شیعەکان لە ھەنگاوی کشانەوەی سەدر تێناگەن و دەترسن بۆسە بێت
زێد نیوز:
موقتەدا سەدر، بە بڕیارە چاوەڕوننەکراوەکەی بۆ دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمان، رکابەرو نەیارە شیعەکانی لە عێراق تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە، وێڕای ئەوەی گۆڕەپانە سیاسیەکەی بۆ چۆڵ کردوون، بەڵام ئەوان ھێشتا ناوێرن ھیچ ھەنگاوێک بنێن، دەترسن ئەوەی سەدر کردویەتی بۆسە بێت و تێی بکەون.
رۆژێک دوای دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، چوارچێوەی ھەمانگی شیعەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، کۆبوونەوە، بەڵام بێ ھیچ بڕیارێکی نوێ لە کۆبونەوەکە ھاتنەدەرەوە.
بەگوێرەی قسەی بەشداربوویەکی نێو کۆبونەوەکە، بڕیارەکەی سەدر وێڕای ئەوەی ترسی لای سەرکردەکانی شیعە دروستکردوە، ھاوکات ناکۆکی توندیشی لەنێو چوارچێوەی ھەماھەنگی ھێناوەتە ئاراوە.
ئەحمەد کینانی، سیاسەتمەداری شیعەی ھاوپەیمانی ئێران لەوبارەیەوە دەڵێت "بڕیارەکەی سەدر توشی سەرسوڕمانی کردین، پێمانوایە سیناریۆیەکی خراپ چاوەڕێمان ئەکات ئەگەر ھەنگاو بۆ پێکھێنانی حکومەت بنێین."
وتوشیەتی"دەبێت زۆر بەوردی پێشھاتە چارەنوسسازەکانی ئەم دواییە بخوێنینەوە بەرلەوەی بڕیار لەبارەی ھەنگاوی داھاتو بدەین، چونکە پێکھێنانی حکومەت بەبێ سەدرییەکان، سەرکێشییەکی گەورە دەبێت، نامانەوێت بکەوینە بۆسەوە."
بەشێکی زۆری چاودێران پێیانوایە پێکھێنانی حکومەتی عێراق بەبێ سەدر "حکومەتێکی مردوی" لێدەکەوێتەوە.
بەگوێرەی قسەی چاودێران، سەرکردە شیعەکانی نزیک لە ئێران چاوەڕێ بون، لە کۆبونەوەی رۆژی چوارشەممەی نێوان سەدر و پەرلەمانتارە دەست لەکارکێشاوەکانی فراکسیۆنەکەی لە حەنانە لە جوڵەی داھاتوی سەدر تێبگەن، بەڵام لەو کۆبونەوەیەشدا سەدر، جگە لە کۆمەڵێک پەیامی نھێنی ئامێز، ئاماژەیەکی وای بۆ نەناردن کە دڵەڕاوکێکەیان بڕەوێنێتەوە.
سەدر لەگەڵ ئەوەی لەکۆبونەوەکەدا جەختی کردەوە کە پاشگەزنابێتەوە لە کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسی، داواشی لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکەی کرد لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن بۆ قۆناغێکی نوێ و وتیشی: ئەگەر گەندەڵکاران لە ھەڵبژاردنی داھاتوو بەشداری بکەن، ئێمە بەشداری ناکەین.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، لەکۆبونەوەی رۆژی پێنجشەممەدا سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی، ھێندەی تر ناکۆکییەکانی نێوانیان قوڵ بۆتەوە بەتایبەت لەنێوان مالکی لەلایەن و عامری و خەزعەلی لەلایەکی دی.
ھێشتا دیار نییە ھەنگاوی داھاتوی سەدر چی دەبێت، چوارچێوەی ھەماھەنگی لەوەدا داماون داخۆ ھەنگاوەکەی سەدر بۆ کشانەوە تاکتیکە یان بڕیاری کۆتاییە.
بەپێی سەرچاوەکان، کەسە نزیکەکانی سەدر خۆیشی نازانن ھەنگاوی داھاتووی ناوبراو چی دەبێت.
رۆژنامەی مەدای عێراقی بڵاوی کردۆتەوە، بەپێی دوایین زانیارییە دزەپێکراوەکان، سەدر پلانی کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی، ١٠ مانگ بەر لە ئێستادا داڕشتوە، واتە بەر لە ھەڵبژاردنەکان.
ئەو رۆژنامەیە لەزاری ناوەندە نزیکەکانی سەدرەوە بڵاویکردۆتەوە کە سەدر لە یەکێک لە کۆبونەوەکانی پێشودا وتویەتی، بەشداریکردنی لە ھەڵبژاردنەکەی مانگی ١٠ی ساڵی رابردودا، دوایین ئەزمونی دەبێت لەگەڵ حزبە شیعییەکان.
|
زیاتر...