سی پی جی: لە پێنجوێن ئەشکەنجەی ڕۆژنامەنووسێک دراوە و ژنەکەیان روتکردۆتەوە و وێنە و ڤیدیۆیان گرتووە
زێد نیوز:
کۆمیتەی پارێزگاریکردن لە ڕۆژنامەنووسان رایگەیاند "دەسەڵاتدارانی حکومەت لە کوردستانی عێراق پێویستە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانە بکەن کە بوونەتە هۆی ڕفاندن و ئەشکەنجەدانی ڕۆژنامەنووس عەدنان ڕەشیدی".
ئێوارەی 11ی ئاداری 2020، سێ تا پێنج کەسی نەناسراوی دەمامکدار هێرش دەکەنە سەر ماڵی ڕۆژنامەنوس عەدنان ڕەشیدی لە قەزای پێنجوێن و لێی دەدەن و ژنەکەیی و کچەکەشی دەستبەسەر دەکەن، ئەمەش بەگوێرەی ئەو نامەیەی کە ڕۆژنامەنووسەکە بۆ کۆمیتەی پارێزگاریکردن لە ڕۆژنامەنووسانی ناردووە.
عەدنان ڕەشیدی ڕۆژنامەنووسێکی بێلایەنی ئیرانییە و لە عێراق نیشتەجێیە و سەرنووسەرە لە ماڵپەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە کوردستان کە سایتەکە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاودەکاتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە لەڕێگەی ئەوەوە هەموو دۆکیۆمێنتەکانی تایبەت بە پیشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و سوریا و عێراق و ئێران دەگات بە کۆمیتەی پارێزگاریکردن لە رۆژنامەنووسان.
رێکخراوەکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات "داوا لەو ڕۆژنامەنووسە کراوە کار بۆ ئاسایشی سلێمانی بکات و پاشان گرتوویانە و بەدار لێیان داوە و دەست و قاچیان بەستۆتەوە و دەستیان شکاندووە و پاشان داوایان لێکردووە هەموو ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان و ئەو دۆکیۆمێنت و چالاکییانەی کە لەئێران تۆماری کردوون ڕادەستیان بکات".
لە راپۆرتی رێکخراوەکەدا هاتووە " عەدنان ڕەشیدی پاش ئەوەی بۆی دەردەکەوێ ژن و کچەکەیان گرتووە و وێنەی ژنەکەیان بە ڕوتی گرتووە ناچار دەبێ هەموو زانیارییەکانیان ڕادەست بکات".
لە 17ی ئاداری 2020دا، پۆلیسی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە وا دوو کەسی گومانلێکراویان لەو دۆسیەیە گرتووە.
(ئگناشیۆ مایکل دیگلادرۆ)، نوێنەری کۆمیتەی بەرگری لە ڕۆژنامەنووسانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و سەروی ئەفریقا رایگەیاند "ئەو پەلاماردانە وەحشییانەی کراوەتە سەر ڕۆژنامەنووس عەدنان ڕەشیدی جێی قبوڵ نییە و بەهەدەر ناچێ".
رێکخراوەکە داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کردووە لەئاست ئەم جۆرە کارانە بێدەنگ نەبن و نەیەڵن جارێکی تر لەم جۆرە کارانە دووبارە ببنەوە و کەسانی تاوانبار سزا بدرێن و بدرێنە دادگا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە کوردستان وێنەی ڕۆژنامەنووس عەدنان ڕەشیدیان پۆست کردووە کە شوێنەواری ئەشکەنجە و ئازاری پێوە دیارە و ئێستاش ناتوانێت بچێت بۆ لای پزیشک بەهۆی داخستنی ڕێگا و بانەکان و ڤایرۆسی کۆرۆناوە.
عەدنان ڕەشیدی ئاماژەی بەوە کردووە نەخۆشخانەکانی پێنجوێن هیچ ئامێرێکی وا پیشکەوتوویان نییە تا پشکنین بۆ کەلەسەری بکەن.
لەدرێژەی قسەکانی عەدنان وتویەتی "لە ئێران 8 ساڵ لە زیندان بووە، بەڵام ئەو ئازارەی لێرە چەشتوویەتی زۆر لەو ئازار و ئەشکەنجانە زیاتر بووە کە لەوڵاتی ئێران روبەڕوی بۆتەوە.
دانبەوەشدا دەنێ کە حکومەتی ئێران داوای لێکردووە گەر لەسەر ئەو کارانەی لەبابەت مافەکانی مرۆڤ بەردەوام بێت ئەوا روبەڕوی مەرگ دەبێتەوە.
هەروەها دەڵێ "ئەو خەڵکانەی کە راپۆرتی لەسەر دابوون هەمویان تیرۆریست و پیاو کوژ بوون، پێیان وتووە گەر واز لەو کارانە بێنی ژیانێکی خۆشت لە ئەوروپا بۆ دابین دەکەین بەڵام کە ملی نەداوە هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووە.
بەوتەی ئەو ڕۆژنامەنووسە هەروەها هەڕەشەی ئەوەشیان لێکردووە گەر واز نەهێنێت لەو کارانە ئەوا وێنە و ڤیدیۆی ڕوتی ژنەکەی بڵاودەکەنەوە.
جەختیش دەکاتەوە " دەنگی یەکێک لەوانە دەناسێتەوە کە لەسەر ئەو کەیسەی ئەو کاری کردووە و ڕاپۆرتی لێداوە.
|
زیاتر...