سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

کاک ئیدریس.. ھەگبەیەکی پڕ ئاشتیخوازی و ئومیدبەخشی و خاکەساری

ئاریان فه‌ره‌ج
‌ھەمیشە لە یادی کاک ئیدریسدا، ئاکارە کەسیی و ئینسانییەکانی لە روانگا و باوەڕە  سیاسییەکانی، زیاتر دێنەبەرباس و یاد دەکرێنەوە، رەنگە ھۆکارەکەشی ئەوە بێت  زۆرترین ھاوڕێ و ھاودەمی سەفەرە کورتەکەی ژیانی، پێشمەرگەی سادەو ئاوارەکانی دوای نسکۆ بوون و بە لای ئەوانیشەوە سیفەت و ئاکارە ئینسانییەکانی سەرکردە وەک (مەردی و جوامێری و خاکەساری و خەمخۆری و بەدەمەوەبوونی خەڵک)، لە دید و تیۆر و روانگا سیاسییەکەی لەپێشترن.

 پێشمەرگە و خەباتکارانی ئەوێ رۆژێ کە لە کاک ئیدریس دەدوێن، ھەر یەکە و سەربوردە و سەرگوزشتە و یادێکی تایبەتی لەگەڵ ھەیەو ھەر نەبێ نامەیەکی ئەوی لە سینە و ئەرشیفیدا پاراستووە.کاتێ لەو ھەموو یادەوەری و چیرۆک و نامانە رادەمێنێ، لەو تۆڕە فراوانەی پەیوەندییەکانی ئەو سەرکردەیە وورددەبیەوە، سەرت سڕ دەمێنێ چۆن پەرژاوەتە سەر ئەو ھەموو خەڵکە و لەگەڵ دانە بە دانەیان ھەستی ھاوڕێیەتی و لێکنزیکی و بەخەمەوەبوونی چاندووە و لەو کەمدەرفەتی و ‌دۆخە سەختەی شۆڕش و نسکۆدا، ھەموو ئەو پەیوەندیانەی ئیدارە و ئیدامە پێداوە! 

ئەوانەی لە دیاردەی ئیدریس بارزانی دەکۆڵنەوە، سەرچاوەی خەسڵەتەکانی بۆ دیدە سیاسییەکەی دەگێڕنەوە. لە دیدی ئەودا سەرکردە دەبوا خزمەتکاری ئەو خەڵکە بێت کە خۆیان خستۆتە خزمەتی کوردستان، دەبوا ھەمیشە قەرزبار و منەتباری پێشمەرگە و جەماوەر بێ. لە دیدی ئەودا سەرکردە لە ناو میللەتێکی شۆڕشگێڕدا تەنھا بە وویست و بڕیار و قبوڵی خەڵک دروست دەبێ، سەرکردایەتیکردنیش ھیچ نییە جگە لە ھەڵگرتنی بەرپرسیاریی و چوونەژێرباری ئەرکی سەختتر لەو ئەرکەی لە ئەستۆی ھاوسەنگەرانیەتی، سەرکردە ئەو کەسەیە لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسیدا، پێشەنگی ھەموان و لە پشوودان و حەوانەوەدا لە دوای ھەمووانە. ھەرلەو پێودانگەوەیە کە سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێ: ئیدریس ھەڵگری تەواوی سیفەتەکانی بارزانی نەمر بوو.

ھەر ئەو دیدە بەرپرسیارە بوو ئیدریسی نەمری کردە مەکۆی زەحمەتترین ئەرکەکانی دوای نسکۆ: لەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریی نسکۆ و چوونەژێرباری ئاکام و ئاسەوارەکانی، لە یەککاتدا خەمخواردن لە گوزەرانی ئەو خەڵکە زۆرەی نسکۆ ئاوارەی کردن، ھاوکات تەحەددی سەختی ھەڵگیرساندنەوەی شۆڕش و دووبارە ژیاندنەوەی گیانی ئومێد و ھەستانەوە. 

کاک ئیدریس باوەڕی رەھای بە دروستیی رێبازی حیزبەکەی ھەبوو، بەڵام بە ھەمان رەھاییش باوەڕی واقیعبینانەی بەو راستییە ھەبوو کە ئەگەر کۆی ھێزە سیاسییەکانی سەر گۆڕەپانی خەبات پێکەوە لە ژێر یەک چەتری نەتەوەیی و نیشتمانیدا کۆنەبنەوە و کۆتایی بە تەفرەقە نەھێنن، کوردایەتی رەنج بەخەسارە. ئاشتبوونەوەی گشتی لای ئەو ستراتیژێک بووکە باوەڕی وابوو بەھەر نرخێک بووە دەبێ سەربگرێ، دواجاریش ھەر ئەو دیدە بوو بەرەی کوردستانی لێ بەرھەم ھات وکوردستان و کوردەواری لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە گواستەوە.

 ئەگەر لە تەمەنی (بەساڵان) کەم و (بە رۆڵ) زۆری کاک ئیدریس بڕوانی و بتەوێ بە چەند ووشەیەک پێناسەی بکەیت، رەنگە (ئاشتەواییخوازی، ئومێدبەخشی، خاکەساریی و نزیکیی لە خەڵک) پر بە پێست بن.
2/1/2023 6:48:03 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]