سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
ڕاپۆرت

لیندسی هێڵتۆن ئەو کچەی نەبوونی دەست و قاچی نەبووە ڕێگر لە بەدیهێنانی خەونەکانی

زێد نیوز:

لیندسی هێڵتۆن ئەو کچەی سەلماندی کەمئەندامی تەنها شتێکی دەرونییە نەوەک شتێكی دیکە و نەبوونی دەست و قاچی نەبووە ڕێگر لە بەدیهێنانی خەونەکانی و بەبێ بوونی دەست و قاچ بووە یاریزانی ڕەگبی.


زۆرێک لەو کەسانەی بە ئومێدەوە ژیان دەکەن و هیچ بیانویەک بۆ کارەکانیان ناهێننەوە و بەردەوام هەوڵ بۆ سەرکەوتن دەدەن، هیچ شتێك نابێتە ڕێگر لەبەردەم حەز و ئارەزوەکانیاندا.

لیندسی هێڵتۆن، یەکێکە لەو نمونانە، کە بەبێ بوونی دەست و قاچ سەرکەوت بەسەر هەموو ئاستەنگەکاندا و جگە لەوەی یاری لەشجوانی و بەرزکردنەوەی قورسایی دەکات توانی ببێتە یاریزانی ڕەگبیش کە یەکێک بوو لە ئارەزووەکانی.

لیندسی بە ڕەگەز کەنەدییە و تەمەنی ٣٠ ساڵە، ئەو بەبێ دەست و قاچ لەدایک بووە و هەر لە منداڵییەوە خولیای وەرزش و یاری ڕەگبی بووە، بەڵام زۆرێک پێیانوابووە ئەستەمە کەسێک بەبێ بوونی دەست و قاچ بتوانێت یاری بکات.

لیندسی لە قۆناغی ئامادەییەوە لە قوتابخانە دەستی بەیاریکردن کرد و توانی بیسەلمێنێت هیچ شتێک ئەستەم نییە و لە پێشبڕکێی (burpee) سەرکەوتنی بەدەستهێنا،لە پاڵ ئەوەشدا دەستی  بە ڕاهێنانی بەرزکردنەوەی قورسایی کرد بۆ بەهێزبوونی جەستەی.

لیندسی دەڵێت، ئاشقی نان خواردنە، بۆیە ناچارە زیاتر ڕاهێنان بکات بۆ ئەوەی کێشی زیاد نەکات و جەستەی بە بەهێزی بمێنێتتەوە و بڵاوبونەوەی وێنەو ڤیدیۆکانیشی لەکاتی ڕاهێناندا زۆرترین بینەری لەدەوری خۆی کۆکردۆتەوە.

لیندسی جگە لەوەی لە بەدیهێنانی حەز و ئارەزووەکانیدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە جارێکی دیکە سەرکەوتوو بووە و ماوەی چوار ساڵە هاوسەرگیری کردووە لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا کە ناوی میت میلانسۆنە.

یەکێکی دیکە لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی لیندسی، ئەوەیە کە شۆفیری دەکات و مۆڵەتی شۆفێریشی هەیە، کە سەرجەم ئەو کارانەی لیندسی کەسانی چواردەوری توشی سەرسوڕمان کردووە و ئەو سەلماندویەتی، ئەنجامدانی هیچ کارێک مەحاڵ نییە.


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2020-01-06
زیاتر...


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]