ئاسۆ حاجی
فەلسەفەیەکی سادە و بێ گرێوگۆڵەیە، ھەڵقوڵاوی پێویستیەکانی خەڵکی کوردستانە، دوورە لە دەنگ ھەڵبڕین و قەرەباڵغی دروست کردن، بە ھەموو ھێز و باوەڕیەوە لە کوێ کوردێک، یان کوردستانیەک پێویستی پێی بێت لە وێیە.
نموونەی یەکەم، لە ھەناردەکردنی ھەناری ھەڵەبجە و زاخۆ بوو، کە دیارخەری خەمخۆری و شێوازی دەوڵەتداریەکەی مەسرور بارزانیە، کە لە کەمتر بیست و چوار کاتژمێر سێ بە دەربڕین و بە کردارکە نیشانی دا، سەرەتا لە فەیسبووک رایگەیاند:”بەڵێنەکەمان بەجێگەیاند” دواتر لە تویتەر بانگەشەی بۆ کرد:”ھەنارە نایابەکانی کوردستان ھەموو ماڕکێتەکانی کەنداویان پڕ کردووە”، لە ھەنگاوی سێیەمیشدا ھاوڕێ لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ چووە ماڕکێت و ھەنارەکەی کڕی و بۆ میدیاکانیش دوا، لەوانەدا پلانی کابینەکەی نیشاندا کە پێشخستن و زۆرکردنی بەروبوومە تا رادەی ھەناردەکردنیان، واتا دەربازکردنی ھەرێمی کوردستان، لە قەوارەیەکی بەکاربەر و ھاوردەکار، بۆ قەوارەیەکی بەرھەمھێن و ھەناردەکار، بە کورتیەکەی ھەوڵدانە بۆ پەیڕەوکردنی فرە سەرچاوەیی لە داھات.
نموونەی دووەم، ئەمڕۆ کە ساڵیادی شەھیدانی گوندی (خدرجیجە)بوو، کە تێیدا لە یەکێک لە نەبردیە ھەرە باڵا و بەناوبانگەکانی گەلی کوردستان بوو، لە بەرامبەر تیرۆرستانی داعش، کە تێیدا سێزدە شەھید بە خاکی پیرۆزی کوردستان بەخشران، مەسرور بارزانی لەو ساڵیادەدا، راکێشانی رێگایەکی ستراتیژی بۆ گوندەکە راگەیاند، کە زیاتر لە بیست گوندی دیکە لێی سوودمەند دەبێت، لە بەستنەوەیان بە یەکتری و بە ئاسانی گەیشتنیان بە ئاوەدانیەکانی دیکە بە ھەولێری پایتەختەوە، ئەو شێوازی رێزگرتنە لە شکۆی شەھیدان و کەسوکاریان، پەند و پەیامێکە کە ناوەڕۆکەکەی دەکرێ لەو دێڕە کورت بکرێتەوە، باشترین وەفا بۆ شەھیدان خزمەتکردنی کەسوکاریانە، خزمەتکردنەکەش بە کردار دەبێت نەک بە گفتار، بە پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری دەبێت نەک بە خوێندنەوەی گوتارێکی سۆزداری، یادکردنەوەی شەھیدانمان ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و پێشخستنیەتی.
مەسرور بارزانی لەو دوو نموونەیە، بە کورتی ئەوەی گوت، کە دەوڵەتداری و گەورەیی واتا لەگەڵ خەڵکی خۆت بوونە، ھەموو ھەست بکەن، حکومەت ئی ھەمووانە و بۆ ھەمووانە، کرانەوەی دەرگای ماڵە ھەژارێکی کوردستان بەسەر حکومەت، گرنگترە لە کرانەوەی دەرگا کۆشکی بڕیار بەدەستانی جیھان، دڵخۆشی جوتیارێک، گەنجێک و منداڵی شەھیدێک بە ھەست کردن بە نزیکی حکومەت و سەرۆکەکەی زۆر گرنگترە لە تەوقە و راخستنی فەرشی سووری بەرپرسانی دونیا، چوونکە ھێزی مەزن و راستەقینە لە ناو خەڵک و خاکی خۆتدایە.