ئاسۆ حاجی
زۆر بە کورتی ئەوەی بافل تالەبانی بانگەشە و کاری بۆ دەکات، شتێکی نوێ نیە، بەڵکو دووبارە کردنەوەی ھەمان ئەو گوتارەیە کە پێشتر بە شێواز و لە ژێر ناونیشانی دیکە راگەیەندراوە، تاکە ئامانج لێی گەڕاندنەوەی کوردستانە بۆ سەردەمی بەر لە ھەبوونی دامەزراوە نیشتیمانیەکانی وەک پەڕلەمان و حکومەت و دادوەری، لە جێگەیاندا سەپاندنی فکر و فەلسەفە و لۆجیکی مافیاییە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، زۆر بە کورتی تر کۆپی کردنی ئەزموونی سلێمانیە لە سەرتاسەری کوردستان، لە باڵا دەست بوونی عەسکەرتاریەت و شکستی مەدەنیەت.
ئەزموونی سلێمانی لە حوکمڕانی، ئەزموونی کابرایەکی پۆستاڵ لە پێییە، کە جلوبەرگی چەپەکانی ئەمریکای باشور و سوپای پاسدارانی ئێرانی پۆشیووە و بە ھەمان لۆژیک دەیەوێ عەقیدەی سیاسی خۆی بسەپێنێ کە درێژکراوەی ھەمان عەقیدەی سیاسی ئیقلیمییە کە لەناوبردنی قەوارەی دەستوری ھەرێمی کوردستان لە سەر لیستی کارەکانیەتی.
ئەزموونی سلێمانی لە حوکمڕانی تەواو پێچەوانەی مێژووی گەشی ئەدەبیات و ھونەر و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتییە، ئەو ئەزموونە کە زادەی حیزبێکی شکست خواردوو و بنەماڵەیەکی خۆسەپێنە، تەنھا باوەڕی بە ھەبوونی یەک حیزب و یەک رەنگ و دەنگ و دروشم ھەیە، کە ھەموویان لە یەک بنەماڵە و بگرە یەک کەس کۆبۆتەوە.
ئەزموونی سلێمانی لە سیاسەت و حوکمڕانیدا، ئەزموونی کپ کردنی دەنگی ئازادیخوازان و ئەوانەی داوای مافە ھەرە سەرەتاییەکانیان دەکەن، مافی ئازادی راوڕا دەربڕین، مافی کاری سیاسی و رێکخراوەیی، مافی رێزگرتن لە جیاوازەییەکان و مل کەچ نەبوون بۆ تەنھا کەس و بڕیار و بنەماڵەییەک.
تەجاوزکردنی ئەو ئەزموونە کە کۆپیەکی گروپە پۆپۆلیتار و پۆپۆلیستەکانە، گوناحە تاھەتایە وەک ئەژدیھاکێک لە ملی سلێمانیەوە بئاڵێ و رۆڵەکانی ببنە خۆراکی.