ئەمریکا چەند بنکەی سەربازی لە عێراق هەیە؟
زێد نیوز:
لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی گشتی فەیلەقی قودسی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی ئێران لە ئەمریکا، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق بوونەتە شوێنی هەڕەشەی ئێران و بەئامانجگرتنیان.
هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق چەندین بنکەی سەربازییان هەیە و بوونی ئەو هێزانە بۆ داگیرکاری عێراق لە ساڵی 2003 لەلایەن ئەمریکا دەگەڕێتەوە، بەڵام لە ساڵی 2011 بە بڕیارێکی باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا پاشەکشە بە هێزەکانی ئەو وڵاتە کرا و جارێکی تر و لەسەروەختی دەرکەوتنی رێکخراوی داعش لە عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 دووبارە هێزەکانی ئەمریکا گەڕانەوە بۆ عێراق.
لەگەڵ هەڵکشانی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەناوخۆی عێراق و بۆردومانکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەلایەن ملیشیاکانی ئێران لە عێراق و هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کوژرانی قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیس، پەرلەمانی عێراق بریاریدا هێزە بیانیەکان لەنێویاندا هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکرێنە دەرەوە و داوای بەجێهێشتنی عێراقیان لێ بکرێت.
هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق چەندین بنکەی سەربازییان لە باشوری عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و لەگرژییەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا و ئێران چەند بنکەیەکی سەربازی ئەو وڵاتە کەوتە بەر پەلاماردان و موشەک بارانکردن.
ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی گەیارەی سەربازی لە باشوری شاری موسڵ گەورەترین بنکەی سەربازی هەیە.
لە شاری کەرکوک بنکەیەکی سەربازی بەناوی رینج هەیە کە سەربازگەیەکی نمونەییە بۆ راهێنان و مەشقکردن، هەروەها بنکەیەکی سەربازی لە ئاڵتون کۆپری سەر بە پارێزگای کەرکوک.
لەهەرێمی کوردستان، دوو بنکەی سەربازی هەیە لە نزیک شەنگال و ناوچەکانی ئەتروش و حەریر و دوو بنکەی سەربازیشی لە شاری هەڵەبجە هەیە نزیک سنوری ئێران.
لەشاری ئەنبار دوو بنکەی سەربازی هەیە بەناوەکانی عەین ئەسەد و حەبانیە.
بنکەیەکی سەربازی لە تاجی لە باکوری بەغدا و هێزێکی سەربازی ئەمریکای تێدایە بۆ راهێنان و مەشقپێکردن.
بنکەی سەربازی فیکتۆری لەناو فڕۆکەخانەی بەغدا.
بنکەی بەلەدی ئاسمانی کە دەکەوێتە شاری سەڵاحەدین و سەرپەرشتی فڕینی فڕۆکەکانی ئێف 16 دەکات.
بەگوێرەی میدیا عێراقییەکانیش لەبارەی ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق، 6132 سەربازی ئەمریکی لە عێراق بە پلەی راویژکار و راهێنەر و پاڵپشتی هێزی ئاسمانی بوونیان هەیە.
|
زیاتر...