سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
ڕاپۆرت

دیدارە (راشکاوەکە)ی مەسرور بارزانی لەگەڵ رۆژنامەنووسان کاردانەوەی لێکەوتەوە

زێد نیوز:

دیدارەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەرو نوێنەرانی دەزگاکانی راگەیاندن، کاردانەوەو مشتومڕی زۆری لەناو خەڵک و ناوەندە رۆژنامەوانییەکان بەدوای خۆیدا ھێناوە.

رەنگە ھۆکاری یەکەمی ئەو کاردانەوە زۆرە ئەوە بێت کە جیاواز لە دیدارەکانی پێشوی بەرپرسانی باڵای حکومەت لەگەڵ رۆژنامەنوسان کە دیداری داخراو بون، ئەمیان دیدارێک بو کە وەک خۆی بۆ خەڵک پەخشکرا، وێڕای ئەوەی دیدارێکی راشکاوانەش بو.

ئاسۆ حاجی، نوسەرو شرۆڤەکار، پێی وایە پەیامی دیدارەکە ئەوە بو کە "باشترین شوێن بۆ گەیاندنی رەخنەکانتان نوسینگەی سەرۆکی حکومەتەو باشترین گوێگریش بۆ رەخنەو گازندەکانتان سەرۆکی حکومەتە." بەپێچەوانەی ئەوەی کە ھەندێک وا بیریان دەکردەوە کە کابینەکەی مەسرور بارزانی کابینەیەکی داخراو دەبێ بەسەر رۆژنامەوانان و توند دەبێت بەرامبەر کاری رۆژنامەوانی و ئەگەری پاشەکشێکردنی ئازدییەکان بەھێزە.

ھەروەھا دڵشاد عەبدولڕەحمان، راوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی دیدارەکەوە نوسیویەتی"دەرکەوت، کێشەی بەشێک لەڕۆژنامەنوسان، پەراوێزخستنیانە لەلایەن دەسەڵاتەوەو بانگھێشتی کۆڕی بەزمی یاران ناکرێن."

رۆژنامەنوس دیار عەزیز دەڵێت: دیدارەکە بەتەواوی جێی دەستخۆشییەو ئەوەی من لە ھەمو دیدارەکە زیاتر پێی دڵخۆش بوم، ئەوەبو کە حکومەت خۆی تەواوی دیدارەکەو قسەکانی بە کەناڵەکان دا تاوەکو خەڵکی ھەمو قسەکان ببینن، تەنانەت ئەو رەخنانەشی کە ئاراستە کران ھیچی نەبڕدرابون.

ھەروەھا رۆژنامەنوس کاوە شێخ عەبدوڵا دەڵێت "دانیشتنەکەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و رۆژنامەنوسان و دواتر پەخشکردنی بێ لێبڕین. ڕوداوێکی باش بو...ئەوەی لە دورەوە دەیڵێین، ڕۆژنامەنوسەکانمان لە تەنیشتیاندا بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە وتیان. دەبێ تەیدی ئەمجۆرە گفتوگۆ ڕاشکاوانە بکەین."

رۆژنامەنوس رێبین فەتاح، وێڕای ئەوەی دیدارەکە بە روداوێکی گرنگ نازانێت بەڵام نوسیویەتی"ئەگەر بە تایبەت دەخرێتە ڕو، لەبەر ئەو دۆخە نائاسایی و ناسروشتییەیە لە پێوەندی نێوان میدیا و دەسەڵاتیی سیاسی ھەرێمدا ھەیە."

ھەروەھا ‌کوردستان ئەحمەد، رۆژنامەنوس پێی وایە "ئەوە یەکەمین کۆبونەوەی بێ پەردەو راستەوخۆی سەرۆک وەزیران و رۆژنامەنوسانی ھەرێمی کوردستان بو، کە راشکاوانەترین شێوازی گفتوگۆبو."

‌ئەژی کاروان، رۆژنامەنوس پێی وایە لەو دیدارەدا "بۆمان رون دەبێتەوە ئەو وێنەیەی کە ھەندێ رۆژنامەنوس بۆ مەسرور بارزانی و کابینەکەیان دروستکردبو، ھەمو سیحرەکەیان بەتاڵبوەوە."

ئاسۆ حاجی نوسەرو شرۆڤەکار پێیوایە "سودمەندی گەورەی ئەو دیدارە خەڵکی کوردستانە، چونکە بە دۆخی راستەقینەکەی میدیای کوردستان و کارنامە و دونیابینی حکومەت و سەرۆکەکەی ئاشناتر بون و وێنە گەورەکەیان بینی کە نە ئەوەی میدیای بلاوی دەکاتەوە ھەموی راستە، نە ئەوەی دەربارەی حکومەتیش دەگوترێ ھەموی راستە." 


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2022-06-25
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]