سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

لەھەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان.. سەرنجێک

دانا عەبدوڵا
بەپێی کۆتا ڕاپۆرتی ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاماری ژن کوشتن لەساڵی ٢٠٢٠ بریتی بووە لە (٤٧٠٠٠ ھەزار ئافرەت) لەجیھاندا واتە لەھەر   (١١ دەقیقە) جارێک دا ئافرەتێک کوژراوە، وە بەپێی خەمڵاندنەکان زۆترین ڕێژەی کوشتن لە ئاسیادا بوو کە ڕێژەی (١٨٦٠٠) ئافرەت و، لە ئەفریقا (١٨١٠٠) ئافرەت و ، لە وویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا (٧٣٠٠) ئافرەت و ، ئەوروپا (٢٦٠٠) ئافرەت و ، لە نیوەگۆی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا (Oceania) (٣٠٠) ئافرەت کوژراون.

وە بەپێی ئامارەکانی یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان لە(ساڵی ٢٠٢١ ) دا (٢٤٨٦) کێشەی خێزانی ھەبووە و (١٧٠٠) حاڵەتی تەڵاق دان ھەبووە، ھەروەھا بەپێی ئاماری ئەنجومەنی دادوەری لە(ساڵی ٢٠٢١) دا لەھەرێمی کوردستان (٨٨٠٠) حاڵەتی جیابوونەوە ھەبووە و بەبەراورد بە(ساڵی ٢٠٢٠) (١٦٦٦) حاڵەتی جیابوونەوە زیادی کردووە. 

ئاماژە بەئامارێکی نافەرمی ڕێکخراوێکی ھاریکاری یاسایی ژنان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (٢٠٢٢) ٫ (٢٩ حاڵەتی خۆ سووتان) و (٣١ حاڵەتی خۆکوشتن) و (٢٢حاڵەتی کوشتن) تۆمارکراوە.

ئەم ئامارانە جێگەی مەترسین ناکرێت لێی بێدەنگ بین بەڵام ژن کوشتن تاکە ھەڕەشە نیە بۆ سەرژنان، بەڵکو ئامارەکانی جیابوونەوە و کەمی پرۆسەی ھاوسەرگیریش بەشێکی جدی لەو مەترسیانەن کە خەمیان نەبۆتە بابەتێکی ھەنووکەیی. . (بێ لانەبوون و ماڵ وێرانی دوای جیابوونەوە لەو فیشەکە بەئازارترە کەخوێنی کەسێکی پێ ئەڕێژرێت). ئەو ھەموو منداڵە کە دایکیان پەنا دەبەنە بەر ھەزاران ئیش و ناچار بە لەش فرۆشی و دەرمان و دەیان شتی تر دەکرێن بۆ نانێک بۆ منداڵ و ژیانیان. 

ڕێکخراوەکانی ژنان و حکومەت لەھەرێمی کوردستان تەنھا فۆکەسیان لەسەر  حاڵەتەکانی کوشتنە، لەکاتێک دا ماڵوێرانی ھەڵوەشاندنەوەی خێزان و جیابوونەوە ھۆکاری بەشێک لەخۆکوژی و خۆ سووتاندن و کوشتنن.

 ناچار کردن بۆ پەنا بردنە بەرخۆکوشتن دۆزێکی گرنگی ئەمڕۆیە ناکرێت لێی بێ ئاگابین. ئەگەر مەیدانی لیژنەیەک لەحکومەت  و ڕێکخراوەکان سەردانی بەشێک لەدکتۆرە دەروونیەکانی کوردستان و مامۆستایانی توێژەر لەناوەندەکانی خوێندن بکەن دڵنیام بەشێک لەم گرفتانە چارەسەر دەبن چونکە دەردەکەوێ( ڕێژەی شڵەژانی دەروونی و دەستدرێژی سێکسی و کێشە خێزانیەکان) چەند کاریگەریان ھەیە لەسەر ئەم ئامارە جەرگبڕانە.

 ھەروەھا پێداچوونەوە بەسیستمی پەروەردە و ھەندێ بابەتی دیکەی کۆمەڵایەتی و ئاینی، گرنگی دان بە ھۆشیارکردنەوەی تاک بەتاکی کۆمەڵگا و دروستکردنی ھەلی کار و ڕزگاربوون لە بێکاری و دەرچوون لە چوار دیوار دەکرێ لەچەند ساڵی ئایندە نەوەیەکی جیاواز بەرھەم بھێنرێت گرفتی کوشتن و خۆکوشتن خۆسووتاندن ببێتە حاڵەت و کەم ببێتەوە. 

ناکرێت تەنھا خزمەت لەچوارچێوەی دروست کردنی دادگای تایبەت و ھێڵی گەرم ی بەھاناوەچوون ودەزگای ئەمنی بێت بەڵکو دروست کردنی  پردی پەیوەندی لەنێوان لایەنی پەیوەندیدار و خەڵک وە چوونە ماڵەکان و بە گرنگ وەرگرتنی کێشەکانی ڕۆژانەیان و چەندەھا میکانزمی گرنگی تر دەکرێ معجیزە بخولقێ و کۆمەڵگا لەدەست ئەم ئازارە ڕزگاری ببێت.

11/30/2022 8:30:25 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]