سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
ڕاپۆرت

قاسم سولەیمانی کێ بوو؟ ئەو کەسەی پایتەختی 4 وڵاتی لەژێر دەستدا بوو

زێد نیوز:

قاسم سولەیمانی ئەو فەرماندە سەربازییەی ئێران، پایتەختی چوار وڵاتی ناوچەکەی خستبووە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە و سیاسەتی وڵاتەکەی لەو وڵاتانە پەیڕەو دەکرد.



قاسم سولەیمانی ساڵی ١٩٥٥ لە شاری قوم باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە خانەوادەیەکی هەژار لەدایک بووە، تەنها خوێندنی ناوەندی تەواوکردووە و کاری کرێکاری کردووە. دواتر لە فەرمانگەی شارەوانی کرمان کاری کردووە، تا شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا.

دوای سەرکەوتنی شۆڕش لە ئێران، سەرەتاکانی ساڵی ١٩٨٠ پەیوەندی بە فەیلەقی قودس سەر بە سوپای پاسدارانەوە دەکات.

سولەیمانی وەکو فەرماندەی سەربازی بەشداریی جەنگی نێوان عێراق- ئێرانی لە ساڵانی 1980 بۆ 1988دا کردوە و لەو کاتەدا کراوەتە فەرماندەیی فەیلەقی 41ی لە پارێزگای کرمان، دواتریش پلەکەی بەرزکراوەتەوە و وەک یەکێک لە فەرماندە سەربازییە باڵاکان لەناوی سوپای ئێراندا لە سەر سنوور ئەرکی پێدراوە.


ساڵی ١٩٩٨ لە شوێنی ئەحمەد وەحیدی کراوە بە فەرماندەی فەیلەقی قودس، و لە ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١١دا پلە سەربازییەکەی لە عەقیدەوە بەرزکراوەتەوە بۆ لیوا.


ئەمریکا ناوی قاسم سولەیمانی خستبووە لیستی تیرۆری وڵاتەکەی و وەک تیرۆریست و پاڵپشتیکار لە تیرۆر لەقەڵەمی دابوو، بەپێی بڕیارەکەی ئەمریکا هیچ هاووڵاتییەکی ئەمریکی مافی مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ سولەیمانیدا نەبووە.

هەروەها بەپێی بڕیاری ژمارە ١٧٤٧ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، سولەیمانی لە لیستی ئەو کەسانەدا بووە کە سزای بەسەردا سەپێنرابوو.
ساڵی 2007 بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و لە چوارچێوە سنوردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، قاسم سلێمانی خراوەتە ناو لیستی ئەو بەرپرسانەی کۆماری ئیسلامی کە پێویست دەکات چاودێری بکرێن.


لە ١٨ی ئایاری ٢٠١١دا، ئەمریکا جارێکی دیکە لەگەڵ سەرۆکی رژێمی سووریا، بەشار ئەسەد و چەند بەرپرسێکی دیکەی رژێمی سووریا سزای بەسەر سولەیمانییدا سەپاند بەهۆی تێوەگلانی بە پاڵپشتی دارایی بۆ رژێمی ئەسەد.

لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١١دا، گۆڤاری فەرمی یەکێتی ئەورووپا ناوی سێ فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە لیستی سزاکانییەوە کە سولەیمانی یەکێک بووە لەو سێ فەرماندەیە، بەهۆی پاڵپشتیی بۆ رژێمی سووریا.

سولەیمانی یەکێک بوو لەو کەسانەی پەیوەندییەکی بەهێزی هەبوو و لەگەڵ بەرپرسان و کەسایەتییە سیاسییەکان و حزبەکانی وڵاتانی عێراق، سوریا، یەمەن، لوبنان، هەر بەوهۆیەوە ئێران لەڕێگەی سولەیمانییەوە پایتەخت و حکومەتی ئەو وڵاتانەی کۆنترۆڵ کردبوو و لەڕێگەی ئەوەوە سیاسەتی ئەو وڵاتانەی بەڕێوەدەبرد.

رۆژی 3ی کانونی دوەم قاسم سولەیمان لەگەڵ فەرماندەیەکی باڵای حەشدی شەعبی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لەلایەن ‌هێزەکانی ئەمریکاوە بە موشەک کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیان بۆردومانکران و لەگەڵ 8 کەسی دیکەدا کوژران.


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2020-01-06
زیاتر...


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]