سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

ئایندەی عێراق لە نێوان ململانێی مالکی و سەدردا

جەزا ئەحمەد فارس
عێراق لە لێواری ڕووداو گەلێکی گەورەدایە، کە ئایندەی ئەم وڵاتە بەندە لەسەر ئەم ڕووداوانە؛ ململانێکانی نێوان سەدر و مالکی کە باگراوندێکی مێژووی ھەیە ئەم وڵاتەی بەرەو دۆخێکی ناسەقامگیری ڕامیاری بردووە بە شێوەیەک عێراق لەبەردەم چەند سیناریۆیەکدایە کە خۆی دەبینێتەوە لە (دووبارە ئەنجامدانەوەی ھەڵبژاردن، شەڕی ناوخۆ، مانەوەی بارودۆخەکە وەک خۆی یان گەیشتنە ڕێکەوتن) ڕوودانی ھەریەک لەم سیناریۆیانە وابەستە بە بڕیاری مالکی و سەدر ھەروەھا ھەوڵە ناوخۆیەکان لە لایەک، دەستوەردانە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە لایەکی ترەوە.

سیناریۆی یەکەم: ئەنجامدانەوەی ھەڵبژاردن
ئەگەرێکی بەھێزە جارێکی ترھەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە بەو پێیەی سەدرییەکان لە پەیامەکانیاندا ئەوە ڕوونە لەلای ئەوان ئەم خولەی پەرلەمان کۆتای ھاتووە، بەڵام پرسیارێک لێرەدا دروست دەبێت چی جۆرە سیستەمێک ھەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت؟

مالکی و ھاوپەیمانەکانی خەون بەوە دەبینن لە حاڵەتی دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردن، لە ڕێگەی پەرلەمانەوە یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکەنەوە لەبەر ئەوەی لە دابەشکردنی عێراق بۆ (٨٣) بازنە زەرەرمەند بوون، بەڵام سەدرییەکان و ھاوپەیمانییەکانیان لەگەڵ ئەمەدا نین ئەوان بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن کە دەبێت دەستور ھەموار بکرێتەوە و تەواوی سیستەمی سیاسی عێراق بگۆڕێت بۆ سەرۆکایەتی بە خەونی ئەوەی بتوانن لە ڕێگەی ئەو زۆرینەی ھەیانە حوکمڕانی عێراق بکەن. کە ئەمەش لەم قۆناغەدا کارێکی ئەستەمە.

سیناریۆی دووەم: عێراق بەرە و شەڕی ناوخۆ دەڕوات
بە وردبوونەوە لەباگراوندی مێژووی ململانێکانی سەدر و مالکی لەو ڕاستییە دەگەین کە مالیکی لە خولی یەکەمی سەرۆک وەزیرانی (٢٠٠٦-٢٠١٠) لەپاڵ ئەوەی کە بە خراپترین شێوە دامودەزگا سەربازیەکانی حکومەتی عێراقی بەکارھێنا دژی لایەنگرانی (سەدر) بەڵام نەیتوانی کۆتای بە سەدرییەکان بینێت لەبەرئەوە ھەر لەوکاتەوە سەدرییەکان بەدوای دەرفەتێکدا گەڕاون تۆڵەی خۆیان لە مالیکی و دەوروبەرەکەی بکەنەوە.

لە ئێستادا بەو پێیەی کە ھەریەکە لە سەدر و مالکی خاوەنی ھێزی چەکدارن ئەگەری پێکدادانی سەربازی لە نێوان لایەنگران و شوێنکەوتووەکانیاندا ئەگەرێکی کراوەیە، بەڵام ھەریەک لەم دوو لایەنە ترسی ئەوەیان ھەیە ئەگەر ململانێکانیان بە بەکارھێنانی ھێزی سەربازی یەکلای بکەنەوە لە پاڵ ئەوەی ھیچ کامێکیان ناتوانن لە گۆڕەپانەکە لایەنی بەرامبەر بسڕنەوە؛ ئەگەری گەرانەوەی سەقامگیری ڕامیاری بۆ عێراق کارێکی مەحاڵ دەبێت، لەبەرئەوە لەم قۆناغەدا ھەریەک لە سەدر و مالکی خۆیان بە دور دەگرن لە بەکارھێنانی ھێزی سەربازی بەرامبەر بە یەکتری.

لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی؛ وڵاتانی دراوسێی عێراق و وڵاتە زلھێزەکان لەگەڵ ئەوەدا نین کە کە شەڕی ناوخۆ ڕووبدات و بە وردی چاودێری بارودۆخی عێراق دەکەن.

سیناریۆی سێیەم:مانەوەی دۆخەکە وەک خۆی لە ئێستادا(مانەوەی حکومەتەکەی کازمی)
حکومەتی کازمی لە (٢٠٢٠) دروستکرا بە ڕەزامەندی لایەن سیاسییەکانی عێراق بە مەبەستی دەرچوون لە و ئاڵۆزیانەی کە عێراق تێی کەوتبوو پاش دەست لە کارکێشانەوەی (عادل عەبدلمەھدی) سەرۆک وەزیرانی عێراق بەھۆی ناڕەزایەتییە جەماوەریەکان کە بە شۆڕشی (تشرینییەکان) ناسرا، بەڵام دوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە (٢٠٢١) دا جارێکی تر عێراق کەوتەوە ناو قەیرانێکی سیاسی گەورەوە.

بە ھەموو پێوەرێک ئەم حکومەتەی کە کازمی سەرۆکایەتی دەکات لە (سەدر)ەوەنزیکە بۆیە سەدر بە جووڵاندنی شەقامی عێراقی دەیەوێت کە درێژە بە مانەوەی ئەم حکومەتە بدات و ڕێگربێت لەبەردەم چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ دروستکردنی حکومەت وەک چۆن ئەوان ڕێگر بوون لەبەردەم ھەوڵەکانی سەدر بۆ پێکھێنانی حکومەتی زۆرینە لە عێراقدا ھەرچەندە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانش بوو.

چوارچێوەی ھەماھەنگی کە مالیکی سەرۆکایەتی دەکات مەبەستیانە کە بە زووترین کات کازمی لە پۆستەکەی دوربخەنەوە و حکومەت دروست بکەن، بەڵام ئەمە کارێکی مەحاڵە چونکە سەدرییەکان دەتوانن ڕێگربن لە کۆبوونەوەی پەرلەمان لە ھەر کات و ساتێکدابێت شەقام وەک تۆڵەکردنەوەیەک لە چوارچێوەی ھەماھەنگی بەکاربیەنن.

سیناریۆی چوارەم: گەیشتنە ڕێکەوتن
زۆرێک پێیان وایە ھیچ ڕێگەیەک لە بەردەم سەدر و مالکیدا نییە جگە لە گەیشتنە ڕێکەوتن بەو پێیەی ھەریەکە لە ئێران و ئەمریکا وەک دوو ھێزی کاریگەر داوای ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتیمانی دەکەن بە مەبەستی گەیشتنە ڕێکەوتن.

لەسەر ئاستی ناوخۆش لەپاڵ ئەوەی کە یەکێتی و پارتی دابەشبوون بەسەر بەرەی مالکی و سەدردا و لەگەڵ یەکتری نەگەیشتوونەتە ڕێکەوتن لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار بەڵام ھەردوولا داوای ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتمانی دەکەن لەسەر ئاستی باڵای سەرکردە عێراقییەکان، ھەروەھا کازمی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستیکردووە، بە سەردانکردنی سەرکردە سیاسییەکانی عێراق وەک نێوەندگیرێک بە مەبەستی دەستکردن بە ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتمانی بۆ دەرچوون لەم بارودۆخە، بەڵام سەدر نایەوێت بکەوێتە گفتوگۆکردنەوە ھەروەھا مەرجی قورسی بۆلایەنی بەرامبەر داناوە کە دەبێت ھەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە.
8/6/2022 2:35:16 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]