سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
کوردستان

وتەبێژی پارتی راستی ھەڕەشەکردنی یەکێتی لەکشانەوە لەحکومەت لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئاشکرا دەکات

زێد نیوز:

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان "لێکتێگەیشتنی باش ھەبووە" و لەبارەی ئەوەی کە شاندی یەکێتی ھەڕەشەی کشانەوەی لە حکومەت کردبێت دەڵێت: کۆبونەوەی ئەمڕۆ پەیوەندی بە کەموکوڕییەکان و حکومەتەوە نەبوو، بۆیە بەو شێوەیە گفتوگۆ لەو بابەتە نەکرا.

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی، ئەمڕۆ(چوارشەممە)، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی"لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لێکتێگەیشتنی باش ھەبوو لەچاو کۆبوونەوەکانی پێشتر، ئەوەی ئەمڕۆ بڕیاریان لەسەردرا، چارەسەرکران، ئەوانەش کە ماون، لیژنەکە تاوەکو سەرەتای مانگی نۆ بەردەوام دەبێت لەسەریان کە ئەوانیش پێویستیان بە گفتوگۆی زیاترە."

لەبارەی ئەوەی دەوترێت لە کۆبوونەوەکەدا گرژی لەنێوان شاندی پارتی و یەکێتیدا دروستبووە و وتەبێژی پارتی وتی"بەردەوام گفتوگۆکان بەرزی و نزمییان تێدەکەوێت، ھەندێکجار کۆمەڵێک گلەیی و بیروڕای جیاواز دەبن و ئەوە بابەتێکی سرووشتییە لەناو کایەی سیاسیدا، بەتایبەتی لە گفتوگۆی نێوان ئەو لایەنانەی بۆچوونی جیاوازیان ھەیە، ئێمە حیزبی رکابەرین، راستە بەیەکەوە کاردەکەین، بەڵام ئەوە تایبەتمەندیی حیزبەکانە کە رکابەری یەکدی دەکەن، بۆیە رەنگە لەسەر ئەو بۆچوونانەی ھەیانە، ھەندێکجار تووند بن و ھەندێکجاریش بە ھێورتر گفتوگۆ بکەن."

لەبارەی ھەڕەشەی یەکێتی بۆ کشانەوە لە حکومەتیش مەحموود محەمەد رایگەیاند: "کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پەیوەست بوو بە دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ ھەڵبژاردن و بڕیاردان لە ھەڵبژاردن، پەیوەندی بە پرسی کەموکوڕییەکان و حکومەت و بابەتی دیکەوە نەبوو، بۆیە لە کۆبوونەوەکەدا بەو شێوەیە گفتوگۆ لەو بابەتە نەکرا."



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2022-08-10
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]