناکۆکییەکانی نێوان حەشدی عەتەبات و سەرۆکایەتی حەشدی شەعبی کە نزیکن لە ئێرانەوە پێکدێن لە: جیاکاری لەنێوان گروپەکانی حەشد و پشتیوانی زیاتر گروپەکانی نزیک لە ئێران لەلایەن سەرۆکایەتی حەشدی شەعبییەوە لەگەڵ بەشداریی سەرکردەی گروپەکانی نزیک لە ئێران لە سیاسەت و چالاکی دارایی و بازرگانی و بەشداریکردنیان لە شەڕی سوریادا.

حەشدی شەعبی، وێڕای ئیمتیازی "شەھیدان و کەمئەندامان"، پشکێکی زۆریشی لە بودجەی گشتی عێراق بەردەکەوێت بەشێوەیەک کە لە بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢١ی عێراقدا، زیاتر لە دو ملیار دۆلاری بۆ تەرخانکرا. ئەوەش وێڕای چەسپاندنی گەڕاندنەوەی موچەی ٣٠ ھەزار کارمەندی حەشد لە بودجەی ئەو ساڵەدا کە بە "گرێبەست ھەڵوەشاوەکان" ناودەبرێن و دواتریش لە یاسای پشتیوانی ئاسایشی خۆراکدا ھەمان بڕگە بە گوشاری لایەنەکانی نزیک لە ئێران، جێگیرکرایەوە.

فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، رایگەیاندوە لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا موچەی ئەو ٣٠ ھەزار کارمەندەی حەشدی شەعبی دەگەڕێنرێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە پێشمەرگە کە بەپێی دەستور بەشێکە لە سیستمی سەربازیی عێراق، چەندین ساڵە بێبەش دەکرێت لە بودجەو پاڵپشتی سەربازیی لەلایەن عێراقەوە. 



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2022-07-14
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]