فەرید ئەسەسەرد: پارتی دەیەوێت تۆڵەی خۆی لەیەكێتی بكاتەوە
زێد نیوز:
فەرید ئەسەسەرد ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "تێروانینمان وایە پارتی دەیەوێت تۆڵەی خۆی لەیەكێتی نیشتمانی بكاتەوە".
فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەمیانەی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، ئاماژە بەوە دەكات "پارتی مەرجی نیە بۆ لایەنەكان بەڵام تێڕوانینەكانی بۆ پێش ئەم كابینەیە دەگەڕێتەوە، بۆ پێش پێكهێنانی حكومەت لەبەغداد".
دەشڵێت "ئێمە تێروانینمان وایە پارتی دەیەوێت تۆڵەی خۆی لەیەكێتی نیشتمانی بكاتەوە هەم لەم هەوڵانەی ئێستای لەناوخۆی هەرێم كەنایەوێت شەریكایەتی ڕاستەقینە لەنێوان حیزبەكانی ناو دەسەڵات بێتە ئاراوە ئەمە بەدڵنیاییەوە هەلومەرجێكی ئاڵۆزی دروست كردووە ئەگەر پارتی دەستبەرداری ئەم ڕەفتارەی نەبێت پێم وایە هەرێم بەرەو هەلومەرجێكی نادیار دەچێت، كە حكومەتی هەرێم زۆر درەنگ پێكدێت."
ئەسەسەرد روونیدەكاتەوە "بژاردەی یەكەممان ئەوەیە كەبەشداری لەحكومەتدا بكەین بەڵام ئەگەر ئەوەی كە خۆمان داوای دەكەین كە بریتیە لە بەشداری ڕاستەقینە نەیەتە ئاراوە بەدڵنیاییەوە ئەو كاتە ناچار دەبین بچینە سەر بژاردەی دووەم".
لەبارەی بژاردەی دووەمی حزبەكەی، ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی، جەخت دەكاتەوە" لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی و كۆبونەوە تایبەتیەكانی خۆمان كە بەرنامەمان دانا بۆ لیژنەی دانوستانكار بۆ پێكهێنانی كابینەی تازە لەوێش هەروا باسمان كردووە كە بژاردەی دووەممان بەشداری نەكردنە لەحكومەت".
روونیشیدەكاتەوە "ئەگەر دۆخەكە بگاتە ئەو ڕادەیەی یەكێتی لەدەرەوەی دەسەڵات بێت و ببێتە ئۆپۆزسیۆنو بەشداری حكومەت نەكات لەهەرێمی كوردستان دۆخێكی تایبەت دێتە ئاراوە دەتوانم بڵێم نیو حكومەت لە ئارادا دەبێت و ناتوانرێت حكومەتی سەرتاسەری بێت دەسەڵاتی هەبێت بەسەر هەموو كوردستاندا، پێم وانیە ئەو كات شتێك بونی هەبێت ناوی حكومەتی هەرێم، هەتا ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕانیش بەشداری بكات، ئەوكاتە دەبێتە هێزی یەكەم و سێیەم كە حكومەت پێكدەهێنن بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ڕەنگە گۆڕانیش بەشداری لەحكومەتدا نەكات، هەرچەندە لێكتێگەیشتنێكی لەوجۆرەمان لەگەڵ گۆڕان نیە بەڵام ئەگەر مەسەلەكە هاتە ئەو ڕادەیە من پێم وانیە ئەوانیش خۆیان تێوەبگلێنن لەكێشەیەكی زۆر گەورە، ئەگەر پارتی دەستبەرداری ئەم ڕەفتارەی نەبێت پێم وایە هەرێم بەرەو هەلومەرجێكی نادیار دەچێت، كە حكومەتی هەرێم زۆر درەنگ پێكدێت."
دوێنێ (سێشەممە) وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە حزبی براوەی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی هەرێمی كوردستانە، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم سەردانی شاری سلێمانی كرد و لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبوەوە.
دەربارەی كۆبونەوەكە فەرید ئەسەسەرد ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت "ئێمە پێشبینیمان نەدەكرد پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەت بەم شێوەیە ئاڵۆز بێت هەروامان دەزانی وەك كۆبونەوەكانی پێشترە بە ئاسانی كابینەی نوێی لێدەكەوێتەوە بەڵام ئێستا هەلومەرجێكی نوێ هاتۆتە ئاراوە كە "مەسەلە"كەی زۆر ئاڵۆز كردووە لەبەر ئەوە پێشبینی ناكرێت كابینەی نوێی حكومەت لەكوردستان بەم نزیكانە پێكبهێنرێت ئەگەر لایەنەكان بەتایبەت سێ لایەنە سەرەكیەكە نەتوانن زاڵ بن بەسەر ئەو تەگەرانەی هاتونەتە بەردەم پڕۆسەكە."
ئەسەسەرد لەبارەی ئاڵۆزی و تەگەرەكانەوە ڕونیكردەوە" پەیوەندی هەیە بەو نەخشە سیاسیە تازەیەی لەكوردستان هاتۆتە ئاراوە كە تێڕوانینی تازە دێنێتە ئاراوە لەگەڵ نەریتی 25 ساڵدا ناگونجێت لەسەردەمی بەرەی كوردستانیەوە واهاتووە كەهەمووان پێكەوە بەهاوبەشی حكوم بكەن بەڵام ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كەهەندێك حیزب زۆرینەیە هەندێكیش مام ناوەند هەندێك كەمینە تێڕوانینی نوێی هێناوەتە ئاراوە كە ڕەوشەكەی ئاڵۆز كردووە، هەروەها پەیوەندییەكانیش لە پێش هەڵبژاردن وە لەدوای هەڵبژاردن گۆڕانكاری لەپەیوەندییەكان هێناوەتە ئاراوە لەسەر ئاستی هەرێم وە كەركوك هەروەها بەغداد لە قۆناغی پێشتر ڕاستە جیاوازی لەنێوان لایەنە سیاسیەكان هەبوو بەڵام نەگەیشتبووە ئاستی ڕكابەری و دژایەتی ئێستا ڕكابەری لەنێوان لایەنەكان تا ڕادەی دژایەتی هەم لەسەر كەركوك هەم لەبەغداد هەم لەهەرێم هەیە كەپێشتر تا ڕادەیەك لەسەر كەركوك و بەغداد لایەنەكان هاوڕا بوون، جگە لەوەی هێنانە پێشەوەی بابەتی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە زیاتر ڕەوشەكەی ئاڵۆزتر كردووە."
دەربارەی ئەوەی تا چەند كێشەكانی پارتی و یەكێتی لەسەر كەركوك و وەزارەتی داد لەبەغداد كاریگەری و ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لەنێوان پارتی و یەكێتی، فەرید ئەسەسەرد وتی" بێگومان بابەتی سەرۆك كۆمار و پێنەدانی وەزارەتی داد و ئەو بابەتانە بەشێكی گرنگی ئەو كێشانەیە كە ئێستا ڕەنگدانەوەی هەیە لەسەر ئەو پڕۆسەیەی كە لە ئارادایە، ناكرێت لەهەرێم گفتوگۆی بەشداری دەسەڵات و حكومڕانی بكرێت باسی دۆستایەتی بێت بەڵام لەكەركوك و بەغداد ڕكەبەرایەتی و دژایەتی هەبێت، بۆیە هەوڵ دەدرێت هەموو ئەوانە بەیەك "پاكێج" چارەسەر بكرێت كە بابەتیش بووە "پاكێج" بەدڵنیایی چارەسەركردنی قورسە هەرچەندە دەرچە هەیە بەڵام بە ئاسانی نا."
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاماژەی بەهەڵوێستی یەكێتی كرد وتی" ئەگەر ئێـمە لەم قۆناغە نەبوین بە ئەندامێكی دیاریكراو بۆ جێ بەجێ كردنی شەریكایەتیەكی ڕاستەقینە لەحكومڕانیدا لەهەرێمی كوردستان وە چارەسەركردنی ناكۆكیەكانمان "مەبەستم ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی" لەكەركوك و بەغداد بەدڵنیایەوە دەبێت بیر لەوە بكەینەوە بەشداری لەحكومەتدا نەكەین ئەو كاتە بەدڵنیاییەوە هەلومەرجێكی تازە دێتە ئاراوە پارتی دیموكراتی كوردستان بەتەنها یا لەگەڵ هەندێك حیزبی بچوكدا دەبێت حكومەت پێكبهێنێت و ئەوە بەدڵنیاییەوە بۆ هەرێمی كوردستان كێشەیەكی زۆر گەورە دەبێت."
بەوتەی فەرید ئەسەسەرد" پارتی لەبەغداد تۆڵە لەیەكێتی دەكاتەوە كاتێك یەكێتی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی ڕێككەوت بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی داد، بەڵام دوای سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغداد پەشیمان بویەوە، هەتا لەبەغداد پێیان وتین پارتی ڕازی بووە كە واز لەو پۆستە بهێنێت تەنانەت بدرێتە هەر كەس و لایەنێكی تر یا كوردێك بەس نەدرێتە یەكێتی."
وتیشی بابەتی تۆڵەكردنەوە لەكوردستان زۆر ڕون نیە بەڵام ئێمە دەمانەوێت بابەتی "شەراكەت" ڕاستەقینەیی بێت، بڕیارەكان لە ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان بە "شەراكەت" بێت نەك بەزۆرینە و كەمینە پارتی دیموكراتی كوردستان دەتوانێت هەموو یاسایەك ئەگەر دژی ئێمەش بێت تێپەڕێنێت، وە لە ئەنجومەنی وەزیرانیش ئەگەر بەزۆرینە و كەمینە كاربكات."
فەرید ئەسەسەرد ئەوەشی وت" ئەگەر یەكێتی بەشداری حكومەت نەكات و لەدەرەوەی دەسەڵات بێت ببێتە ئۆپۆزسیۆن من پێم وایە حكومەتێك دروست دەبێت لەكوردستان كەدەسەڵاتی بەسەر هەموو كوردستاندا نابێت ئەمە كێشەیەكی گەورەیە لەكاتێكدا ئێمە حكومەتێكمان دەوێت لەزاخۆ تا خانەقین دەسەڵاتی هەبێت، پێم وایە ئەگەر دۆخەكە بگاتە ئەو ڕادەیەی كە یەكێتی لەدەرەوەی دەسەڵات بێت و ببێتە ئۆپۆزسیۆن و بەشداری حكومەت نەكات لەهەرێمی كوردستان دۆخێكی تایبەت دێتە ئاراوە دەتوانم بڵێم نیو حكومەت لە ئارادا دەبێت و ناتوانرێت حكومەتی سەرتاسەری بێت."
سەبارەت بەوەی ئەگەر یەكێتی بەشداری حكومەت نەكات ئایا حكومەتی داهاتووی هەرێم دەسەڵاتی نابێت بەسەر ناوچەی سلێمانی؟
ئەسەسەرد ڕایگەیاند" لەڕووی ڕەسمیەوە كوردستان هەمووی یەك پارچەیە بەڵام لەڕووی "فیعلی"یەوە ئەم ناوچەیە ئێـمە خۆمان دەیزانین لەگەڵ ئەوەی حكومەت یەكی گرتۆتەوە بەشێكی زۆر لەدامودەزگاكانیش یەكیان گرتۆتەوە بەڵام ئێستاش شوێنەواری دوو ئیدارەیی هەر لە ئارادایە، خۆ ئەگەر دوو حیزبە سەرەكیەكەی دەسەڵات یەكیان لەدەسەڵات بوون ئەوی تریان لەدەرەوەی دەسەڵات بێت پێم وانیە شتێك بونی هەبێت ناوی حكومەتی هەرێم، هەتا ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕانیش بەشداری بكات، ئەوكاتە دەبێتە هێزی یەكەم و سێێەم كە حكومەت پێكدەهێنن بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ڕەنگە گۆڕانیش بەشداری لەحكومەتدا نەكات، هەرچەندە لێكتێگەیشتنێكی لەوجۆرەمان لەگەڵ گۆڕان نیە بەڵام ئەگەر مەسەلەكە هاتە ئەو ڕادەیە من پێم وانیە ئەوانیش خۆیان تێوەبگلێنن لەكێشەیەكی زۆر گەورە ."
هەروها ئەسەسەرد لەبارەی جیاوازییەكانی پارتی و یەكێتی وتی: كاتێك كە ئێمە پێناسەی شەراكەتی ڕاستەقینە دەكەین تێڕوانینی ئەوان تەواو جیاوازە لەهی ئێمە ئەوان باس لەوە دەكەن لەبەر ئەوەی ئەوان زۆرینەن، دەبێت زۆربەی زۆری مەسەلەكان لای ئەوان بێت ئێمە دانمان بەوەدا ناوە كە دوو پۆستە سەرەكیەكە پۆستی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت لای ئەوان بێت بەڵام لەخوار ئەوانەوە دەیێت شەراكەتی ڕاستەقینە هەبێت لەپڕۆسەی دروستكردنی بڕیار لەناو ئەنجومەنی وەزیران وە پەیوەندی لەگەڵ بەغداد و وڵاتانی دەرەوە ئەمە كێشەیەكی سەرەكیە لەنێوانمان ئەگەر چارەسەری نەكەین بەدڵنیاییەوە هەرێمی كوردستان دەچێتە دۆخێكی نالەبارەوە."
|
زیاتر...