سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
چاوپێکەوتن

سەعدی ئەحمەد پیرە : خاوبونەوە لەهەڵوێستی چوار لایەنەکە بەدیدەکرێت

زێد نیوز:


زێد نیوز: 

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت "خاوبوونەوە لە هەڵوێستی چوار لایەنەکە بەدی دەکرێت هەتا دوای بەیاننامەکە قسەم لەگەڵ وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان و سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی کرد ئەوانیش ئەو خاوبوونەوەیە بە ئیجابی وەسف دەکەن". 

وتیشی "ئەوان بیانەوێت و پێیان گرنگ بێت ئێمە خۆمان سەردانیان دەکەین بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو پڕۆژە هاوبەشەی ئامەدەمان کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان". 


سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان له‌میانه‌ی چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا باسی لەهەوڵەکانی پارتی و یەکێتی کرد بۆ یەکخستنی لایەنە کوردییەکان بەمەبستی پێکهێنانی شاندی هاوبەشی کوردەکان بۆ بەغداد و وتی"ئەگەر ئەوان ویستیان سەردان بکەن ئەوا پێشوازییان لێدەکەین بۆ ئەوەی سەیری ئەو پڕۆژەیە بکەن کە ئامادەمان کردووە گفتوگۆی لەسەر بکەین هەتا ئەو جێیەی بتوانن لە دەستەی هاوبەشی بەشداربن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان خۆ ئەگەر ئەون نەهاتن و بەلایانەوە گرنگە ئێمە دەچین سەردانیان دەکەین".

ڕۆژی شەممە چوار لایەنی هەرێمی کوردستان کە بەلایەنە ناڕازییەکان ناودەبرێن، کۆبونەوە، لەپاش کۆبونەوەکەش لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایانگەیاند" دیالۆگی نیشتمانی بەرپرسیارانە بەپێویست دەزانین".

وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەیاننامەی ئەو لایەنانەی بەناڕازی ناودەبرێن بە ئیجابی وەسفکرد و وتی" لەگەڵ کاک مەحمود محەمەد و کاک فازیل لەسەر ئەو بەیاننامەیەی چوار لایەنەکە قسەمان کرد ئەوانیش هەڵوێستیان وابوو کە ئەم خاوبوونەوەیەی ئەو چوار لایەنە بە ئیجابی دەنرخێنن وە ئامادەییان بۆ گفتوگۆ بە ئیجابی دەنرخێنن وە بابفەرموون بۆ دیالۆگ لەسەر ئەم پڕۆژەیەی ئامادەکراوە لەسەر هەرشتێکی تر کە پەیوەندی بە ئایندەی عێراقەوە هەیە".

 لەگەڵ کاک مەحمود محەمەد و کاک فازیل لەسەر ئەو بەیاننامەیەی چوار لایەنەکە قسەمان کرد ئەوانیش هەڵوێستیان وابوو کە ئەم خاوبوونەوەیەی ئەو چوار لایەنە بە ئیجابی دەنرخێنن  
لە بارەی ڕەخنەی لایەنە ناڕازییەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان سەعدی پیرە وتی" من پێم وانیە هیچ کەسێک بە ئەنجامێک ڕازی بێت کە تێیدا دۆڕابێت بۆیە بەلای ئێمەوە ئاساییە ئەگەر ئەوان زۆر خۆشحاڵ نەبن بەو ئەنجامە ئەوەی کەبەلای ئێمەوە زۆر گرنگ بوو ئەوەبوو کە ئەوان زوو دیقەتیان بکردایە لەو هەموو ناو و ناتۆرە و وشەی نەشیاوە بۆ دەنگدەران و چالاکوانانی سلێمانی و کەرکوک وە سوکایەتی کردن بە ئەنجامە پیرۆزەکەی هەڵبژاردنی کەرکوک ئەو کەرکوکەی عێراق بەهێز داگیری کرد بەڵام یەکێتی بەدەنگ لێی سەندەوە ، دەبوایە ئەوە ڕەچاوبکرایە و هەرشتێک بوایە باسی کەرکوکیان نەکردایە وە بەلایانەوە سەیر نەبێت کە دەنگدەر و چالاکوانی کەرکوک سکاڵایان لەسەر تۆماربکەن و بیانهێننە بەردەم دادگا".

پیرە ئاماژەی بەوەشکرد" ئێمە پێمان گرنگە دەنگێکی نەشاز لە دەرەوەی یەکڕیزی نیشتمانی نەمێنێت بەڵام ئەمە ڕێگای ئەوە ناگرێت کە خەڵکی کەرکوک و سلێمانی بەرگری لە خۆیان بکەن کە ئیهانە کراون داوای مافی خۆیان بکەن".

لەبارەی ئەو لایەنانەی وەک خۆی وتی ئیهانەیان بە خەڵکی سلێمانی و کەرکوک کردووە، سەعدی ئەحمەد پیر وتی"بە وێنە و دەنگ هەیە هەموو ئەو لایەنانە کە خەڵکیان بە ساختەکار و نیشتمان فرۆش تۆماتبارکر".

لە بارەی ئەوەی ئایا ئەو لایەنانە مەرجی خۆیانیان پێ وتون بۆ کۆبونەوە لەگەڵ پارتی و یەکێتی، سەعدی پیرە وتی"جارێ باسی مەرج نیە بەڵکو ئەوەی گرنگە کۆبینەوە و گفتوگۆ بکەین و بۆ یەکتری بسەلمینین کێ ڕێگای دروستە؟ مەرجیش پێویست ناکات".

 ئێمە پێمان گرنگە دەنگێکی نەشاز لە دەرەوەی یەکڕیزی نیشتمانی نەمێنێت بەڵام ئەمە ڕێگای ئەوە ناگرێت کە خەڵکی کەرکوک و سلێمانی بەرگری لە خۆیان بکەن کە ئیهانە کراون داوای مافی خۆیان بکەن  
سەبارەت بەوەی ئایا بە فەرمی پەیوەندییان بە لایەنە ناڕازییەکان کردووە بۆ گفتوگۆکردن، وتەبێژی فەرمی وتی" لە ڕاگەیەندنەکانەوە داوامان لێکردووە وە لایەنی پەیوەندیدار پەیوەندی لەگەڵ ئەو لایەنانە کردووە بەڵام هەندێک لەوانە وتویانە تا سکاڵاکان یەکلایی نەبێتەوە ئێمە کۆنابینەوە ئێمە هیچ کێشەمان نیە بۆ سەردانی لایەنەکان ئامادەین".

لەبارەی کۆبونەوەیان لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ کەچوار کورسی پەرلەمانی عیراقیان بەدەستهێنا، بە مەبستی بەشدارییان لە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق، سەعدی پیرە وتی" ئێمە نە ڤیتۆمان لەسەر کەس نیە وە هیچ لایەنێک پەراوێز ناخەین نەوەی نوێش هەروا نەمبیستوو داوایان لە ئێمە کردبێت بۆ گفتوگۆ".

پیرە گەشبینی خۆی دەربڕی کە وەفدی داهاتووی کوردی بۆ بەغداد هەموو لایەنەکانی تێدا بێت و وتی" لە (٩٠% )وەفدێک پێکدەهێنرێت نوێنەری هەموو لایەنەکانی تێدابێت".


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2018-12-10
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]