سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
ڕاپۆرت

عەبدوڵا ئۆجەلان سەرکردەیەک لە کونجی زیندانەوە پارتەکەی ئاڕاستە دەکات

زێد نیوز:

لە 4ی نیسانی 1949 لە دێی ئامەرای قەزای خەلفەتێی سەر بە شاری ئورفا ڕحا لە باشووری رۆژھەڵاتی تورکیا، لەدایک بووە


سەرکردەی بزوتنەوەی ناسراو بە پارتی کرێکارانی کوردستانە و لە ناو کوردا بە «ئاپۆ» ناسراوە


لە کۆلێجی زانستی سیاسی خوێندویەتی لە زانکۆی ئەنقەرە بەڵام خوێندنەکەی تەواو نەکردووە و گەڕاوەتەوە بۆ دیاربەکر



ھەستی نیشتمانی و کوردایەتی کاری تێ کردووە و بۆی تێکۆشاوە 


لە ساڵی 1978 پارتی کرێکارانی کوردستانی دامەزراندووە کە تاکوو ئێستاش سەرکردایەتی دەکات


پەکەکە لە ساڵی ١٩٨٤ دەستی کرد بە چالاکی چەکداری لە ناو تورکیا و ئێران و عێراق بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی

وەک پشتگیریەک بۆ وڵاتی تورکیا، زۆرێک لە وڵاتان و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان بە پارتێکی تیرۆرستی دادەنێن 

تا ساڵی ١٩٩٨ ئۆجەلان لە وڵاتی سووریا بوو، پاش ئەوەی پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و سووریا تێکچوو، تورکیا ھەڕەشەی لە سووریا کرد بە وەی کە پشتگیری لەم پارتە دەکات، بۆیە سوریا ئۆجەلانی ناچار کرد کە سووریا بەجێ بھێڵێت بێ ئەوەی بیداتە دەست دەسەڵاتدارانی تورکیا 


پاش ئەوە ئۆجەلان ڕویکردە ڕووسیا، پاشان ڕویکردە چەند وڵاتێکی تر لەوانە ئیتاڵیا و یۆنان، لە ساڵی ١٩٩٨ لەو کاتەی کە لە یۆنان بوو، حکومەتی تورکیا داوای رادەستکردنی ئۆجەلانی کرد

لە ١٥ی شوباتی  ١٩٩٩ لە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی ھاوبەشدا لە نێوان دەزگای سیخوڕی مەرکەزی ئەمەریکی سی ئای ئەی و دەزگای سیخوڕی تورکی ئێم ئای تی و دەزگای سیخوڕی ئیسرائیلی موساد لە کینیا دەستگیر کرا 


لە کاتی دەستگیرکردنیەوە، ئۆجەلان خراوەتە زیندانێکی تاکەکەسی لە دوورگەی ئیمرالی لە دەریای مەڕمەڕە لە تورکیا

ھەرچەند لە سەرەتادا حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا بەڵام دواتر و لە ئابی 2002دا  ئەم حوکمە گۆڕا بۆ تاھەتایی



پەکەکە تاوەکو ئێستا ١١ جار کۆنگرەی بەڕێوە بردووە و نۆ جار ئاگربەستی یەکلایەنەی ڕاگەیاندووە.


پەکەکە لە دوای دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە لەلایەن کەسانی وەک موردا قەرەیلان و جەمیل بایکەوە سەرۆکایەتی دەکرێت 

سووپای تورکیا لە ماوەی جەنگ لە دژی پەکەکەدا زیاتر لە چوار هەزار گوندی باکووری کوردستانی تێکدا.

بەهۆی ئەو جەنگەوە زیاتر لە ٢٥ هەزار ئەندام و لایەنگری پەکەکە و هاووڵاتیی کورد شەهید کراون وە زیاتر لە.٢٠ هەزار هێزی سەربازی وە ئەندامانی میتی تورکیە کوژراون.



بارەگای سەرەکیی ئێستای سەرکردایەتی پەکەکە لە زنجیرە چیاکانی قەندیلە و ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی پەکەکەدان و لەلایەن پەکەکەوە بە ناوچەکانی پاراستنی میدیا دەناسرێن و ڕووبەری ئەو ناوچانەش زیاتر لە ٢٠ هەزار کیلۆمەتر چوار گۆشە دەبێت. 

ئەو ناوچانە ناوچەی شاخاوی و سەختن لە سنوورە هاوبەشەکانی نێوان باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندان.

هەرچەند هێزی سەربازی پەکەکە و ژمارەیان بە تەواوەتی ڕوون نییە، بەڵام مەزەندە دەکرێت پەکەکە زیاتر لە ١٤ هەزار گەریلای لە شاخدا هەبێت، کە لە چوارچێوەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)دا ڕێکخراون.

 هەپەگە لەلایەن موراد قەرەیلانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

لە ناو پەکەکەدا ژنان خاوەنی هێزی تایبەت بە خۆیانن و هێزەکانیان بەناوی (یەژە ئا ستار)ە.

هەروەها ژنان لە ناو پەکەکە حزبێکیان هەیە بەناوەی پارتی ژنانی ئازادی کوردستان (پاژک). 

سەرچاوە داراییەکانی پەکەکە بە تەواوەتی ڕوون نین، بەڵام بەرپرسانی پەکەکە و ئەو بەرپرسانەشی کە لە پەکەکە جیابوونەتەوە باس لەوە دەکەن کە سەرچاوەیی سەرەکیی داراییەکانی پەکەکە هاووڵاتییانی کوردن لە ناوچە جیاواز و جۆراجۆرەکانی کوردستان و ئەوروپا.


ئەو حزبانەش کە بە دۆست و هاوپەیمان و هاوئایدۆلۆژی لەگەڵ پەکەکە دەناسرێن بریتین لە پەیەدە، تەڤگەری ئازادی، پەژاک، کۆدار و هەدەپە، دەبەپە، کەجەدە، کۆنگرەی گەل، دەتەکە و کەژەئا.

هەروەها هێزە سەربازییەکانی یەپەگە، یەبەشە، یەپەژە، یەرەکە بەو هێزە سەربازیانە دەناسرێن، کە هاوستراتیژ و هاوتاکتیکی پەکەکەن.  



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2020-02-28
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]