سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
چاوپێکەوتن

وتەبێژی یەكگرتوو: دەرگای چوار لایەنەكە بەڕووی پارتی و یەكێتیدا كراوەیە

زێد نیوز:



زێد نیوز: 

د.هادی عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و وتەبێژی یەكگرتوو رایدەگەیەنێت "پێشتر ئامادەیی نەبوو لەلایەن ئەو چوار لایەنەوە بۆ گفتوگۆـ بەڵام دوای كۆبونەوەی چوار لایەنەكە و ڕاگەیەنراوە هاوبەشەكە ئێستا دەرگای چوار لایەنەكە بەڕووی پارتی و یەكێتیدا كراوەیە بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ". 

وتیشی "بێگومان چاوەڕێی ئەوە دەكەین ئەوان سەردانی چوار لایەنەكە بكەن". 

د.هادی عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و وتەبێژی ئەو حزبە لەمیانەی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، ئاماژە بەوە دەكات "ئێمە ئەو دەرئەنجامانەی جیاكردنەوەی دەنگەكانمان بەدەست ڕەتكردەوە چونكە بڕیارەكان بۆ جیاكردنەوە و ئەژماركردنوەی دەنگەكان وەك خۆی جێ بەجێ نەكرا، ئەوە تەنها بۆ شەرعیەت دان بوو بە دەرئەنجامەكانی پێشووی هەڵبژاردن سكاڵاشمان تۆماركردووە ، وە ئەگەر تانەكان ئەنجامی نەبوو ئەوا هەموو ڕێگا یاساییەكانی دیكە دەگرینە بەر".

لەبارەی كاریگەری هەڵوێستی چوار لایەنەكە لەسەر ئاستی دەنگەكانی ئەو چوار حیزبە لەهەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، د.هادی عەلی وتی" هیوادارین خەڵكی كوردستان تۆڵەی هەڵبژاردنەكانی (١٢ی ئایار) بكاتەوە و بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن بەتایبەت لایەنگرانی ئەو چوار لایەنە، چونكە ئەگەر دەنگ نەدەن، لایەنەكانی دەسەڵات لێی سودمەند دەبن ، ئێمە ئەوەی لەدەستمان هات وەك چوار لایەنەكە بەزیادەوە كردمان هەتا كۆمسیۆن سڕكرا وە یاسا دەركرا بەڵام بەداخەو ئەنجامەكان بەهەمان شێوە وەك خۆی ڕاگەیەنرایەوە، ئێستاش هەموو ڕێگەیەكی یاسایی دیكە دەگرینەبەر".

 دوای كۆبونەوەی چوار لایەنەكە و ڕاگەیەنراوە هاوبەشەكە ئێستا دەرگای چوار لایەنەكە بەڕووی پارتی و یەكێتیدا كراوەیە بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ  
ڕۆژی شەممە چوار لایەنی هەرێمی كوردستان كە بەلایەنە ناڕازییەكان ناودەبرێن، كۆبونەوە، لەپاش كۆبونەوەكەش راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە و تیایدا هاتبوو "دیالۆگی نیشتمانی بەرپرسیارانە بەپێویست دەزانین".

ڕۆژی دووشەممە هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەكتەبی دەرەوەی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەدەنگی ئەمریكای وت"خۆی ئەوە كێشەكەیە كە ئەو لایەنانە لەهەمان كاتیشدا ڕایانگەیاندووە كە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەدەست ڕەتدەكەنەوە بۆیە دەبێت هەڵوێستی خۆیان ڕونتر بكەنەوە ئایا ئامادەن لەپڕۆسەی سیاسی داهاتوو بەشداربن ؟وە ئامادەن لەگەڵ پارتی و یەكێتی دابنیشن؟، تا ئێستا ئەو لایەنانە وەك پێویست هەڵوێستیان ڕۆشن نیە ".

د.هادی عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەوەڵامی پرسیارەكەی بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا لەبارەی مەبەستی ئەو لایەنانە وتی"ئەو دیالۆگە نیشتمانیەی وەك چوار لایەنەكە داوامان كرد مەبەستمان بوو كە ئێمە بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەڕۆین حاڵەتێكی نائاسایی لەنێوان لایەنە كوردییەكاندا هەیە یەكێك دەڵێت با دوابخرێت، یەكێكیش دەڵێ بایكۆت، یەكی تر لەگەڵ هەڵبژاردنە، مەبەستمانە هەموو لایەنەكان پێكەوە دابنیشین و چارەسەر بۆ ئەو حاڵەتە نائاساییە بدۆزینەوە".

 هێشتا بڕیاری ئەوە وەرنەگیراوە كەلەگەڵ پارتی و یەكێتی بەیەك وەفد بچینە بەغداد  
دوێنێ سێشەممە سەعدی پیرە وتەبێژی فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەدەنگی ئەمریكای وت"خاوبوونەوە لە هەڵوێستی چوار لایەنەكە بەدی دەكرێت هەتا دوای بەیاننامەكە قسەم لەگەڵ وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان و سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی كرد ئەوانیش ئەو خاوبوونەوەیە بە ئیجابی وەسف دەكەن".

سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان قسەكەی وتەبێژەكەی یەكێتی ڕەت ناكاتەوە و دەڵێت"هۆكاری ئەو خاوبونەوەیە بەرژەوەندی باڵای میلەتەكەمانە چونكە ناوچەكە و عیراق خۆی ڕوبەڕووی كۆمەڵێك كێشە و گرفت بۆتەوە لەپێناو پاراستنی بەرژەوندییە باڵاكانی گەلەكەمانە".

هەریەكە لە سەعدی پیرە و هۆشیار سیوەیلی لەوتوێژەكانیاندا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا ئامادەیی پارتی و یەكێتیان پیشاندابوو بۆ كۆبونەوە لەگەڵ چوار لایەنەكە، سەعدی پیرە وتبووی"ئەوان بێن بۆ گفتوگۆ دەرگامان كراوەیە، یاخود ئەوان بیانەوێت و پێیان گرنگ بێت ئێمە خۆمان سەردانیان دەكەین".

لەوەڵامی پرسیارێكی دەنگی ئەمریكا سەبارەت بەوەی ئایا چوار لایەنەكە ئامادەن لەگەڵ پارتی و یەكێتی گفتوگۆ بكەن، د.هادی عەلی وتی" پێشتر ئامادەیی نەبوو لەلایەن ئەو چوار لایەنەوە بۆ گفتوگۆ بەڵام دوای كۆبونەوەی چوارلایەنەكە وە ڕاگەیەنراوە هاوبەشەكە ئێستا دەتوانم بڵێم دەرگای چوار لایەنەكە بەڕووی پارتی و یەكێتیدا كراوەیە بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ بێگومان چاوەڕێی ئەوە دەكەین ئەوان سەردانی لایەنەكان بكەن".

سەبارەت بەوەی ئایا چوار لایەنەكە ئامادەن لەگەڵ وەفدی هاوبەشی پارتی و یەكێتی سەردانی بەغداد بكەن بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە عیراقیەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی وتی "هێشتا بڕیاری ئەوە وەرنەگیراوە كەلەگەڵ پارتی و یەكێتی بەیەك وەفد بچینە بەغداد ".

هەروەها دەربارەی ئەوەی چوار لایەنەكە لەپڕۆسەی سیاسی (پەرلەمان و حكومەت)ی عیراق لەداهاتوو بەشداری دەكەن، د.هادی عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وتی"ئەم چوار لایەنە ڕاستە یانزە كورسییان هەیە، ڕاستە ناڕازین لەو ئەنجامانە بەڵام ئەم یانزە كورسیە كاریگەری خۆی هەیە بۆیە وامان بەباش زانی هەر چوار لایەنەكە بەشداری لەپەرلەمانی عیراق بكەین بەڵام سەبارەت بەبەشداری لەحكومەت هێشتا قسەیەك لەبارەوە نەكراوە".


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2018-12-10
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]