سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

کورد لە خەیاڵی دژبەرانی حکومەتەکانی دراوسێ

هیوا جەمال
باکور..
لەدوایین ھەوڵیان بۆ ھەمواری دەستوری تورکیا، ھەفتەی رابردوو شەش پارتی دژبەر (ئۆپۆزسیۆن) پێشنیازی خۆیان بۆ ھەمواری دەستوری وڵاتەکەیان راگەیاند، بەڵام بەئاستەم بەلای دۆزی کورد نەچون.
ئەو پارتانە دەیانەوێت لە ھەڵبژاردنی ٢٠٢٣ کار بۆ ئەو پرۆژەی ھەموارەبکەن.

رۆژئاوا..
بەگوتەی بەرپرسێکی کورد لە گفتوگۆیەکی نوسینەوەی دەستوری تازەی سوریا، یەک لە کفتوگۆکاران لەبارەی جێگیرکردنی زمانی کوردی لە نوسینەوەی دەستور، وەکو تانە لە زمانەکە گوتویەتی: ئەگەر زمانی کوردی بخرێتە دەستورەوە وەکو ئەوەیە زمانی باڵندەمان زیادکردبێت.. 
جگەلەوەی رەشنوسی دەستورە تازەکە، سوریا وەکو وڵاتێکی عەرەبیی نێودەبات.
بێگومان ھەردوو ئێران و تورکیا کار لەنێو دەستوری تازەی سوریا دەکەن دژی کورد.

رۆژھەڵات..
ئەگەرچی ھێشتا گفتوگۆنەکراوە بۆ نوسینەوەی دەستوری تازەی ئیران، بەڵام لایەنە دژبەرەکانی حکومەتی ئیران دانیشتن و کۆبونەوەی زۆریان ھەبوە لەگەڵ پارتەکانی کوردستان تاوەکو ئێستا دانیان بە مافی کورد نەناوە، جگە لە موجاھیدینی خەلق کە لە ساڵی ١٩٨٣ خودموختاریی داوەبەکورد، نازانرێت ئێستا پەشیمانە یان نا..

باشور
ئەوانەی ئێستا لەدەسەڵاتن لە عیراق، دوێنێ کە دژبەری حکومەتی بەعس بون، پێشئەوەی دەسەڵاتبگرنەدەست سەرەڕای ئەوەی کورد لەخۆیگرتبون، ھەموو مافیان دەدایە کورد، بەڵام ئێستا کە لەدەسەڵاتن ھەموان دەبینن چ مافێکیان داوە.
ئێستا کورد لەسەر دەستی حکومەتەکانی دەوروبەر مافەکانی پێشێلدەکرێن، لە خەیاڵ و پرۆژەی دژبەرانی ئەو حکومەتانە  ھەمان بیرکردنەوەی پێشێلکرن ھەن، دەبێت کورد وریابن کاتێ لەژێردەستەیی حکومەتێکی چەوسێنەر ھەوڵی خۆڕزگارکردن دەدەن نەکەونە ژێردەستی چەوسێنەرێکی دیکە.

 کورتەی مژار ئەوەیە، سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەو وڵاتانە بەردەوام کار لەسەر سڕینەوەی کورد دەکەن، دژبەرانیان ھەمان بیرکردنەوەیان بەرامبەر کورد ھەیە، دەبێت کورد لەسەرەتاوە لەوبابەتە ساردنەبێت و بەپلان و یەکگرتووی بچێتەپێش، چونکە ئەوان ئەگەر ئێستا کە دژبەرن و دەسەڵاتیان نییە، داننەنێن بەمافی کورد، چاوەڕێییان لێناکرێت کە دەسەڵاتیان گرتەدەست ماف بەکورد بدەن.
12/2/2022 8:44:56 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]