سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

پیرۆز و پرۆفان : مەککە یا کوردستان؟

ئەحمەدى مەلا
قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە، بە چەند دێرێک تاوتوێ ناکرێت، بەڵام بە کورتکردنەوەیەکی گونجاو، رەنگە شتێکی لێوەھەڵھێنجنین.

مێژووی ئەقڵی دینی، یەک مێژووی نییە، ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمەوە ھەیە، چیرۆکی خەلقە، کە ھەم ئەفسانەی خوڵقێنەرە، ھەم پانتاییەکی بەرین داگیردەکات، سەرەتاکانی لە شارستانییەتی مێزۆپۆتامیاوە سەرھەڵدەدەن، دواتر لە لایەن جووەوە دەبێ بەو ئەفسانەیەی کە دواتر ھەم مەسیحییەت قبوڵی دەکات، ھەم دواتریش ئیسلام. وەک بڵێی کۆلەکەی بە پێوەراگرتنی کۆی دەستوور و رێساکانی دیکەن.

بەرامبەر بە بەھەشت، زەمین وەکو ئاوێنەیەک دەوەستێت، ھەم جێی مرۆڤی یەکەمە، ھەم جێی تاوانی یەکەمیشە، واتە مێژوو پانتایی پیرۆز کەرت دەکات. کەس نازانێ، ئادەم و حەوا لە چ پانتاییەک ژیاون، کەسیش ناپرسێت، بەڵام لە دیدی ئیسلامەوە، ماڵی خودا، یا چادرەکەی خودا کە کەعبەیە، چڕکردنەوەی وێنەی باڵایە، پنتی چڕبوونەوەی پیرۆزە بەرامبەر بە دنیایەکی قڕێژ. دواتر، ھەم ئەم مێژووە، بە پلەی جیاواز، لە شوێنی جودادا، ئەم وێنەیە دووپات دەکاتەوە لە شوێن و پانتایی دیکە بە پێی بەشداریی مرۆڤەکان لە دروستکردنی پانتایی پیرۆز. وەکو نەجەف، کەربەلا، سەیدە زەینەت، مەشھەد،  مزگەوتی گەورە لە سلێمانی، مزگەوتی ئەقسا، ھەیکەلی داود، مزگەوتی دانیال پێغەمبەر لە کەرکووک، قەبری یونس لە نەینەوا، یا بە ناو ھەڵگرتنی کەرەسەی پیرۆز، بەردی رەش، موو و نەعلی پێغەمبەر، کراسی مەسیح، خاچ و بزمارەکانی، مەندیل و کەشیدە، پارچە پەڕۆی سەر قەبر و شەخس، خۆڵی سەر قەبران، توربەی شیعەکان، سیواکی دەمودان پاککردنەوە، تەسبێح، گۆچانی سەر مینبەران، میحراب، ھەنگاوی پێی راست بۆ ناو ئاودەستەکان، ئاراستەی قیبلە، سەر بەرماڵ...کۆی ئەم کەرەسە و پانتاییانە یادەوەریی کەعبەن، کەعبەش یادەوەریی ئاسمانە و چەقی گەردوونە. چەق کۆکەرەوەی چەمکی پیرۆزە بە ئیمتیاز.

بەڵام، لە خودی عەرەبی سعودیی، ریاز وەکو پایتەختی عەلمانی بەرامبەر بە مەککە وەکو پایتەختی پیرۆز دەوەستێت. ئەم کەرتکردنە لە پێناو ئەوەیە تا کاروباریی ئاینیی لە کاروباریی دنیایی جیابکرێنەوە. پیرۆز بۆ مومارەسەکردنی کەشەکانی ئاینییە، پانتایی پرۆفان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری دنیایە. ئەمە وتە بە ناوبانگەکەی مەسیحمان دەھێنێتەوە یاد کە دەڵێ " ئەوەی بۆ خودایە بۆ خودایە، ئەوەی بۆ قەیسەرە بە قەیسەرە" لەو دەمەوە، کاروباریی ئاینیی لە کاروباریی دنیایی جیاکراوەتەوە.

ئەم جیاکردنەوەیە لە دنیای ئیسلامدا، زۆر زوو پەیدا بوو، پایتەخت لە مەدینە/یەسریبەوە دەبردرێتە دیمەشق، دواتر بۆ بەغدا، درەنگتریش بۆ قوستەنتینییە، واتە مێژووی ئیسلام گەشەی نەدەکرد ئەگەر لە بیابانی نێوان مەککە و مەدینە بمابایا. بە واتایەکی دیکە ئەو مێژووە گەشەی نەدەکرد ئەگەر بھاتبا تەنھا باوەشی بۆ پیرۆز کردبایەتەوە. مێژووی مرۆڤ، پیرۆز وەک رەسیدیی ماددی بەکاردەھێنێت، نەک بە پێچەوانەوە کە رەسیدی ماددی خۆت بکەت بە قوربانی پیرۆز. ئەم تێگەیشتنە، نەک تەنھا نەزانانەیە، بەڵکو ئامانجی ئەوەیە کە دەخیلەی خۆی بڕژێنیتە دەخیلە گەورەکەی ئەوانی ترەوە. لێرەوە تەماشای ئەوە دەکرێت کە مەککە لە کوردستان پیرۆزترە. ئەگینا خودی تێگەیشتنەکە ھەڵەیە، چونکە ئەگەر ئەم تێگەیشتنەمان قبووڵ بێت، دەبێ بپرسین بۆچی پایتەختی عەرەبی سعوودییە لە مەککە نییە، بوچی موسڵمانان پایتەختەکانیان ناگوێزنەوە بۆ مەککە؟

چونکە، بە کورت و کوردیی ئەم دووە دوو بواری جودان. مەککە بۆ موسڵمانان شوێنی پیرۆزی یەکەمە، بەڵام بەرامبەر بەمە، ھەر وڵاتێک، نەتەوەیەک، شوینی ماددیی، مێژوویی، زمان، کەلتوور، مەتبەخ، فۆلکلۆر، ئەدەبییات ھتد تایبەت بە خۆی ھەیە، ئەم دووانە دژ بە یەک نین، بەڵکو گەمژانەیە بڵێی ئەمیان لەوەی دیکەیان پیرۆزترە....ئەو خاکەی تۆی مرۆڤ لەسەری دەژێی، ئەویش پیرۆزە، چونکە بە ئاو و ھەوای سەر ئەو خاکە دەژێی.

8/9/2022 10:36:20 AM
بابەتەکانی تری نوسەر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]