سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
کوردستان

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی ھەرێم: نەوەی نوێ بەڵێنەکەی نەبردە سەر

زێد نیوز:

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی دەستپێکردن بە نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان بڵاوکردەوە و رایگەیاند "نەوەی نوێ راستگۆ نەبون و نەھاتنە پێشەوەو کارەکەیان نەکردو لەسەر بەڵێنی خۆیان نەبون".

لە راگەیەندراوی وەزارەتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "ئەمڕۆ یەکشەممە ٢/١٠/٢٠٢٢ تیمەکانی سەر بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەپارێزگای سلێمانی، لەکارکردن لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دەستبەکاربون". 

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە "ئەنجامدانی پڕۆژەکە دوای ئەوە دێت، پێشتر لەسەر داوای دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وەزارەتی دارایی لە ٢٢/٦/٢٠٢٢ رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی بڕی (١٨٧.٨٢٨.٠٠٠) سەدو ھەشتاو حەوت ملیۆن و ھەشتسەدو بیست و ھەشت ھەزار دینار دەربڕی، بۆ پڕۆژەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان". 

لە راگەیەندراوەکەدا روونکراوەتەوە "ئەوەش دوای ئەوەی لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ تونێلی دەربەندیخان، لەمانگی ٤ی ئەمساڵدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەڵێنیدا تونێلەکە نۆژەنبکرێتەوەو لەئێستاشدا کارکردن بۆ دروستکردنی تونێلی نوێی دەربەندیخان بەردەوامە". 

ئاماژە بەوەش کراوە "ئەوە بۆ ھاوڵاتیان روندەکەینەوە، دوای ئەوەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان نوسراویان ئاراستەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کرد بۆ کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە، وەک وەزارەت وەڵامیان درایەوە کە ئەگەر جدین و بەڕاستیانە با بێن کارەکە بکەن و ماوەی ھەفتەیەک مۆڵەتیان پێدرا، بەڵام راستگۆ نەبون و نەھاتنە پێشەوەو کارەکەیان نەکردو لەسەر بەڵێنی خۆیان نەبون، تەنھا نمایش و بانگەشەیەکی راگەیاندنیان بەڕێوەبرد بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک". 

جەختیش کراوەتەوە "لەئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەی رێگای ناوتاق لە دەربەندیخان دەستپێدەکات، بۆ ئەوەی تاوەکو دروستکردن و تەواوبونی تونێلی دوەمی دەربەندیخان وەک رێگایەکی جێگرەوە ھاوڵاتیان سودی لێ ببینن".

دوێنێ (شەممە، ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢) شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوێ سەردانی تونێلی دەربەندیخانی کردو ڕایگەیاند ڕۆژی چوارشەممە تیمی ئەندازیاری نەوەی نوێ دەستدەکەن بەنۆژەنکردنەوەی تونێلەکەو داوای لەحکومەت کرد ڕێگەی بەدیل بۆ شۆفێران بدۆزنەوە تا تەواوکردنی کارەکانیان.



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2022-10-02
زیاتر...


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]