سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

شەقام لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەید سەدرە

کوردستان ئەحمەد

کاتێک سەید سەدر توانی زۆرترین کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستبھێنێت لەگەڵ براوەکانی کورد و سونەکان ھاوپەیمانیەکی گەورەی پێکھێنا، لەگەڵ ئەوەی ھەوڵی جدی ھەبوو بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی زۆرینە و گرنگ، بەڵام پەیامە توندەکانی سەید سەدر لە بارەی لایەنەکانی دەرەوەی ھاوپەیمانیەتیەکە و ھەروەھا گوێنەدان بە ھەوڵەکانی ئێران و چەند لایەنێکی دیکە، کاریگەریەکی قوسی لەسەر بڕیارەکانی ھاوپەیمانیەتییەکە دروستکرد، ھەر ئەوەش بووە ھۆی ئەوەی سەید سەدر گۆڕەپانەکە چۆڵبکات و بچێتە دواوە لە پێکھێنانی حکومەت ، ئەوەش دڵخۆشکەریەکی گەورەی بۆ ئەو شیعانە ھێنا کە دژی سەید سەدرن و بەبەرەی نزیکی ئێرانی دەناسرێن.


لەپاش کشانەوەی سەید سەدر لە پەرلەمان، مالکی بە یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی گوتبوو ئیتر کاتی منە و دەبێت دەسپێبکەمەوە، کاتێکیش سەید سەدر ئەو قسەیە دەبیستێت ، لە تویتەر پۆستێک دەکات و دەنوسێت تاقیکراوەکان تاقی ناکرێنەوە، ئەو دێرەی سەدر کۆتای بە ھەموو جوڵەیەکی سیاسی شەخسی مالکی لە عێراق ھێنا، ئەو پەیامە زۆر بەزووی گەیشتە گوێی ئێرانیەکان و بە زوترین کات قائانیان ناردە بەغداد، لەماڵی مالکی دژی ئەو بریارە وەستانەوە و سوربوون لەسەر ئەوەی کە مالکی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق ھەڵببژێردرێتەوە، بەڵام سەید سەدر بە خۆپیشاندانێکی ملۆنی وەڵامی ھەموو ھەرەشەکانی ئێرانی دایەوە، ھەر لەبەر ئەوەی بەرەی مورتەزەقە و نزیک لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە وازی لە مالکی ھێنا.

سێبەری مالکی بۆ شوێنی مالکی

محەمەد شەیع سودانی، وەک یەکەم کەسی جێگرەوەی مالکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاریکرا، ئەم ناوە سێبەری راستەقینە و گوێرایەڵ و گوێ قوڵاخێکی نزیکی مالکییە و بەبێ مالکی دەستەکانیشی ناشوات، ئەو ناوە یەکێکە لەو ناوانەی کە سەید سەدر بەھیچ شێوەیەک قبوڵی نییە، ھەر لەبەر ئەوەی ھێزی کۆمەڵایەتی خۆی ناردە سەر پەرلەمان و بینیمان چۆن ملیۆنان لایەنگری سەید سەدر لە نێو پەرلەمانی عێراق دژی سوودانی سێڵفیان دەگرت و تەنانەت نەشیانھێشت شەوێک بەسەر کاندید کردنەکەیدا تێپەڕێت، گەورەترین خۆپیشاندانیان دژی سۆدانی ئەنجامدا.

لەگەڵ ئەوەی مالکی و ئێران پێیان وابوو کشانەوەی سەید سەدر ئیدی ئەو بەربەستە ناھێڵێت لەسەر ئەو کەسەی کەتاران پێێ خۆشە حوکمی عێراق بکات، بەڵام لەراستیدا ئیدی ھیچ عێراقیەک ناتوانێت دەستنوێژێک بەبێ رەزامەندی سەدر بشوات، گەورەترین چەکی دەستی سەدریش ئەو ملیۆنان عێراقیەیە کە بەیعەتیان بە سەیدە سەدر داوە و گوێرایەڵ و عاقڵ دەچنە ناو ھەر شتێکەوە کە سەیدسەدر بیەوێت.

لەراستیدا ملیۆنان عێراقی چاوەڕێی تەنھا تویتێکی سەید سەدرن،بۆ ئەوەی ھەرشتێک بکەن، کە سەید سەدر بییەوێت، خۆ ئەگەر سەید سەدر بڵێت بمرن،ئەوە لە یەک خولەکدا ملیۆنان شیعەی عێراقی دەمرن، ئەوە ئەو پەیامەیە کە مالکی و ئەوانی دیکە ھێشتر لێی تێنەگەیشتوون، دەبێت جیھان ئەو راستییە بزانێت ئەو ھێزەی سەید سەدر ھەیەتی زۆر بەھێزترە لەو ئەتۆمەی کە کۆریای باکور یان رووسیا پێوەی دەنازێت، چونکە ئەگەر ئەوان ئامێریان ھەبێت بۆ کوشتنی مرۆڤ بێگومان سەید سەدر مرۆڤی ھەیە بۆ کوشتنی مرۆڤەکانی دیکە یان ھەر کارێک کە بیەوێت بیکات.


دواین قسە لەسەر پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق تەنھا ئەم دێڕەیە دەبێت زۆر بەروونی ھەموومان لێێ تێبگەین، یان کەسێک دەبێتە سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار کە سەید سەدر و سەرۆک بارزانی دەیانەوێت، یان کورسی سەرۆکایەتیەکانی عێراق بۆ ھەتا ھەتایە بە چۆڵی دەمێننەوە و ھیچ کەس ناتوانێت یەک خولەکیش لەسەر ئەو کورسییە دابنیشێت، ئەوە سەحیح ترین دێری سیاسی عێراقە و لەوە زیاتر ھیچی دیکە روونادات لە عێراقدا، چونکە تاقیکراوەکان تاقیناکرێنەوە ئیدی.

سەرۆک بارزانی بڕیاردەدات
ھاوپەیمانیەتی نێوان سەید سەدر و سەرۆک بارزانی ھاوپەیمانیەتێکی تۆکمەی بەھێزە، کە ئەمریکایەکان و ئەوانی دیکەش قبوڵیانە و جگە لە ئێران، چونکە ئێران دەزانێت ئەو ھاوپەیمانیەتە ئاژاوەیەکی گەورە بۆ وڵاتەکەی دروستدەکات و پێیەکانی لە عێراق دەبرێت، سەرۆک بارزانی  لە پرسی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا گوتویەتی: دەبێت کەسێک ببێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق کە شەراکەتی راستەقینە و دەستور جێبەجێ بکات و مافی تەواوی عێراقییەکان بدات، ئەوەش تەنھا ئەو کەسە دەتوانێت بیکات کە سەید سەدر پەسەندی دەکات، واتە ھەرکەسێک کە لە عێراقدا دەیەوێت ببێت بەسەرۆک وەزیران دەبێت رەزامەندی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی و سەید سەدری لەسەر بێت چونکە ئەوان جارێکی دیکە رێگەنادەن کەسێک کە عێراق و دەستور و یاسا و شەراکەتی راستەقینە لە عێراقدا بەلارێدا ببرێت و گرفتی گەورە بۆ ھەموو لایەک دروستبکات.

ئێستا دووپرسی گرنگ لە عێراقدا ھەیە، پرسی سەرۆک وەزیران، کە مەرجە تاقیکراوە نەبێت و گەندەڵنەبێت و دروبێت لە ئێرانەوە، کە ئەوەش کەسێکە کە سەرۆک بارزانی و سەید سەدر قبوڵیانە و پەسەندکراوی ئەمریکاشە، وە پرسی سەرۆک کۆماری عێراق کە دەبێت کەسێکی نیشتیمانی بێت و مەترسی لەسەر کوردستان دروستنەکات و ھەروەھا کەسێک بێت کە نیشتمانی و پاشڵ پاک بێت بۆ ئەوەی لە فلتەری سەرۆک بارزانی تێببپەڕێت،لە راستیدا سەرۆک بارزانی بەھیچ شیێوەیەک قبوڵی ئەوەناکات کە کەسێک کە مەترسی بۆ سەر ئایندەی ھەرێمی کوردستان دروستبکات ببێتە سەرۆک کۆمار وەھەروەھا ئەو کەسەش دەبێت ھیچ دەستێکی لە رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەردانەبێت و ھەروەھا کەسێکی خەمخۆری مافەکانی گەلی کورد بێت و رێگەنەدات بیری شۆڤێنیانە کاری لێبکات و بەشێوەیەکی گشتی لە فلتەری نیشتمانی تێنەپەڕێت.

کەرکوک بەرامبەر سەرۆک کۆمار
لە ھەر ئەگەرێکدا کە کەسێک بکرێت بەسەرۆک کۆماری عێراق کە بێگومان دەبێت فلتەرە نیشتیمانیەکانی سەرۆک بارزانی تێبپەڕێنێت، ئەو کەسە گەر دڵخوازی راستەقینەی سەرۆک بارزانیش نەبێت ئەوا ئەو پۆستە یەکسانە بە پۆستی پارێزگاری کەرکوک، کە پارتی ھەر یەکێک لەو پۆستانە بە مافی خۆی دەزانێت، چونکە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانە، لە ھیچ حاڵەتێکی دیکەدا ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت لەسەر کورسی سەرۆکایەتی دابنیشێت.

پارتی کاری گەورەی بۆ کەرکوک کردووە، ھەر ئەوەی کەرکوکیەک کە بەربژێری پارتییە ئێستا کەسی دووەمی پەرلەمانی عێراقە، ئەوە گەورەترین دەسکەوتە بۆ کەرکوکییەکان، چونکە ئەگەر پارێزگاری کەرکوکیش بکەوێتە دەست پارتی بێگومان کەرکوک لە چەند ساڵێکدا ھیچی کەمتر نابێت لەھەرە شار جوان و بەخزمەتەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، چونکە ئەوە ئەدەبیات و ئەخلاقیاتی قوتابخانەی بارزانییە کە قوتابیەکانی فێردەکات خزمەتی نیشتیمان بکەن، ئەوە ھەر ئەو بنەمایەشە کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێناویدا دامەزراوە.

ئێستا کایەی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و کەرکوک سێ ھاوکێشەی تێکەڵاون کە بەستراون بەیەکەوە، سەرۆک بارزانی و سەید سەدر زۆر بەتوندی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئیدی شەقامی عێراقی پێویستی بە کەسێکە خزمەتیان بکات نەک بیانفرۆشێت و عێراق بەرەو وێرانەیەکی دیکە ببەن، ئەوەش مەترسی گەورە بۆ سەر ئەو لایەنە گەندەڵانە دروستدەکات کە دەیانەوێت لە عێراقدا رۆڵیان ھەبێت.

ئێستا مستەفا کازمی کە پۆستی سەرۆک وەزیران بەڕێوەدەبات کەسێکی ھێندە خراپ نییە کە کورد و سەدرییەکان لێی نارازیبن، ئەوەندەش دورنییە لە ئەمریکیەکان کە نەزانن چ دەکات و چ ناکات، ھێندەش دورنییە لە ئێرانییەکان کە بە زایۆنی ناوی ببەن، بۆیە مانەوەی کازمی کارێکی زۆر باشە بۆ عێراقیەکان، بەمەرجێک رێگەی پێبدرێت ھەموو خاڵە دەستورییەکان جێبەجێ بکات، لە ھەمووی گرنگتر ئەمریکا بە کارەکانی کازمی رازییە.

دەبێت ھەموو ھاوکێشە سیاسیەکان لە عێراقدا ئیدی پشت لە ئێران بکەن و رووبکەنەوە ئەمریکا و ئارامی راستەقینە بۆ عێراق دروستببێت، ئەوەش کاتێک دەکرێت کە دەستی ئێران لە عێراق نەمێنێت، ئەو کارەش ھێنەدە ئاسان نییە، ھەم کاتی دەوێت و ھەم خوێن، بۆیە لەم قۆناغەدا زۆر زەرورە کە کازمی لەشوێنی خۆی بمێنێتەوە کەسێکی گوێرایەڵی سەرۆک بارزانیش ببێتە سەرۆک کۆمار یان پارێزگاری کەرکوک.


7/31/2022 3:11:00 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]