سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
کوردستان

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لایەنە سیاسییەکان و سەرۆکایەتی ھەرێم لەبارەی ھەڵبژاردن ئاشکراکرا

زێد نیوز:

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ھەرێم، جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان و سەرۆکایەتی ھەرێمدا بە لایەنەکانی راگەیەندوە، دەبێ بەزوترین کات بگەنە ئەنجامێک، چونکە زۆر کات لەبەر دەستدا نییە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەسەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و بە ئامادەبونی جینین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، کۆبونەوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەربارەی ھەڵبژاردنی داھاتوی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچو.
بەپێی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی ھەرێم، لە کۆبونەوەکەدا سەرەتا نێچیرڤان بارزانی لە وتەیەکدا سوپاسی خاتو پلاسخارت و لایەنە سیاسییەکانی کرد بۆ بەدەنگەوەھاتنی بانگھێشتی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و ھیوای خواست لایەنە سیاسییەکان بگەنە لێکگەیشتنێک بۆ دیاریکردنی کاتی ھەڵبژاردن و چارەسەرکردنی گرفتەکان و جەختی لە گرنگیی ھەڵبژاردن بۆ  ھەرێمی کوردستان کردەوە و وتی: دواکەوتنی ھەڵبژاردن زیان بە ناو و پێگەی ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لای خۆیەوە پلاسخارت وتەیەکی دەربارەی گرنگیی گەیشتنی لایەنەکان بە لێکگەیشتنێک لەسەر پرسی ھەڵبژاردن و دیاریکردنی کاتی ئەنجامدانی کردەوە و ھەمو پشتگیرییەکی نەتەوە یەکگرتوەکانی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەربڕی، ھەروەھا جەختی لەوە کردەوە کە دەبێ بە زوترین کات بگەنە ئەنجامێک، چونکە زۆر کات لەبەر دەستدا نییە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتوە"پاش ئەوە، مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕاپۆرتی لیژنەی ڕاسپێردراوی سەرۆکایەتی بۆ پرسی ھەڵبژاردن پێشکەش کرد، لایەنە سیاسییەکانیش ڕا و بۆچوونیان لەمبارەیەوە خستە ڕوو و سوپاسی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانیان کرد بۆ ھەوڵەکانی لەپێناو کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان، ھەروەھا بەردەوامی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانیان بە ئەرێنی لە قەڵەم دا."

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا بڕیار درا سەرەتای مانگی ئەیلولی داھاتو دوایین کۆبونەوە بۆ یەکلاکردنەوەی تەواوی بابەتەکانی پەیوەست بە ھەڵبژاردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم پرۆسەکە ئەنجام بدرێت، تا ئەوساش سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان، بە ھاوکاریی تیمی پسپۆڕی یونامی لە گفتوگۆ و ئامادەکاری بەردەوام دەبن.



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2022-08-10
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]