سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
کوردستان

دۆخی چاکسازیی گەورانی سلێمانی؛ دیارترین گرفت شوێنی مانەوەیە بۆ سزادراوان

زێد نیوز:

یادگار ئیسماعیل، بەرپرسی توێژەران لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی رایگەیاند، دۆخی سزادراوان لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی بەگشتی ئاساییە بەڵام ھەندێک گرفتیان ھەیە کە دیارترینیان کەمی شوێنی مانەوەو زۆریی سزادراوانە.

یادگار ئیسماعیل لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (زێد نیوز)، رایگەیاند، چاکسازیی گەورانی سلێمانی کە سەربە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتییە، شوێنی ئەو کەسانەیە کە بە ماددەیەکی یاسایی سزادراون لەسەرووی تەمەنی ١٨ ساڵەوە کە لە ئێستادا نزیکەی ١٣٠٠ سزادراومان ھەیە کە لای ئێمە بەندن.

سەبارەت بە دۆخی خزمەتگوزارییەکان وتی"لەروی دابینکردنی خواردن و خزمەتگوزاری تەندروستی و شوێنی مانەوەوە شوێنێکی باشە، بەڵام رەنگە ئەوە ھێشتا لە جێی تموحی ئێمەو وەزارەتیشدا نەبێت."

وتیشی"بەتایبەت ئەوەی زۆر گرفتە شوێنی مانەوەیە. کە بینای چاکسازیی گەورانی سلێمانی شوێنی ٩٠٠ کەسە لەڕووی ستانداردەوە بەڵام ئێستا ١٣٠٠ کەس لای ئێمە بەندن کە ئەوەش گرفتە."

لەبارەی جۆرەی سزاکانی بەندکراوانەوە لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی، وتی "ئێمە نزیکەی ١٥٠ کەسمان ھەیە کە سزاکەیان لەسێدارەدانە کە تاوەکو ئێستا لەسێدارەدان لە ھەرێمی کوردستان وەک دەزانن جێبەجێ ناکرێت. ھیوادارین بەھەر شێوەیەک بێت چارەنوسیان یەکلایی بکرێتەوە، چونکە بەڕاستی گرفتیان دروست کردوە بۆ چاکسازییەکان و بۆ خۆیشیان و بۆ خانەوادەکانیشیان."

ئاشکراشیکرد، زۆترین سزادراون بە ماددەکانی ماددەی ھۆشبەر، کوشتن و تیرۆر سزادراون کە بەداخەوە ژمارەیان زۆرە.

ئاماژەی بەوەشدا کە "ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای ھەڵەبجەو ئیدارەی راپەڕینیش لەسەر ئێرەیە. ئەوەش وایکردووە قەرەباڵغ بێت. بۆیە ئومێد ئەکەین حکومەت ئەوە بەشێوازێک چارەسەر بکات، کە رەنگە بە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکی چاکسازی بێت لە پارێزگای ھەڵەبجە یان لە ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین."

سەبارەت بە ھەواڵی ساغکردنەوەی ماددە ھۆشبەرەکان لەنێو چاکسازیی گەورانی سلێمانی، وتی، رەنگە بنبڕکردنی ماددەی ھۆشبەر کە گرفتێکی جیھانییە، لەسەدا سەد قورس بێت. رەنگە حاڵەت ھەبوبێت بەڵام شتێکی وا نەبوە وەک بڵێی ساغکردنەوەو بازرگانی پێوەکردنی ھەبووبێت، ئەوەش زیاتر رەنگە ھەڵایەکی ئیعلامی بێت.


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2022-08-05
زیاتر...


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]