ئاسۆ حاجی
ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن، کە عێراق بەرەو قۆناغێکی سیاسی ئاڵۆزتر دەڕوات، ئەگەری ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان زۆر بەھێزە، بەو کارەش ئەو حکومەتە دەمێنێتەوە و وادەیەکی دیکە بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت دیاری دەکات، ئێستا زۆرینەی پەرلەمانی ئامادەیە بۆ وەرگرتنی ئەو بڕیارە. ئەگەر لایەنگرانی ئێران دەست بە دانوستان نەکەن و تەنازول بۆ بارزانی و حەلبوسی نەکەن.
ئەوەی دەیبینم ھاوپەیمانی نێوان سەدر و بارزانی و حەلبوسی ھێشتا زۆر بەھێزە، بۆیە قەناعەت پێکردنی بارزانی و حەلبوسی بەدوور دەزاندرێت بۆ چوونە پاڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی، مەگەر بەڕێکەوتن بێت لەگەڵ موقتەدا سەدر، لەو کاتەشدا دەبێ حکومەتێک بێت مالیکی یان پیاوێکی ئەو سەرۆکی نەبێت. گرێنتی مانەوەی حەلبوسی بکرێت لە سەرۆکایەتی پەڕلەمان و سەرۆکایەتی کۆماریش یان بدرێت بە پارتی دیموکراتی کوردستان یان کاندیدێکی ھاوبەشی کورد. ھەروەھا ھەڵوەشاندنەوە یان ھەموارکردنەوەی بڕیاری دادگای باڵا لەبارەی دۆسیەی نەوتی کوردستان.
تەنانەت ئەگەر بەم شێوەیەش حکومەت پێکبھێنرێت، ئەوا موقتەدا سەدر رێگە نادات زیاتر لە شەش مانگ بخایەنێت، بەمەش جەماوەری زیاتر دەبێت و رکابەرەکانی لاواز دەبن. موقتەدا سەدر ئەم یاریانە ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا بە ئەنجامی ٥٠-١ سەربکەوێت. بەریتانیا و ئیمارات لە پشت ئەو یاریەن و ئەمریکا ولاتانی دیکەی ئیقلیمی و ئەوروپی پاڵپشتیان دەکەن.