سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
تەندروستی

ھۆرمۆنی دڵخۆشی چیە؟ پزیشکێکی کورد وەڵام دەداتەوە

زێد نیوز:

پزیشکێکی پسپۆڕی کورد ئەو رێکارانە دیاری دەکات کە دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی رێژەی ئەو ھۆرمۆنانەی کەسێک دڵخۆش دەکات.

دکتۆر عارف گۆران، پسپۆڕی ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو و پسپۆڕی ورد لە نەخۆشیەکانی شەکرە و ھۆرمۆنات لەشاری لەندەن، لەبڵاوکراوەیەکدا لە ھەژماری خۆی لە فەیسبوک ئاماژە بەوە دەکات "ژمارەیەک ھۆرمۆن و رژێنی کیماوی لە مێشک مرۆڤدا ھەیە، کە کۆمەڵێک فەرمانی گرنگ ئەنجام ئەدەن، بۆ نموونە ئیندۆرفین، ئۆکسیتۆسین، سیرۆتۆنین و دۆپامین، تێبینی کراوە کە زیادبوونی ئەو ھۆرمۆنانە مرۆڤ دڵخۆش دەکات". 

تەواوی بابەتەکەی دکتۆر عارف گۆران لەبارەی ھۆرمۆنی دڵخۆشی: 

 ئەو ڕێکارانە چین، کە دەبێتە ھۆی بەرزبوونەی ڕێژەی ئەو ھۆرمۆنانەی کەسێک دڵخۆش دەکات ؟ 

لە سەدەی ڕابردوودا  پێشکەوتنی زانست کۆمەلێک دەستکەوتی گەورەی بەدەستھێناو خزمەتێکی گەورەی بە مرۆڤایەتی گەیاند ، بەلام لە ھەمان کاتدا سیستەمی سەرمایەداری و نیولیبرالیزم کۆمەلێک کێشەی لەگەل خۆی ھێنا .جگە لە ھەژاری و نادادپەروەری مرۆڤ وەک ئالەتێکی لێھاتووە .کە ئەمە رێژەی خەمۆکی و دلەراوکێ و نەخۆشیە دەروونیەکانی بە ڕێژەیەکی  بەرچاو بەرزکردۆتەوە وبەردەوام ئەو رێژەیەش لە زیادبووندایە!.

ژمارەیەک ھۆرمۆن و رژێنی کیماوی لە مێشک مرۆڤدا ھەیە، کە کۆمەلێک فەرمانی گرنگ ئەنجام ئەدەن، بۆ نموونە ئیندۆرفین ، ئۆکسیتۆسین ، سیرۆتۆنین و دۆپامین ، تێبینی کراوە کە زیادبوونی ئەو ھۆرمۆنانە مرۆڤ دڵخۆش دەکات . ئیندۆرفین ( Endorphins ) لەکاتی بوونی ئازار رێژەکەی لە خوێن زیاد دەکات و ئازار کەم دەکاتەوە ھاوشێوەی دەرمانی مۆرفین کە بۆ کۆنترۆلکردنی ئازار بەکاردەھێنرێت . سیرۆتۆنین ( Serotonin ) ڕۆلێکی گرنگی لە رێکخستنی توانای ھەرسکردن و شەھیەتی خواردن و خەوتن ھەیە و ڕۆلی لە رێکخستنی مەزاجی مرۆڤ و توانای فێربوون ھەیە، ھەندێکجار بە ھۆڕمۆنی خۆشەویستی ناوزەد دەکرێت، ئۆکسیتۆسین ( Oxytocin ) ھۆرمۆنێکی زۆر گرنگە بۆ کاتی لەدایکبوونی مندال و شیرپێدان بە کۆرپەلەوەو درووستبونی خۆشەویستی لەنێوان مندال و دایک . تێبینیکراوە، کە ئەو ھۆرمۆنە بەڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەبێت لە رێگای ئەو رێکارانەی دەبێتە دەربڕینی ھەست و خۆشەویستی ، بۆ نموونە لە باوەش کردن .دۆپامین ( Dopamine ) رۆلێکێ گرنگی ھەیە لە ئەنجامدانی کۆمەلێک کرداری گرنگی مێشک . ئەو کەسانەی  دل خۆش دەبن رێژەی ئەو ھۆرمۆنە زیاد دەبێت ، ھەربۆیە بە ھۆرمۆنی ھەستکردن بە خۆشی دەناسرێت ( feel-good hormone ) 

دیارە لەو جەنجالیەی ژیان رۆژانە مرۆڤ ڕووبەڕوی کۆمەلێک کێشە دەبێتەوەو کاریگەری نیگەتیڤی لەسەر دەروونی مرۆڤ درووست دەکات . لێکۆلینەوەکان وادەردەخەن کە ھەندێک رێکار ھەیە دەبێتە فاکتەرێک بۆ زیادبوونی ئەو ھۆرمۆنانەی لەسەرەوە باسمانکردووەو دەکرێت مرۆڤ دلخۆش بکات . بۆ ئەو کەسانەی ئامادەباشیان تیایە بۆ گۆرانکاری لە ژیانیان ، لەخوارەوە بەشێک لەو رێکارانە بەشێوەیەکی کورت باس دەکەین:
١.ورەزش کردن ، ھەر جۆرێکی وەرزشکردن کە دەبێتە ھۆی خێرالێدانی دڵ وادەکات ڕێژەی ئیندۆرفین لە خوێن زیاد بکات . خۆ ئەگەر وەرزش کردنەکە لەگەل کەسێکی نزیک و خۆشەویستت بێت کاریگەری زیاتر دەبێت . ئەگەر ھەستدەکەیت تەنیای ، ھاورێیەکی خۆشەویست بدۆزە . جگە لە سوودەکانی وەرزش بۆ تەندرووستی مرۆڤ بە شێوەیەکی گشتی لەوە دلنیابە لە کۆتایی وەرزشکردن ھەست بە خۆشی دەکەیت .

٢.گالتەو نوکتەو پێکەنین دەبنە بەرزبوونەی رێژەی ئیندۆرفین و بەھێزبوونی بەرگری لەش . پێکەنین لە لایەن بەشێکی پسپۆرانی دەروونی وەک رێکارێک بەکاردەھێنرێت بۆ چارەسەری، ( laughter therapy ) 

٣.ڕامان و قاڵ بوونەوە ( Meditation and Deep thinking )دەبێتە ھۆی زیادبوونی رێژەی ئیندۆرفین و دۆپامین و سیرۆتۆنین لە خوێن . ئەنجامدانی یۆگا ئارامی بە مرۆڤ دەبەخشێت . بەھەمان شێوە عیبادەت و تەسەوف لە لایەن زۆر کەسی ئیماندار ئارامی بە دەروون و ڕۆح دەبەخشێ. 
٤.گوێگرتن لە مۆسیقا . لێکۆلینەوەی زۆر دەربارەی کاریگەری مۆسیقا لەسەر تەندرووستی جەستەو دەروونی مرۆڤ کراوە . مۆسیقا وەک رێگایەکی چارەسەری بەکاردەھێنرێت . تێبینی کراوە گوێگرتن لە مۆسیقا دەبێتە زیادبوونی ھۆرمۆنی ئۆکسیتۆسین .

٥.خواردن ،لێکۆلینەوەکان ئەوەیان سەلماندوە کە خواردنی ئەو شتانەی کە رێژەیەکی باش لە ترشەلۆکی تریپتۆفان ( Tryptophan ) تیایە دەبێتە ھۆکارێک بۆ دلخۆشی .ھەندێک جۆری خواردن ھەن کە دەبێتە زیادڕژانی ھۆرمۆنەکان . بۆ نموونە بەھارات و خواردنی تیژ ڕێژەی ئیندۆرفین زیاد دەکات . خواردنی ماست و ھێلکەو گوێز دەبێتە زیادبوونی دۆپامین.خواردنی چوکلێتی رەش ( dark chocolate )بە برێکی کەم مرۆڤ دلخۆش دەکات ، ھەر بۆیە بەشێکی ئەو نەخۆشانەی خەمۆکیان ھەیە پەنا بۆ چۆکلێت دەبەن. لێکۆلینەوەکان وا دەردەخەن کە پرۆسێسی خواردن ئامادەکردن و خواردنی لەگەل ئەندامانی خێزان و کەسانی خۆشەویست ئارامی بە مرۆڤ دەبەخشێ . 

٦.خەوتن ، کەم خەوێ و نارێکی خەو دەبێتە ھۆی تێکچوونی ھاوسەنگی ھۆرۆمۆنەکان ، جگە لە زیان بۆ جەستە کاریگەری نیگەتیڤی لەسەر دەروونی مرۆڤ درووست دەکات . ھەول بدە ٧ بۆ ٩ کاتژمێر بخەوە . لە ئێواران ئەو خواردنەوانەی کە کافاینی تیایە وەک قاوەو چایە کەمبکەوە . 

٧.سەفەرکردن و ئاشنابوون بە شوێنی نوێ لەگەل ئەندامانی تری خێزان ، یاخود ھاورێی نزێک ھۆکارێکە بۆ شکاندنی ئەو رۆتینەی کە مرۆڤ رۆژانە لای دووبارە دەبێتەوە .بە تایبەت دوور کەوتنەوە لە جەنجالی شارو تێکەل بوون لەگەل جوانی سرووشت ئارامی بە مرۆڤ دەبەخشێت . 

٨.زیندووکردنەوەی یادگاریە خۆشەکان . تێبینیکراوە کە بیرکردنەوە لە یادگاریە خۆشەکانی رابردوو دەبێتە ھۆی زیادبوونی دۆپامین لە مێشک ، بۆ نموونە سەیرکردنی ھەندێک وێنە کە کۆمەلێک یادگاریت لەگەل ھەیە . یاخود باسکردنی رووداوێکی خۆش کە لە رابردوو لەگەل کەسوکارو ھاورێکانت کردووتە . 

٩.بەخشین و مرۆڤدۆستی . لێکۆلینەوەکان ئەو راستیە دەسەلمێنن کە ئەو کەسانەی لەگەل رێکخراوە خێرخوازەکان کاردەکەن ئاسوودەترن بە بەراورد لەگەل کەسانیتر . تێبنی کراوە لە کاتی بەخشین ئەو بەشەی مێشک کە پەیوەستە بەچێژ چالاک دەبێت و رێژەی ئیندۆرفین زیاددەبێت . 

١٠.کات بەسەربردن لەگەل ھاورێکانت . ھەول بدە کات درووست بکە بۆ تێکەل بوون لەگەل ھاورێ نزیکەکانت ، چونکە ئەو تێکەلبوونە دەبێتە زیادبوونی ھۆرمۆنەکانی دل خۆشی.

دکتۆر عارف گۆران
پسپۆڕی ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو
پسپۆڕی وورد لە نەخۆشیەکانی شەکرەو ھۆرمۆنات
لەندەن



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2022-12-24
زیاتر...
123
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]