سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

بارزانیی بکەنە لێڤەگەڕ

هیوا جەمال
ئەگەرچی لە سەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، ھەڵبژاردن و دیموکراسیی، ئێستا کەمتر تەکەز لەسەر کەسێتیی دەکرێت، بەڵام لە رۆژھەڵاتی نێوەڕاست و جیھانی ئیسلامیی، کەسێتییەکان، تاوەکو ئێستا رۆڵی بەرچاویان ھەن، بەتایبەت ئەم رێبەرێتی و پێشەواییە لە روی ئایینیی ئیسلام ھەردەمێنێت.

زۆربەی گەلانی جیھان خاوەنی دوو لێڤەگەڕ (مەرجەع)ن، یەکیان سنوری وڵاتەکەیان کە دەیانپارێزێت، دوەمیان کەسێتییەکی ئاینیی کە دواجار رێزی لێدەگرن و بۆیدەگەڕێنەوە.

پاپای ڤاتیکان بۆ زۆربەی کریستیان و شاژنی بەریتانیا بۆ ھاوڵاتیانی وڵاتەکەی و سەید عەلی حوسەینی خامنەیی و سەید عەلی سیستانی، لەوانەن گەلەکەیان و شوێنکەوتوانیان دەتوانن لەدەوریان کۆببنەوە، تەنانەت لەنێو سوننە لەھەموو وڵاتێک موفتییەک ھەیە، نەتەوەکان رابەر و گەورەیان ھەیە.

لەنێو کورد، تاوەکو شێخ مەحمود، پێشەوا قازی و مەلا مستەفا ھەبون رێبەریێتیی دیاربوو، بەڵام پاشان لەگەڵ ھاتنی مام جەلال و کاک مەسعود، دواتر کاک نەوشیروان، کورد یەک رێبەری نەبوو، بەڵام ھەرسێکیان لەمەسەلە چارەنوسسازەکان ھاوڕا و کۆدەنگبون، بەتایبەت لە چەند قۆناخێکی چارەنوسسازی وەکو راپەڕین، نوسینەوەی دەستوری عیراق و پشکی کورد.

رەنگە ئەم بۆچونە رەخنەی زۆری لێبگیرێت، بەتایبەت کاتێک دەبینین گەندەڵی و خراپبەکارھێنانی دەسەڵات، دانیپێدادەنرێت لەلایەن دەسەڵاتدارەکان خۆیان، ھەروەھا پێویستی رۆژانەی خەڵک و ژیان و ژیاریان دەبێت چاکبکرێت، بەڵام بابەتی کۆدەنگیی نەتەوەیی جیاوازە.

ئێستا کاک مەسعود بارزانی، ئەھلیەتی ئەوەی ھەیە، کورد بیخاتە پێشخۆیی و ھەموان پرس و ڕای لێوەربگرن، پیاوێکە بەشی زۆرینەی تەمەنی شۆڕشگێڕبوە، ساردی و گەرمی زۆری چەشتوە، بەرپرسیارێتی ھەڵگرتوە، ھەرکەس جارێک لەنزیکەوە گفتوگۆی لەگەڵ ئەنجامدابێت خەمخۆرییەکەی بەئاسانیی ھەستپێدەکات.

لەگەڵ ھەموو ئەوانە، ھیچکەس بێ کەموکورتیی نییە، مرۆڤ بەگشتی چاوەرێی ھەڵەی لێدەکرێت، دەشێت بڕیارێکبدات لەجێی خۆی نەبێت، یان بێئەوەی مەبەستی بێت نادادی ئەنجامبدات، بەڵام ئەوانە لە مرۆڤبونی کەسەکان کەمناکەنەوە، ھەروەھا لە سەرکردەبون و پێشەوایەتی داینابڕن، بۆئەوەی کەمترینی ئەوانە روبدات، باشترینکار ئەوەیە کۆمەڵێک راوێژکاری ئازا و واقعی لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە کە تەنیا سەرسپاردن (ئینتیمای)ی نیشتیمانی ونەتەوەییان ھەبێت.

تاوەکو تەمەنی ماوە، دەبێت کورد سود لە ئەزمون و توانای کاک مەسعود وەربگرێت، پاشان پێویست بە پیاھەڵدان و شین ناکات، زۆرن ئەوانەی تاوەکو لە ژیاندابون دژی مام جەلال و کاک نەوشیروان بون، بەڵام ئێستا باسی باشی و چاکی و سەردەمی دەسەڵاتیان دەکەن، ئێستا داندەنێن بەوەی کاری باشیانکردوە. 

مرۆڤ دەتوانێت بۆ جارێک لە کینە خۆی رزگاربکات، وەکو کورد، وەکو مرۆڤێکی دور لەبەرژەوەندی کەسیی و حزبیی بیربکاتەوە، کورد لێڤەگەڕێکی ھەبێت باشترە لەوەی ھەرکەس لەئاوازێک بخوێنێت.

ھیوادارم پارتی دیموکراتی کوردستان لەو کۆنگرەیەی بەنیازن گرێیبدەن، ھەمان رێز و وەفا بۆ کاک مەسعود بنوێنن، ئازادیبکەن لە بەستنەوەی بە حزبەکەیان، رێگەی بدەن دەستھەڵبگرێت لەسەرۆکایەتی و ببێتە لێڤەگەڕی ھەموان.

* لێڤەگەڕ: مەرجەع
سەرسپاردن: ئینتیما

9/8/2022 8:28:44 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]