سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

لەبارەی کتێبەکەی سەرۆک بارزانی

زكری مووسا
سەرۆک مەسعود بارزانی لە نوێترین کتێبیدا (بەرگی پێنجەمی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، ڕاپەڕین دەرفەت و ئاستەنگەکان) باسی قۆناغێکی ھەرە گرنگ و چارەنووسسازی گەلی کوردستان دەکات کە پڕ بووە لە دەرفەتی گرانبەھا و لەھەمانکاتیشدا تژی بووە لە ئاستەنگ و ھەڵدێڕی مەترسیدار بۆ خەڵکی کوردستان. سەرۆک بارزانی لە پێشەکیی کتێبەکەیدا ئاماژە بەوە دەدات کە ئاستەنگەکانی ساڵانی دوای ڕاپەڕین بوونە ھۆی ئەوەی ئەو دەرفەتەی بۆ ئازادی و وەرگرتنەوەی ماف و بەھێزتربوونی شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی کوردستان ڕەخسابوو، تووشی تەنگوچەڵەمە و تونێلی تاریک ببێتەوە. ئەو بە ڕاشکاوی لە کتێبەکەیدا باسی ڕووداوە ھەرە تاڵەکانی ساڵانی دوای ڕاپەڕین دەکات کە شەڕی ناوخۆ بوو. دەشڵێ: "لە شەڕی خۆکوژیدا ڕووداوی زۆر ناخۆش و ناخھەژێن ھەبوون کە کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر ژیانی خەڵک دانا و، ڕێگر بوو لە بەردەم سەقامگیریی ھەرێم و کارکردنی دامودەزگەی ھەرێم".  ھەروەھا ھێماش بەوە دەدات کە : "باسکردنی شەڕی خۆکوژی، ھەر بۆ ئەوەیە کە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە ھۆکارەکانی بگەن و، ببێتە دەرسێک بۆ نەوەکانی ئێستا و ئایندە کە شەڕ و دەستبردن بۆ چەک دژی یەکتر لەناو کورددا چەندە کارەساتبارە. زۆر بابەتی وردی دیکەش لەو بارەیەوە ھەیە کە نەمویستوە ئاماژەی پێ بدەم، بۆ ئەوەی ناحەزانی گەلی کوردستان سوودی لێ نەبینن".

  نووسەر لە کۆتایی پێشەکیی کتێبی ڕاپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەکان بە بیر خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان دەھێنێتەوە کە" دەستکەوتی ڕاپەڕین و ھەڵبژاردن و دامەزراندنی دامودەزگەی ھەرێم لە سایەی یەکڕیزی و نیازپاکی و پەرۆشیی لایەنەکانەوە بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان بەرھەم ھاتووە. ھەرکاتێک یەکڕیزی ھەبووبیت و لە پیناوی بەھا و ئامانجە باڵاکاندا کار کرابێت، ئەوا دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بەرەوپێشەوە ھەنگاوی ناوە".

پەیامی سەرۆک بارزانی وەک یەکێک لە کاریگەرترین سەرکردەکانی مێژووی سیاسیی کورد لەو کتێبەدا زۆر ڕوون و ئاشکرایە. ئەگەر یەکڕیزی و کارکردن بە بەھا و ئامانجە باڵاکان لەناو لایەنە سیاسییەکان ھەبێت ئەوە دۆزی گەلی کوردستان بەرەو پێشەوە ھەنگاو دەنێت. نەوەکانی ئاییندە دەبێ وانە لە ڕووداوەکان و ھەڵەی سەرکردەکان وەربگرن و باش بزانن کە دەستبردنی کورد بۆ چەک لەدژی یەکتر کارەساتبارە و ھەرچی دەرفەت و دەستکەوت ھەیە بەرەو مایەپووچی و نەمان دەبات.

سەرۆک بارزانی، سەرکردەیەکی سیاسییە کە دەیان ساڵ بە بەردەوامی و بێ بچڕان، سات بە سات و چرکە بە چرکەی ژیانی خۆی بۆ خەباتی سیاسی و تێکۆشان بۆ گەییشتن بە ئازادیی گەلەکەی و ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکاری و ستەمکاری تەرخان کردووە. ھەڵگرتنی چەک و پێشمەرگایەتی و حیزبایەتی و ئاوارەیی و نووسین و سیاسەت و دانوساندن و خەباتی مەدەنی و دیموکراسی و ھەوڵدان بۆ دامەزراندنی دامودەزگەی شەرعی و سەرۆکایەتیکردنی وڵات و دەیان وێستگەی گرنگی تر، ژیانی سیاسیی سەرۆک بارزانیان پێک ھێناوە. سەرۆک بارزانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووداوە گرنگەکانی پەنجا ساڵی ڕابردووی کوردستان بووە و بەشێکی سەرەکیی دروستبوونی بڕیارە چارەنووسسازەکان چ لەناو پارتی و چ لەناو بەرەی کوردستانی و چ لە سەرکردایەتیکردنی ھەرێمی کوردستان لەسەر شانی ئەو بووە.  

لەلایەکی ترەوە سەرۆک بارزانی یەکێکە لەو سیاسییە دەگمەنانەی کە ھەر لە تەمەنی منداڵییەوە ھەتا ئێستا بەسەرھات و ڕووداوەکانی ژیانی خۆی ڕۆژانە نووسیوەتەوە. لە ڕاستید ئەم کارەیان جێگەی دەستخۆشییە. چونکە بەھۆی یادداشتەکانییەوە بەشێکی گرنگی مێژووی گەلی کوردستان تۆمار کراون. ئەمە لە مێژوودا کەم ھەڵدەکەوێت کارەکتەرێکی سەرەکیی ڕووداوەکان، خۆی بە یادداشتکردنی ڕۆژانەی پێشھات و ڕووداوەکان ھەڵسێت. بۆ مێژوونووسان و دۆستانی مێژوو، قسە و تێکست و کتێب و گێڕانەوەکانی سەرکردەکان بە تایبەت سەرۆک بارزانی سەرچاوەیەکی دەستی یەک و باوەڕپێکراوی توێژینەوە مێژووییەکان و تێگەییشتنە لە مێژووی سیاسیی کوردستان و جووڵانەوە سیاسی و ڕزگاریخوازەکەی. بۆیە پسپۆڕانی مێژوو پتر لە ھەر کەسێکی تر لە بایەخی ئەو جۆرە نووسین و کتێبانە دەگەن.

گرنگییەکی تری کتێبەکانی سەرۆک بارزانی باسکردنی ڕووداوەکانە وەک خۆی. سەرۆک بارزانی باسی ئایدیۆلۆژیا ناکات و بەنیازیش نیە دەستگەیەکی فکری بەسەر خوێنەردا بسەپێنێت. ئەو تەنیا ڕاستییەکان باس دەکات. ڕاستە لە کتێبەکانیدا ھەموو ڕووداوەکان باس نەکراون بەڵام ئەوەی نووسراوە و باس کراوە، ڕووداوگەلی بنەڕەتی و کاریگەرن کە ڕێڕەوی سیاسیی و واقعی کوردستانیان گۆڕیوە. ئەوەی لە کتێبەکانیدا ھاتووە ھەر ھەمووی ڕاستین و کەس ناتوانێ نکۆڵیان لێ بکات. کتێبەکان پڕن لە مێژوو و کات و ڕێکەوت و وێنە و نەخشە و ناوی کەسایەتیی جۆراوجۆر. سەرۆک بارزانی لە ھەموو لاپەڕەیەکدا لەبارەی شوێن و جیۆگرافیا دەدوێت کە ئەوە چێژ و تایبەتمەندیی بە نووسینەکانی داوە. ئەو کتێبانە بە بەڵگەنامەی مێژوویی و دەگمەن بەھێز و دەوڵەمەند کراون و، گێڕانەوەکانی لە مەڕ ڕووداوە سیاسییە گرنگەکان پشتڕاست دەکەنەوە.

دیوێکی تری کتێب و نووسینەکانی سەرۆک پەردەلادانە لەسەر کۆمەڵێک نھێنی و حەقیقەتی پشت ڕووداوەکان. بەھۆی ئەو شەپۆڵە ئیرھابە فکرییەی لە ساڵانی ڕابردوو کوردستانی گرتووەتەوە، زۆر لە ڕووداو و مێژووە گرنگەکان ھەتا ئەو پەڕی شێواندن و ئاوەژووکردنی ڕاستییەکان خوێندنەوەی بۆ کراوە. لێرەدا کتێب و نووسینەکانی سەرۆک بارزانی ڕەنگە ببێتە مایەی ناڕەزایەتیی ھەندێ کەس و لایەن. چونکە بوار و مەودای بۆ شێواندنی مێژوو نەھێشتۆتەوە. بە خوێندنەوەی ئەو کتێبە گرنگانە چاوگی بەشێکی زۆری ئەو ئازار و ناڕاستی و تەنگوچەڵەمانەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئێستا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ھەن و گەنجەکانمان وەک واقعێکی تاڵ دەیبینن کە لە ڕاستیدا سەرچاوەیان بۆ کۆمەڵێک ڕووداو و ھەڵە و قاڵبگرتنی نادورست دەگەڕێتەوە کە سەرۆک بارزانی بە وردی ئاماژەی پێ داون  و، دەیەوێ بەرچاوڕوونی بە نەوەکانی ئێستا و داھاتووی کوردستان بدات.

9/9/2022 8:56:12 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]