زانیاری لەبارەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی کە قاسم سولەیمانی کوشت.. نرخەکەی چەندە؟
زێد نیوز:
بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یاخود درۆن بۆتە ئامڕازێکی سەرەکی لە ناوچەکانی ململانێ و شەڕ بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یاخود درۆن بۆتە ئامڕازێکی سەرەکی لە ناوچەکانی ململانێ و شەڕ بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لەنوێترین ئۆپڕاسیۆنیشدا لەلایەن سوپای ئەمریکاوە لە کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، بەکارهێنرا .
ئەمریکا چەندین جۆری لەو فڕۆکانە هەیە کە گرنگترینیان درۆنێکە بەناوی (ئێم کیو ناین-ریبەر)، کە ئۆپراسیۆنەکەی کوشتنی سولەیمانی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، پێ جێبەجێکرا.
ئەو درۆنە چییە و لەچی پێکهاتووە:
بەگوێرەی پۆڵێنکارییەکانی بەشی چەکە ئاسمانییەکانی ئەمریکا درۆنی(ئێم کیو ناین-ریبەر)، فڕۆکەیەکی چەکدارە کە لەتوانایدا هەیە چەند ئەرکێکی جیاواز جێبەجێ بکات و دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر لە فڕیندا بێت.
ئەو درۆنە لەتوانایدا هەیە بە پانتایی 1150 میل و بە بەرزی 50 هەزار پێ بفڕێت، واش دروستکراوە کە هێرشەکانی لە دورەوە جێبەجێ بکات.
خاوەن تواناییەکی گەورەی پێکانی ئامانجەکەیەتی بەشێوەیەکی رێکوپێک و ورد.
چەکی زۆر کاریگەریشی هەڵگرتووە و دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر مناوەرە بکات و خۆشی بپارێزێت.
باڵهكهی 66 پێ درێژه و قورساییهكهی 2227 كیلۆگرامە.
جگە لە هێرشکردن دەشتوانێت بە ئەرکی چاودێریکردن و کنە و پشکنین هەڵبسێت، هەروەها لە گەڕان و ئۆپراسیۆنی ئازادکردندا بەکاردەهێنرێت.
درۆنەکە لە دورەوە لە رێگەی فڕۆکەوانێکەوە دەخرێتە کار ، تێچووی هەر دانەیەک بە نزیکەی 16 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.
هەتا مانگی سیپتەمبەری 2015 هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا 93 درۆنی لەو جۆرەیان هەبووە ، لەگرنگترین سیما دیارەکانی ئەم درۆنە ئەوەیە کە دەنگی کەمە ، وەک بەڵگەیەک بۆ پیشکەوتنی گەورە لەبواری دروستکردنی درۆن دەهێنرێتەوە کە دەتوانرێت لە دورەوە بەکاربهێنرێت و هەڵسوڕێنرێت .
ئەمریکا لە راوەدونانی چەکدارانی داعش و تیرۆریستان لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان ، بەتایبەتی لە عێراق و یەمەن و ئەفغانستان و سۆماڵ زۆر پشتی بە بەکارهێنانی درۆن بەستووە .
بەگوێرەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیسیش لە عێراق بە بۆردومانی ئەو درۆنە کوژراوون.
پەنتاگۆن لەبارەی کوشتنی سولەیمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد بە بڕیاری راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سوپای ئەمریکا و وەک کارێکی پاراستنی ئەمریکییەکان لە دەرەوە، کوشتنی قاسم سولەیمانی جێبەجێکردوە .
کوشتنی سولەیمانی و موهەندیسیش دوای تێپەڕینی چەند رۆژێک بوو بەسەر گردبوونەوەی لایەنگر و ئەندامانی حەشدی شەعبی لەبەردەم کونسوڵخانەی ئەمریکا لە بەغدا و هێرشکردن و هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەکە و سوتاندنی بەشێک لەدیوارەکانی کە ئەو کارەش ئەمریکای زۆر توڕە و نیگەران کرد.
|
زیاتر...