سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
ڕاپۆرت

کوردێک داواکراوی یەکەمی ئەمریکایە و هەر کەس زانیاری لەبارەیەوە بدات 5 ملیۆن دۆلاری دەدرێتێ

زێد نیوز:

ئەم وێنەیە روخساری تیرۆریستێکی جیهانی بە ڕەچەڵەک کوردە بەناوی (جیهاد سیروان مستەفا)، ئەو لەکەمپێکی وڵاتی سۆماڵەوە قسە دەکات و لەبەشێک لە قسەکانیدا باس لە ئوسامە بن لادن دەکات و دەڵێت "ئێمە رۆڵی بەرچاوی شێخ ئوسامە بن لادنمان لەیاد ناچێت (خوا لێی خۆش بێت)".


ئێف بی ئای خەڵاتی ٥ ملیۆن دۆلاری تەرخان کردووە بۆ هەر کەسێک زانیاری لەسەر هەبێت و بەهۆیەوە دەستگیربکرێت یان بکوژرێت. 

جیهاد کە لە باوکێکی کوردی رۆژئاوای کوردستان و دایکێکی ئەمریکی لە دایک بووە، هاوکات بە ئەحمەد گۆرای ناسراوە و لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی گەنجانی سۆماڵدا پەیوەندی هەیە، یەکێکە لە داواکراوەکانی ئێف بی ئای. 

زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن جیهاد سیروان لە ئێستادا بەرپرسی هەردوو دەزگای بنبڕکردنی سیخوڕی و دروستکردنی بۆمبە تەوقیتکراوەکانە لە ناو ڕێکخراوی تیرۆریستی گەنجانی سۆماڵ. 


دەزگاکە رونیدەکاتەوە "جیهاد لە نێوان ساڵانی 2008 تا 2017، چالاکی چڕی تیرۆرستی ئەنجامداوە لەگەڵ ڕێکخراوی گەنجانی سۆماڵی و زیانی زۆری بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئەفریقا گەیاندووە. 

ئیرن وێستفوڵ، سەرپەرشتیاری تایبەتی ئێف بی ئای، لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رونیکردەوە " لەلایەن ئەو تیرۆریستەوە هەموو هاووڵاتییەکی ئەمریکی کراوەتە ئامانج". 

ئێف بی ئای، جەخت دەکاتەوە "جیهاد لەسەر کارە تیرۆریستیەکانی بەردەوامە و لەگەڵ رێکخراوی گەنجاندا کاردەکات و لەوە دەچێت لە کەمپێکی وڵاتی سۆماڵەوە ئەم قسانەی کردبێت، ئەو بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزیش باش قسە دەکات. 

ئێف بی ئای داوا دەکات هەر کەسێک زانیاری لەبارەوە هەیە پەیوەندی بەو ژمارە تەلەفۆنانەوە بکات کە فەراهەمکراوە بۆ ئەو کارە یان پەیوەندی بە نزیکترین باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە بکات. 

بەگوێرەی راگەیەندراوەکانی دەزگای هەواڵگری ئێف بی ئای،  جیهاد سیروان مستەفا تەمەنی 37 ساڵە و هاووڵاتییەکی ئەمریکییە و گەورەترین تیرۆریستە کە دژی ئەمریکا لە ئێستادا شەڕ دەکات و ئەو لە سەنتیاگۆ گەورە بووە و پاشان چووە بۆ سۆماڵ و بۆتە یەکێک لە ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی گەنجانی سۆماڵ. 

بەگوێرەی ئێف بی ئای جیهاد درێژییەکەی شەش پێ و یەک ئینجە، کێشی 170 پاوەندە و چاوی شینە و دەستی راستی بریندارە و خەتێکی زامداری پێوەیە. 


ئێف بی ئای  یاخود نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئاژانسێکی حکومییە سەر بە وەزارەتی دادی ئەمریکا و وەک ئاژانسێکی هەواڵگری نێوخۆیی کار دەکات ، ئەو دەزگایە دەسەڵاتی دادوەری بەسەر زیاتر لە 200 جۆر تاوانی فیدراڵی هەیە. ساڵی 1908 لەژێر ناوی نوسینگەی لێکۆلینەوەکان دامەزراوە و پاشان لە ساڵی 1935 ناوەکەی گۆڕاوە. 
بارەگای سەرەکی لە شاری واشنتۆنە و 56 نوسینگەی لێکۆڵینەوەی مەرکەزی هەیە لە شارەکانی ئەمریکا و هەروەها زیاتر لە 350 نوسینگەی لۆکاڵی لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی ئەمریکا هەیە ئەمە جگە لە 60 نوسینگەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە کونسوڵخانە و  باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لەسەرتاسەری جیهان، نزیکەی 40 هەزار کارمەندی هەیە و بودجەی ساڵانەی زیاتر لە 8 ملیار دۆلارە. 
  



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2020-02-07
زیاتر...


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]