سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
کوردستان

عەبدوڵا کوێخا موبارەک وەڵامی بافڵ تاڵەبانی دەداتەوە

زێد نیوز:

عەبدوڵا کوێخا موبارەک وەڵامی لێدوانەکانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی دەداتەوە و رایگەیاند "ھیچ کەسێکی غەدر کەر و یاخی لە یاساش بۆی نیە لە پاڵ ئێمەدا خۆی حەشار بدات".

ئەمڕۆ (ھەینی، ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢) عەبدوڵا کوێخا موبارەک لە بڵاوکراوەیەکدا لە ھەژماری خۆی لە فەیسبوک وەڵامی لێدوانەکانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی دایەوە کە لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ماڵپەری (Iraq oil report)  لەبارەی ناوبراوەوە دوابوو. 

لەبڵاوکراوەکەدا عەبدوڵا کوێخا موبارەک دەڵێت "بەڵێ ڕێگر بووم، بەڵام ڕێگری لە چی؟ با خەڵکی کوردستان و چەمچەماڵ بە ویژدانەوە وەڵامی ئەمە بدەنەوە".
دەشڵێت "بەڵێ ژەنەڕاڵم، بەڵام ھی ئێستا نا، بەڵکو لەسەردەمی باوباپیرانم و لە شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی گەلی کوردەوە".
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لەمیانەی چاوپێکەوتنێک بۆ ماڵپەری (Iraq oil report)  ئاماژەی بەوە کرد "کەسێک ھەیە ناوی عەبدوڵای کوێخا موبارەکە خەڵکی چەمچەماڵە، کەسێکی نزیکی ئەم پیاوە تێوەگلاوە لە کوشتنی ئەفسەرێکی ئاسایش، ئەمە بە بەڵگەی ڤیدیۆیی لای ئاسایش ھەیە، بەڵام یاداشتی دەستگیکردنی عەبدوڵای کوێخا موبارەک چی بەسەر ھات؟ بۆچی دەستگیرنەکرا؟ دۆسیەکە رەوانەی دادگای ھەولێر کراو لەوێ بەشێوەی عەشایەری چارەسەر کرا، کارەکە ھەر لێرەدا رانەوەستا، لەنێوان شەو و رۆژێکدا ئەم پیاوە رێگرە کرا بە ژەنەراڵ ‌و میلیشیاکەشی بوو بەبەشێک لە دامەزراوەی ئەمنیی ھەرێمی کوردستان، ئەمە شێتییە".

دەقی بڵاوکراوەکەی عەبدوڵا کوێخا موبارەک: 
بەڵێ ڕێگر بووم، بەڵام ڕێگری لە چی؟ با خەڵکی کوردستان و چەمچەماڵ بە ویژدانەوە وەڵامی ئەمە بدەنەوە.
بەڵێ ژەنەڕاڵم، بەڵام ھی ئێستا نا، بەڵکو لەسەردەمی باوباپیرانم و لە شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی گەلی کوردەوە.
بەڵێ ھێزەکەمان خستە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و کردمان بە ھێزێکی نیزامی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیدا و ئەوە جێگای شانازی و شایەنی دەستخۆشیە، چونکە سەلمێنەری ئەوەیە کە بڕوامان بە ھێزی تایبەتی کەسی و حزبی نیە، بەڵام ئەوانە میلیشیا نەبوون، بەڵکو نەوەی ئەنفالکراوان و شەھیدانی چەمچەماڵن، ئەگەر گەنجانی چەمچەماڵ یەک تۆز وشیار بن ئەبێ تێبگەن ئەوە چی سوکایەتیەکە پێیان دەکرێ، تێبگەن بۆ لە ڕابردودا پشت گوێ خرابوون.
 سوکایەتی کردن بەو گەنجانە بە ناوھێنانیان وەکو میلیشیا سوکایەتیە بە تەواوی خەڵکی چەمچەماڵ و شەھیدان و ئەنفالکراوانی ئەو سنورە.
ڕەنگە لە ھەڵە و کەموکورتی بەدەر نەبین، بەڵام گرنگ لە ھەر ھەڵە و ڕووداوێکدا ملکەچی یاسا و ئامادەی سزادان بووین، ھیچ کەسێکی غەدر کەر و یاخی لە یاساش بۆی نیە لە پاڵ ئێمەدا خۆی حەشار بدات، ئەوە دادگا و لایەنی پەیوەندیدار ئەتوانن بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم قسەیەمان بکەن.
بێ وەفایی و لەبەرچاو نەگرتنی قوربانی دان و تێکۆشانی ڕابردوو، لادان لە لۆژیک و ھەقیقەت، خۆکوژیە و شێتیە ئەمما شێتی.
ژەنەڕاڵ عەبدوڵلا
لە چەمچەماڵ



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2022-12-02
زیاتر...


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]