سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

بانگھێشتەکەی نێچیرڤان بارزانی دەرفەتێک بۆ گفتوگۆ، ھەلێک بۆ ئاشتی

فارس نەورۆڵى
ئەوەی لەعێراقدا ڕوو دەدات دەرئەنجامە، لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس ئەوەی ناونرا عێراقی نوێ شتێکی نوێی دڵخۆشکەری لەتەک خۆی نەھێنا، نەیتوانی نوێگەری لەجیھانبینی سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتیدا بەرھەم بھێنێ، ئەقڵی سیاسی بەتامی ھەمان ئەقڵییەتی پێش و لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی ئەوی دیکە بنیاد نرایەوە.

ئەوەی ئێستا لەناو پەرلەمانی عێراق ڕوودەدا و لەشاشەکان دەبینرێت کۆمیدیایە بەتامی تراژیدیا، ئەوە دەرئەنجامی بێمتمانەیی خەڵکە بەشێوازی حوکمڕانی، ئەوەی دەبینرێت بەرەنجامی ناعەدالەتییە لەھەموو ئاستەکاندا، ئەوە ناعەدالەتیە دەبێتە ھۆی کەوتنی ھەموو شت و چارەسەری ئەو دۆخە ئاسان نیە، چونکە تەنھا لە دەست ھێزە سیاسیە عێراقیەکاندا نیە بەڵکو بەریەککەوتنی بەرژەوەندی دەوڵەتە جیھانی و ناوچەییەکانە، بەڵام چارەسەر مەحاڵ نیە ئەگەر ئیرادە ھەبێت عێراق پێویستی بەمۆدێلێک لەکارەکتەری سیاسییە کە کراوەبن و پرنسیپی یەکتر قبوڵکردن جێ بەجێ بکەن ، ئەگینا ناتوانرێ ئەم قۆناغە جێبھڵرێت.

دۆخی ئێستا ترسناکە پێویستی بەھێوربوونەوە و بیرکردنەوەی تەندروست ھەیە، چونکە ئەگەر عێراق بچێتە قۆناغی شەڕی ناوخۆییەوە ئەوا دۆخی لە لوبنان و سوریا و یەمەن خراپتر دەبێت، لەم ھەڵومەرجەشدا پێویستە لەسەر حیزبە کوردستانییەکان خۆیان لە نمایشی پۆپۆلیستی بە دوربگرن، ئەم یارییە ئەم جارە بۆ بەدەسھێنانی چەند کورسییەک نیە بەڵکو تاڕادەیەک یاری چارەنوس و مۆدێلێکی دیکە لە ململانێ بەرھەمدەێنێت ئیتر چاک یان خراپ دیارنیە ، بەڵام ھیچ کات درەنگ نیە بۆ چارەسەر، ھەمیشە کاتێک ھەیە بۆ دەستپێکردن.

بانگھێشتنامەکەی سەرۆک نێچیرڤان بۆ کۆبونەوە لەھەولێر و چارەسەری دۆخەکە لەڕێگای گفتوگۆی ڕاستەخۆی ھێزەکان دەرفەتێکی ستراتیجییە بۆ ڕزگارکردنی عێراق لەدۆخی شەڕ و ئاشوب، لە ھەمان کاتدا دەکرێ لەسەر مۆدێلێکی نوێی ھاوبەشی ڕێکبکەون کە بەرژەوەندی کۆی پێکھاتەکان بپارێزێت، مۆدێلێک کەبتوانێت زۆربەی کێشەکان چارەسەر بکات، بۆیە دەکرێ ئەو بانگھێشتنامەیە مۆدێلێکی باشتر لەئێستا بەرھەم بھێنێ، ئەگەر ھەموو ھێزەکان بەئەقڵی کراوە و پەرۆشی ئایندەی خەڵک بن.

8/3/2022 11:20:05 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]