سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

وەبەرھێنان لە تراژیدیا! (لە یادی ٣٩ ساڵەی ئەنفالکردنی بارزانییەکاندا)

نورى بێخاڵى
دوای دەیان ساڵ و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، جووەکان وەبەرھێنان لە تراژیدیای (ھۆلۆکۆست) و شیعەکانیش لە (عاشوورا) دا دەکەن،  کەچی تا ئەم چرکەساتەش کورد نەیتوانیوە، یان ڕاستتر بڵێین: نەیویستووە و نایەوێت لەپێناو دووبارە خۆشوناسکردنەوە و خەبات لەپێناو بەدیھێنانی ماف و ئامانجە ڕەوا نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیدا، وەبەرھێنان لە تراژیدیا و کارەساتەکانی ڕاگواستنی زۆرەملێ، کۆمەڵکوژیی، کیمیاییبارانکردن و ئەنفالکردندا بکات. 

نەک ھەر ئەوە، تەنانەت کورد نەیتوانیوە، یان ویست و ئیرادەی ئەوەی نەبووە و نییە، ئەم تراژیدیایانە کە بەشێکن لە یادەوەریی برینداری نێوکۆیی و دەستەجەمعیی کۆمەڵگاکەمان، بکەنە ھەوێنی ئاشتەوایی و یەکڕیزی و تەبایی و گەڕانەوە بۆسەر خوانی کوردبوون.
ڕاستییەکەی، ئەنفال و کیمیاییباران و جینۆسایدکردنی کوردان ھی ئەوە نین لە کات و ناکاتدا بکرێنە دەسەسڕی سواڵ و کەرەستەی لاواندنەوە و کڕووزانەوە و شین و ڕۆڕۆ ، بەڵکوو ھی ئەوەن، بکرێنە پڕۆژەی دووبارە خاوەنداریییەتیکردن لە شوناس و دروستکردن و بونیاتنانی نەتەوە.

گیانی شەھیدانی سەنگەر و زیندانەکان، کۆچی بە کۆمەڵ و کۆڕەوەکان، کیمیاییباران و ئەنفال، بەوە شاد و ئاسوودە دەبێت، ببینەوە بە کورد، کوردبوون کۆمان بکاتەوە و لە ئاستی ئەم ھەموو قوربانیدانە بێ پایانەی گەلەکەماندا، شەرم لە پەرتەوازەیی سیاسیمان بکەینەوە و چیتر لە بەرامبەر شەڕەقۆچ و ئێسقان شکاندن و قۆڵبادانی یەکتردا، تەریق ببینەوە.

دروود بۆ گیانی بەرزەفڕی بارزانییە ئەنفالکراوەکان و سەرجەم شەھیدانی کوردستان.

7/31/2022 12:12:10 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]