ئاسۆ عەبدوللـەتیف
وەبەرھێنی کوردیی، ئەوەندە حەزی لە خۆنمایشکردن و خێرو سەدەقەیە لە شارەکانی تر بۆ ڕیاکاریی و خۆبەفریشتەکردن لای حکومەت و بەھاناوەچوونی ھەژاران وەک دەرھێنەری سینەمایی لێھاتوەو خۆی لێ بوەتە پاشای کەلاوەکە بۆ نمایش و تەمسیل. کەچی لەو نزیکەی بەرقاچی ڕاستی خۆیەوە، کرێچییەکانی نابینێت لە سیتیە وێرانەکەی خۆیدا، خواخوایەتی حکومەت ھەر باخبەڕەڵای لێبکات و ھەرگیز بیر لە تاپۆکردن و یاسای توند نەکاتەوە بۆ ڕووبەرە بەتاڵ و سەوزاییەکان و خزمەتگوزاریەکان، چونکە گرێبەست و ڕسومات و تەخشان و پەخشانی زەویەکان ھەر لای خۆیەتی بۆ ئەبەد، پاشای عەرشەکەیە ئیدی.
حکومەت دەبێت عاقڵانە ئەم گەمەیە لەدەست ئەو پاشایانە دەربھێنێت چونکە کەلاوەکان مانای خراپ ئەدەن بەدەستەوە، دەبێت حکومەت ئەو عەرشە درۆینانە وەرگرێتەوە و سیستمی پێدانی ئەرازی و یاساکانی مۆڵەتی وەبەرھێنان و تاپۆ و خزمەتگوزاریی گشتی شارە نیشتەجێبوەکان دووبارە ھەموارو ڕێک بخاتەوەو چیتر چاوپۆشی نەکات لە پڕۆژەی لارو سەقەتی ھەندێک وەبەرھێن بۆ گەندەڵی بەردەوام و ئیختیلاسی زەوی وزارو سپیکردنەوەی پارەو دەستکاری نەخشەو سایت پلان و نوقورچدان لە زەوییە بۆش و گۆشەو سەوزایی ناو سیتیەکان.
لەگەڵ ھەنگاوە باشەکاندا دەپرسین باشە دەستەی وەبەرھێنان، چیکردوە بۆ خزمەتی ھاوڵاتیانی ناو سیتیەکان و کەلاوەکان کە بوونەتە قوربانی و دیل و بارمتە بەدەست وەبەرھێنەری تەماحکارو زمانلووسەوە، ھەر ڕۆژەو بیانوویەکیان پێدەگرن و شانۆیەکیان بۆ ڕێک دەخەن لەسەر ئەو ستەیجانە؟ تاکەی خەڵک گیرۆدەی یاسا خێڵەکی و شەعبیەکانی گیرفانی ئاغای وەبەرھێن بێت و ملکەچی بێت و یاسای وەبەرھێنەرانیش پشتگیری بکات؟ بە ڤێللایەک و دوان و ڕەشوەیەک و بەرتیلخۆرییەکی بێتام و ئاشکرا ئەوە سەدان جارە باری لاری وەبەرھێنەر ڕاست دەکەنەوەو خەڵک ھەر بێدەنگەو ماوەیەکی تریش داوای دەنگیان لێدەکەن بۆ شەرعیەت و ئایندەی ئەم حوکمڕانییە؟
لە ھەندێک سیتیدا نە بنکەی تەندروستی ھەیەو نە گەراج و نە سەوزایی و نە قوتابخانەیەکی ھاوچەرخ و نە جادەو پارک و جوانییەک، کەچی ھێشتا نایەنەپێشەوە بۆ دەرکردنی یاسایەک کە سیولەو پارەی کاش بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوەو لە بەرژەوەندی گیرفانی حکومەتیشدایەو ڕێگە لەو نەزیفە ئابورییە دەگرێت.
وەبەرھێنی شەیتان کراوە بە فریشتەو مەڕدۆش و چاکەخوازی نیشتیمانی و پاشا، بە یەک دوو چاوپێکەوتنی تیڤیی و سپۆنسەرکردن و پێدانی دیاریی سادەو ڕیابازانە، ئاسانکاری بۆ کراوەو لە سیتیەکان سەوزایی و باخچەو زەوی قوتابخانەو بنکەی تەندروستی فرۆشراوەو کراوە بە مارکێت و خانوو بەنزینخانەو پەیمانگای ئەھلی و دەجار سایت پلانیشیان بۆ گۆڕیوە، کەچی بۆیەک جار نەیانتوانیوە شەقام و ئەسانسۆرێک چاک بکەن و بگۆڕن، دەی ئەوە کێ لێی بەرپرسە؟
خەڵک تاوانی چییە یەکەو خانوەکەی بۆ تاپۆ ناکەن دوای تەواوبوونی قیست و ڕسوماتەکانی، بەڵام بۆ یەک ڕۆژ دواکەوتنی قیستەکەی دەجار تەلەفۆنی بۆدەکەن و بۆ ھەر کڕین و فرۆشتنێکیش دەبێ وەکیلی ماڵ نەک خاوەن ماڵ! باجی خۆی بدات بە وەبەرھێنەر بە دۆلارو بەو بەھا بەرزەشەوە؟
یاسای پاراستنی مافی خەڵکی ڕەش و ڕووت بێزەحمەت لە کوێی یاساکانی دەستەی وەبەرھێناندایە، مافی خەڵک نەک وەبەرھێنەر؟