سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
کوردستان

زانیاری نوێ لەبارەی ناردنی ئەنتەرنێتی خۆڕایی لە ھەرێمەوە بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران

زێد نیوز:

ئەندامێکی کۆمەڵەی گەردوونناسی لە تەکساس رایگەیاند "ئەو زنجیرە روناکییەی کە ئەمشەو لە زۆرێک لەناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بینراوون، سەتەلایتەکانی "ستارلینک" بوون و لەرێگەیەوە ئەنتەرنێتی خۆرایی دابین دەکرێت".

لوقمان حەوێزی، ئەندامی کۆمەڵەی گەردوونناسی لە تەکساس لەمیانەی بڵاوکراوەیەکدا لە ھەژماری خۆی لە فەیسبووک ئاماژەی بەوە کرد "لە چەند ساڵی داھاتوو ئەم دەرکەوتنانە گەلێک چڕتر و زۆرتر دەبن، لە چەند ساڵی داھاتوو و بەتایبەتیش دوای ١٠ بۆ ١٥ ساڵی تر تابلۆ جوانەکەی شەوانی ئاسمان و ئەستێرەکان بۆ چاوی ئێمە لەسەر ڕووی زەوی بۆ ھەتا ھەتایە دەشێوێنرێت و دەگۆڕێت!". 

حەوێزی روونیدەکاتەوە "ئەو تەنە پرشنگداری جوڵاوانەی کە لە شێوەی ئەستێرەیەکی جوڵا دێتە بەرچاو، ئەو تەنە جوڵاوانە مانگە دەستکردە نزمەکانن کە لەلایەن ھەندێ وڵات بۆ کاری سیخوڕی یان چاودێریکردنی کەش و ھەوا بەکاردەھێنرێن". 
دەشڵێت "لەمانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٩ چیڕۆکەکە بەتەواوی گۆڕا دوای ئەوەی کۆمپانیای SpaceX دەستی بەجێبەجێکردنی پڕۆژەی Starlink کرد، تەنیا لە چەند مانگی ڕابردوودا سپەیس ئێکس سەدەھا مانگی دەستکردی ھەڵداوە لە چوارچێوەی پڕۆژەی Starlink بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی زۆر خێرا بۆ زۆربەی ناوچەکانی جیھان". 

ئاماژە بەوەش دەکات "تا ئێستاش ژمارەی سەتەلایتە ھەڵدراوەکانی ئەم پڕۆژەیە کە لە ئاسمانن گەیشتوە بە ١٥٠٠ دانە، تەنیا ئەم پڕۆژەیە کە لەچەند ساڵی داھاتوودا قۆناغی یەکەمی بەتەواوی جێبەجێ دەکرێت پێویستی بەھەڵدانی پتر لە دە ھەزار مانگی دەستکردی ترە، لەکۆتاییشدا سپەیس ئێکس ژمارەی سەتەلایتەکان دەگەیەنێت بە پتر لە ٤٢٠٠٠ سەتەلایت!". 
ئەو گەردوونناسە روونیدەکاتەوە "ئەو کاتە ئەگەر لەشەوێکی تاریکدا بچیتە دەرەوە ئەوا جگە لە ئەستێرەکان کە بەوەستاوی دەردەکەون لە ئاسمان بۆ چاوی ئێمە، جگە لەوان لەیەک کاتدا سەدەھا و بگرە ھەزارەھا مانگی دەستکردی جوڵاوە وەکو شەمەندەفەر بەدوای یەکدا لەئاسمان دەبینرێن، ئەو سەتەلایتانە بەشێوەی زنجیرەیەک لە ئەستێرەی پرشنگداری لەیەک بەستراو و جوڵاوە دەبینرێن لەئاسمان بۆ چاوی ئێمە، ئەو کاتە دیمەنی ئاسمان بەتەواوی دەشێوێنرێت!". 

لوقمان حەوێزی سێ کاریگەری خراپی بوونی ئەو ھەموو مانگە دەستکردەش لە ئاسماندا دیاری دەکات کە ئەمانەن: 
یەکەم: ڕێگریەکی گەورە دەبن لەپێش چاودێری کردنی گەردوون لەسەر ڕووی زەویەوە، سەرئێشەیەکی گەورە دروست دەکەن بۆ گەردوونناسان، بۆ نمونە ئەگەر تۆ گەردوونناسێک بیت و چاودێری ئەستێرەیەک یان تەمێک یان ڕووبەرێکی ئاسمان بکەیت بۆ چەند کاتژمێرێک ئەوا کت و پڕ تەنێکی پرشنگدار بەپێش چاوی تەلەسکۆپەکەت دا دێت و پێوانەکان دەشێوێنێت، ھەموو ئەو پێوانانە پێویستیان بەڕاستکردنەوە دەبێت، ھەندێک پشکنینیش تەنیا دەتوانرێت لەدەرەوەی گۆی زەوی بکرێت..!
دووەم: لە ئەمەریکا ووتەیەک ھەیە دەڵێت ھەرشتێک بچێتە ئاسمان دەبێ دواتر بکەوێتە خوارەوە، ئەمە بۆ سەتەلایتەکان بەتەواوی ڕاستە بەتایبەتی ئەم جۆرە سەتەلایتە نزمانە کە تەمەنیان کەمترە، ئەوانە یان خۆیان دەکەونە خوارەوە یان دەبێت بھێنرێنە خوارەوە، سپەیس ئێکس دەڵێت کۆنتڕۆڵی تەواومان بەسەر ھەموو سەتەلایتەکان دەبێت و ھەرکاتەی بمانەوێت ھەر کامێکیان بھێنینە خوارەوە ئەوا بەبێ زیان لەسەر زەریای ھێمن دەیخەینە خوارەوە، بەڵام لەم ھەزارەھا سەتەلایتە ئەگەری ڕوودانی ھەڵە زۆرە، لەکاتی کەوتنە خوارەوەشیان بەسەر شار و شوێنە ئاوەدانەکان مەترسی زۆر دروست دەکەن...
سێیەم: لەبەرئەوەی ئەم مانگە دەستکردانە بۆشایی ئاسمانی دەوری گۆی زەوی قەرەباڵغتر دەکەن، بۆیە مەترسی دروست دەکەن لەسەر گەشتە ئاسمانیەکان و وێستگەی ئاسمانی، بۆشایی ئاسمانی دەوری گۆی زەویش پیستر دەکەن..!



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2022-09-25
زیاتر...


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]