سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
ڕاپۆرت

دۆسیەی ژمارەیەک لە وەزیر و پەرلەمانتار ڕەوانەی دادگا دەکرێت

زێد نیوز:

بەهۆی زیادبونی سەروەت و سامانەکانیان بە دەستکەوتی ناڕەوا، ژمارەیەک لە پەرلەمانتاری خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان و وەزیری کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەوانەی لێکۆڵینەوە و دادگا دەکرێت.


بەوتەی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستانیش گومانی جدی لەسەر زیادبونی سەروەت و سامانی ژمارەیەک لە وەزیر و ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە خولەکانی رابردوودا هەیە و ئەگەری زۆرە دۆسیەکانیان رەوانەی لیژنەکانی لێکۆڵینەوە و دادگا بکرێت. 
لەمیانەی ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد خەریکی ئامادەکردنی راپۆرتی ساڵانەی خۆیانین و راپۆرت لەبارەی ئەو کەیسانە بڵاودەکەنەوە کە کەیسی گەورەی گەندەڵین. 

بەپێویستیشیزانی دامودەزگا چاودێرییەکان بەشێکی گرنگ بن لە پڕۆسەی چاودێریکردن و ئاماژەی بەوە کرد دۆخی ئەو دەزگایانە باش نییە و پێویستیان بە هەموارکردنەوەی یاساکانیان هەیە. 

وتیشی "ئەو دەزگایانە پێویستیان بە تازەکردنەوەی شەرعیەتی سەرۆکەکانی هەیە کە ماوەیەکە بەسەرچووە و بەردەوام جەختیان لەسەر پەرلەمانی کوردستان کردۆتەوە کە چارەسەرییان بۆ بدۆزێتەوە". 
دەربارەی فۆڕمی ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی بەرپرسانیش، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی رونیکردەوە"ئەمساڵ یەکەم بەرهەمی بڵاوکردنەوەی ئەو فۆڕمانەیان چینیوەتەوە کاتێک توانیویانە فۆڕمەکانی پەرلەمانی خولی رابردو و کابینەی رابردوو بەراورد بکەن و لەچەند رۆژی رابردوودا چەند حاڵەتێکیان تۆمارکردووە کە گومانی جدی لەسەر گەورەبوونی سەروەت و سامانیان هەیە". 

وتیشی "دوای لێپرسینەوە لە خاوەنەکانیان ئەگەری زۆر هەیە دۆسیەکانیان رەوانەی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان بکرێت بەگومانی زیادبونی سەروەت و سامانیان بەدەستکەوتی ناڕەوا ". 

جەختی کردەوە "پێویستیان بەوە هەیە کە لە کوردستان چاکسازییەکی راستەقینە بکرێت". 

وتیشی "کۆڵەکەی هەر چاکسازییەک دژایەتیکردنی گەندەڵییە و دژایەتی گەندەڵی بە ئیرادەی سیاسی بەهێز دەکرێت و بەئیحالەکردنی کەیسەکان بۆ دادگا و لێکۆڵینەوە دەکرێت". 

بەوتەی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان لەم کابینە تازەیەی حکومەتی هەرێمدا کە تەمەنی تەنها شەش مانگە دوو کەیسی گەندەڵییان بۆ هاتووە کە لەلایەن وەزیری داراییەوە بۆیان رەوانە کراوە. 
 
بەپێویستیزانی حکومەت خۆی لەو بارەیەوە دەستپێشخەر بێت. 
 
دڵنیایی ئەوەشیدا کە سەدان دۆسیە و بابەتی گەندەڵی لە دامەزراوەکان و وەزارەتەکانی حکومەتدا هەیە و بەڵام رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان نەکراوە بۆ لێکۆڵینەوە. 


حاکم ئەحمەد باسی لەوەکرد، ڕەنگە ئەوە تەنها سەرەتایەک بێت بۆ چاکسازیی، هەرێم پێویستی بە چاکسازییەکی گشتی هەیە و پێویستە دامودەزگاکان چالاک بکرێن، گەندەڵی یەکێکە لە پەتاکان و هەڕەشەیەکی گەورەیە.

جەختیکردەوە، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پێویستی بە ئیرادەی چاکسازیی و داڵدەنەدانی گەندەڵکارانەوە هەیە.

پێشتر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم رایگەیاند "له ‌ پێنج ساڵی ڕابردوودا، قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی زیاتر بووە لە 423 ملیار دینار، کە لەو ڕێژەیە تەنها 17.79%ی  بۆ حكومه‌ت گەڕێندراوەتەوە."

وتیشی "لەدوای ساڵی 2014ەوە قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌رێم زیاتر له‌ 423 ملیۆن دیناری تێپه‌ڕاندووه‌".

لەبارەی پڕکردنەوەی فۆڕمی ئاشكراكردنی سه‌روه‌ت و سامان لەلایەن وەزیرەکانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رونیکردەوە تەنها 10 وەزیر فۆڕمەکانیان گەڕاندۆتەوە و 14 وەزیری کابینەکە هێشتا فۆڕمەکەیان نەگەڕاندۆتەوە. 



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2020-02-07
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]