سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
جۆراوجۆر

سبەینێ یەکەم رۆژی ھاوینە و دیاردەیەکی فەلەکیش روودەدات

زێد نیوز:

بە پێی پێوانە فەلەکییەکان، سبەی، سێشەممە، بەرواری ٢١ ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ کاتژمێر ١٢:١٣ ی دوای نیوەڕۆ بە کاتی ھەولێر، دەستپێکی وەرزی ھاوینە لە ھەرێمی کوردستان و لەھەمان کاتدا لە تەواوی نیوەگۆی باکووری زەوی و تیایدا دیاردەی ناسراوە بە (ھەڵگەڕانەوەی ھاوینە Summer Solstice ) روودەدات.

لەو رۆژەدا ماوەی رۆژ لەنێو ھەرێمی کوردستاندا درێژ دەبێتەوە بۆ نزیکەی ١٤ کاتژمێرو ٢٨ خولەک شەویش کورت دەبێتەوە بۆ نزیکەی ٩ کاتژمێرو ٢٣ خولەک.

ھەر لەو کاتەدا دووریی نێوان زەوی و خۆر زۆرە نەوەک کەم و ھەر بەرەو زیادبوون دەچێ تا دەگاتە (دوورترین خاڵ) کە بە (Aphelion) ناسراوەو ئەمەش لە رۆژی ٢٠٢٢.٧.٤ کاتژمێر ١٠:١٠ ی بەیانی بەکاتی ھەولێر دەبێت و ماوەی نێوان زەوی و خۆر دەگاتە ١٥٢ ملیۆن و ٩٨ ھەزارو ٤٥٥ کیلۆمەتر.

ھۆکاری گەرمداھاتنی نیوەگۆی باکووری زەوی سەرەڕای دوورکەوتنەوەی لەخۆردا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کەوا ئاستی خولانەوەی تەوەری زەوی بە رێژەی ٢٣.٥ پلە لارە لەسەر خولگەکەی بە دەوری خۆرو کشانی تیشکی خۆر لە (ھێڵی کەمەرەیی) زەوی بۆ خولگەی (قڕژاڵ) لە پلەی ٢٣.٥ بەرەو باکوورو ستوونبوونی وادەکات پلەکانی گەرما لەنیوە گۆی باکوور زیاتر بێت، چونکە ماوەی مانەوی خۆر لە ئاسماندا دوورو درێژتر دەبێت و بەمەش ئاستی وەرگرتنی رووی زەوی بۆ تیشکی خۆر زیاتر دەبێ و پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە. 

ھەرچەندە بەرەو ناوچەکانی باکووری زەوی بڕۆین ئەوا ماوەی رۆژ درێژتر دەبێتەوە، بۆ نموونە ئەگەر لە وڵاتانی دەوروبەری (دەریای ناوەڕاست) ماوەی رۆژ لە سنووری ١٥ کاتژمێر بێت، ئەوا لە وڵاتانی دەوروبەری دەریای (بەلتیک) دەگاتە ١٨ کاتژمێرەو ھەرچی وڵات ھەیە لەنێو بازنەی پانی ٥٥ پلەی باکووردا بن، ئەوا لەنێو دیاردەی ناسراو بە (شەوانی سپی) دا دەژین، چونکە دوای ئاوابوونیشی، خۆر بە تەواوی لە ئاسۆدا ون نابێت و شەفەقی سووری دوای ئاوابوون دەمێنێتەوەو لە رۆژئاواوە بەرەو باکوور ئینجا بەرەو رۆژھەڵاتەوە دەخزێ و جارێکی دیکە خۆر دووبارە ھەڵدێتەوە.

ئەو وڵاتانەی دەکەونە نێو بازنەی ٦٦.٥ پلەی باکوور، وەک وڵاتانی (ئیسکەندەناڤیاو ناوچەکانی باکووری رووسیاو کەنەداو ئەلاسکا) ئەوا خۆر لە ئاسۆیاندا ئاوا نابێ بەڵکو لەگەڵ نزیک کەوتنەوەی لە ئاوابوونیدا، دیسکی خۆر لە ئاسۆی رۆژئاواوە دەڕوات بەرەو باکوورو پاشان بۆ رۆژھەڵات و لەوێوە جارێکی دیکە بەرز دەبێتەوە ئاسمان، بۆیە، خۆر بەبەردەوامی و بۆماوەی نزیکەی ٦ مانگ لەناوچەکانی جەمسەری بەستووی باکووردا ئاوا نابێت.

لە ھەمان رۆژ، بەڵام لەنیوگۆی باشووری زەویدا، حاڵەتەکە بە تەواوی پێچەوانەیە، چونکە تیشکی خۆر سەردەکەوێت لە (خولگەی کاوڕ) بۆ (ھێڵی کەمەری زەوی)، بەمەش بڕێکی کەمتر لە تیشکی خۆر بەبەر نیوەگۆی باشووری زەوی دەکەوێت، بۆیە لەنیوە گۆی باشوور ئەمە دەبێتە (ھەڵگەڕانەوەی زستانە) (Winter Solstice) واتە دەستپێکی زستانە لەو ناوچانەو لە ھەمان کاتیشدا، تیشکی خۆر بۆ ماوەی شەش مانگ لە ئاسمانی (کیشوەری بەستووی باشوور ) (ANTARCTICA ) نابینرێت و دەبێتە شەوێکی شەش مانگیی دوورو درێژی بەردەوام.

- بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی (رێکخراوی فەلەکناسیی کوردستان – KAO)  -



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2022-06-20
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]