سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

لە ئێستاوە تا ٢٠٢٣

فارس نەورۆڵى
لە سەدەیەک دوای لۆزان کورد لە کوێدا دەبین، لە ٢٤ی تەموزی  ١٩٢٣ کۆنگرەیەک لە لایەن (بەریتانیا، فەرەنسا، ژاپۆن، یۆنان، ڕۆمانیا، سربیا، کرواتیا، سلوانیا و تورکیا) لەشاری  لۆزانی سیوسرا  بەسترا. مەبەست لەم کۆنگرەیە داڕشتنەوەی سەر لەنوێی قەوارەی سیاسی و جوگرافی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بوو.

لێرەوە دوای جوڵە دبلۆماسییەکانی (کەمال ئەتاتورک) بە پاڵپشتی سۆڤیەتی کۆمۆنیستی  پەیمانی (سیڤەر) ھەڵوەشێنرایەوە، ئیتر لێرەوە کورد خەونەکانی زیندە بەچاڵ کراو خرایە دەرەوەی مێژوو، ھەر لەو کاتەوە تا ئێستا   کوردیان ڕوبەڕووی سەدان کارەسات کردوەتەوە بۆسڕینەوەی، بەڵام کورد مایەوە  تا ٢٠٢٣، ساڵێکی دیکە ١٠٠ ساڵ بەسەر لۆزاندا تێ دەپەڕێ و بەڕای (کیسەنجەر) دەرەنجامی جەنگی ڕوس و ئۆکرانی پێشبینی گۆڕانی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە دەکرێت.

بۆیە لە ئێستاوە تا مانگی ٧ی ٢٠٢٣ ھەستیارتیرن دۆخ وچارەنوسسازترین قۆناغە بۆ کورد، چونکە دەوڵەتانی ناوچەکە ھەموو ھەوڵێک دەدەن پشکی شێر بەرن لەگۆڕانکارییەکاندا. ڕاستیەکی حەشا ھەڵنەگریش ھەیە ناوماڵی کورد چی لە ئاستی کۆمەڵایەتی و شەقام، چی لەئاستی حیزبە سیاسییەکان نا ئامادەییەکی نا ئومێدکەر ھەیە! ئیتر  نازانم جوڵەی دبلۆماسی شاراوەی  دەرەوەی کورد چۆن مامەڵە لەتەک دۆزی کورد دەکەن،  ئەوەی لەسەر کورد پێویستە لە ھەموو ئاستەکاندا  چی سیاسی و چی کۆمەڵایەتی و ھەموو ناوەندەکان دەبێ بزانن پێ دەچێ گۆڕانکارییەکان لە بیرکردنەوەی ئێستای ئێمەدا نەبن.

بۆیە پێویستە لەم قۆناغەدا کێشەکانمان سڕکەین، ئەقڵ بەڕێوەمان بەرێت نەک ڕق وعینادی، با تا ئەم قۆناغە تێدەپەڕێ بیربکەینەوە جارێکی دیکە نەمانکەنەوە دەرەوەی مێژوو،  ئەمەش بەوە دەکرێ واز لە نمایشی بێمانا بھێنن و بە گەمەی بچوکەوە وزەی کورد سەرف نەکەین.  ئەوەی کێشە قوڵەکەی ڕۆحی ئێمەیە، ئەوەی ئێمە و ئەوانی دیکە لەیەک جیا دەکاتەوە. ئەوان ھەموو شتە بچوکەکانی خۆیان بەگەورە نیشان دەدەن، ئێمە کارە گەورەکانی خۆمان بە بچوک نیشان دەدەین.

بۆیە لەئێستاوە تا ٢٠٢٣ سەنگی مەحەکە بۆ ژیانێکی نوێ لەناوچەکەدا، تکایە با بۆ (یەک ساڵ تەنھا یەک ساڵ) کێشەکان وەلاوە نێین خۆمان و کوردستان  بە ڕقی ناوخۆ و مەکری ئەوانی دیکە نەسوتێنین، چونکە چیتر لەکەوتن و دۆڕاندا ئەوانی دیکە تاوانبار نین بەڵکو خۆمانین تاوانبار!

6/24/2022 10:38:31 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]