شانت ئازار و کلسی ھەیە؟ پزیشکێکی پسپۆڕ روونکردنەوەی لەبارەوە دەدات
زێد نیوز:
شانم ئازاری ھەیە، دەڵێن کلسی ھەیە!
د. سەروەر سالار چوچانی، پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و جومگە و ڕۆماتیزم
ئەگەر شانت ئازاری ھەیە و ئازارەکەش شەوان زیاتر دەکات کە لە سەری دەنووی، یان کاتێک بە ئاراستە جیاجیاکاندا شان دەجووڵێنیت، ئەوە پێناچێت ئازارەکەت لە فەقەراتی ملەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵکو بە ئەگەری زۆر گرفتی ژێ و بەستەرەکانی دەوروبەری جومگەی شانە.
سەرچاوەی ئازارەکەش بەزۆری ھەوکردنی ئەو ژێ و بەستەرانەیە کە بەشە جیاکانی جومگەکە پێکەوە دەبەستن، یان ئەو ماسولکانەی بە دەوریدان.
ھەوکردنی بەستەرەکەی شان و سەوەفانی ئێسکەکانی پێکھێنەری جومگەکە، لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا کلس دەکەن، ئەم کلسە زیاتر ناو جومگەکە تەسکدەکاتەوە و زیاتر ژێ و شانە نەرمەکان بریندار دەکات.
ھەندێکجار داخوران و ھەوکردنی ئەم ژێ و بەستەرانە بە دڕان یان پچڕانیان کۆتایی دێت و گرفتەکە ئاڵۆزتر دەکات.
مەرج نییە ئەم ھەوکردن و دڕان و پچڕانە تەنھا بەھۆی زەبرەوە بێت، بەڵکو زۆرکات ھۆکارێکی ئەوتۆ شک نابەیت و وا دیارە بە تێپەڕینی کات شانەکان تووشی ستۆک بوون و داخوران و سووربوونەوە ھاتوون، وەکو لە خانمان بە ئیش و کاری زۆری ناوماڵ یان پیاوان بە ھۆی جۆری پیشەکەیان، بە گشتی ئەو جووڵانەی دەست و قۆڵ بەرزتر دەکەنەوە لە ئاستی شان (وەکوو خانمێک کە پەنجەرە و شوێنە بەرزەکانی ماڵەوە دەسڕێت یا وەستایەک کە کاری جپسم بۆرد دەکات و ھەر پیشەیەک ئەم جووڵەیەی شان و قۆڵی زۆر تێدا بێت).
دەستنیشانکردن لەلایەن پزیشکی ئیسک و جومگەوە دەبێت و چارەسەریش ئەو دیاری دەکات بە چارەسەری فیزیایی و دەرمان.
ئێمەی پزیشکی پسپۆڕ وەکوو ئەزموونی خۆمان سەرنجمان داوە ئەوانەی دەرزی دژە ھەوکردن دەکەین بۆ شوێنی ھەوکردنی بەستەرەکەیان، سوودێکی بەرچاو دەبینن و بەزوویی دەست بە چاکبوون دەکەن.
|
زیاتر...