سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

لەدۆخی ئاڵۆزی عێراقدا پێویستە کورد کار بۆچی بکات؟

دییە عەلى

‎بە ھەموو پێوەرێک عێراق لەئێستادا جگە لەوڵاتێکی شکستخواردوو ھیچی تر نییە، بەو مانایەی نەسەروەری پارێزراوە و نە ئاسایشی تەواوە و نەدەتوانێ خۆی بەڕێوەببات و نە خزمەتگوزاری بۆ ھاوڵاتیان دابین دەکات و نەدەشتوانێت رۆڵ بگێڕێت لەسیستمی نێودەوڵەتیدا، بگرە نەک ھەر نەیتوانیوە رۆڵبگێڕێت، بەڵکو کێشەی بۆ سیستمی جیھانیش دروستکردووە.

‎لەدوای ١٠ مانگ لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، ھێشتا نەک حکومەت پێکنەھاتووە بەڵکو ھیچ ئاسۆیەک دیار نییە کەی و چۆن حکومەت پێکدێت؟ ھۆکاری سەرەکی ئەم دۆخە سیاسییە ئێستای عێراق، کێشە ناوخۆییەکانی ناوماڵی شیعە خۆیانە، چونکە ھەرچی ڕەوتی سەدرە، لەدوای ئەوەی کە نەیتوانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی پێکبھێنێت لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی وەک ئەوەی خۆی بانگەشەی بۆ دەکرد، دوای دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمان، لەئێستادا ھەموو ھەوڵی بۆ ئەوەیە حکومەتی نوێ پێکنەیەت و کابینەکەی کازمی وەک خۆی بمێنێتەوە ھەتا دەرفەتێکی گونجاو دەبێت و ھەڵبژاردنێکی تر دەکرێتەوە، بەو ھۆیەشەوە ھەمان کورسیەکانی پێشوو یان کورسی زیاتر بەدەست دەھێنێت.

‎ھەرچی ڕکابەرەکانی سەدرە، کە خۆیان لەچوارچێوەی ھەماھەنگیدا دەبیننەوە، دەیانەوێت دوای دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدر، یان دوای چۆڵکردنی گۆڕەپانی پەرلەمان ھەرچیان کردووە حکومەتی نوێ پێکبھێنن و کازمی دووربخەنەوە لە دەسەڵات، دوای ئەوەش یەکەم کارییان ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنە، چونکە چوارچێوەی ھەماھەنگی دەنگیان زۆر زیاترە لەسەدر، بەڵام بەھۆی سیستمی ھەڵبژاردنەوە کورسییان کەمتر ھێناوە، بۆیە ململانێکە لەنێوان ئەم دوو لایەنەدا گەیشتتووەتە ئاستێک مەترسی پێکدادانی چەکداری یان شەڕی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە لەناو خودی شیعەکاندا، کە ئەمە بۆ ئێران پێشھاتێکی یەجگار خراپە، چونکە ئێران بەربەستی گەورەی بەردەم سەدر بوو، بۆ ڕێگریکردن لەپێکھێنانی حکومەت چونکە پێی وابوو بەو کارە، لایەنە شیعە وەلائییەکانی خۆی پەراوێز دەخرێن، بۆیە مەترسی ئێران لەتێکچوونی تەواوەتی ماڵی شیعەیە، خۆ ئەگەر شەڕ ڕووبدات لەنێوان شیعەکاندا، ئەوکات ھەم خۆیان لاواز دەبن و مەترسی لەدەستدانی حکومڕانیکردنی عێراقیان ھەیە، بەوەش عێراق دەکەوێتە دەستی دوو پێکھاتەکەی تر، ئەوانیش سونە و کوردن، ئەمەش بەزیانی تەواوی ئێران دەشکێتەوە، چونکە لەسایەی حکومڕانی شیعەکاندا ئێران گەورەترین سودمەندە لەعێراق و بەدەیان ڕێگا پارە لە عێراق دەکێشێتەوە.

‎لەم دۆخەی کە عێراق تێی کەوتووە دەوڵەت بەھەموو مانایەک شکستیھێناوە، بەھێزترین ھێزی عێراق یان لایەنی سیاسی عێراق ڕەوتی سەدرە، لەم دوواییانەدا ھەڕەشەی ھەڵوەشاندنەوەی دەستوری عێراقی کردووە، ئەو دەستورەی کە گرەنتی سەددەرسەدی دەوڵەتێکی فیدراڵییە و بنەمایەکی گرنگی فیدراڵییە، کاتێ دەستور لەبەردەم ھەڵوەشانەوەدا بێت، واتە فیدراڵییەتیش کۆتایی دێت، بۆیە لەم حاڵەتەدا گرنگە کورد داوا و کار بۆ کۆنفیدراڵی بکات، بەوەش ھەنگاوێکی زیاتر لەخەونە لە مێژینەکەی نزیک دەبێتەوە، لە جیھانیشدا چەندین دەوڵەتی فیدراڵی ھەبووە بووەتە کۆنفیدراڵی بۆنمونە، بەر لەھەڵوەشانەوەیی یۆگۆسلاڤیا، (سلۆڤینا و کرواتیا)، لەساڵی ١٩٨٩-١٩٩٠، (سربیا ومۆنتینیگرۆ) لەساڵی ٢٠٠٠ سیستمەکەیان گۆڕی بۆ کۆنفیدراڵی. ھەروەھا کۆماری عەرەبی یەکگرتوو(میسرو سوریا)، لەساڵی  ١٩٥٨-١٩٦١ کۆنفیدراڵیی بوو.

‎بۆیە کاتێک کورد دەیەوێت لە فیدراڵیەتەوە بپەڕێتەوە بۆ کۆنفیدراڵی گرنگە کار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بکات و لۆبی بۆ ئەو پرسە دروست بکات، چونکە پەرینەوە لەفیدراڵییەوە بۆ کۆنفیدراڵی پێویستی بە ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی ھەیە، واتا کۆنفیدراڵی بەپێچەوانەی فیدراڵیەتەوە بەڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی دروست دەبێت، بەڵام فیدراڵییەت بەدەستوری وڵاتەکە دروست دەبێت.

8/3/2022 11:03:59 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]