ئاسۆ عەبدولەتیف
دەبێت پزیشکی باش و خاوەن سوێندی پزیشکیی و ئیتیکی بەرز، تێکەڵی ئەو مافیاگەرییەی کۆگاکانی دەرمان و بیزنسی ڕەشی عەیادەو نەخۆشخانەکان نەبێت و ڕێز لە یاسا بەرکارەکانیش بگرن.
جوامێرانە بێتە بەرەی ھەژاران و قوربانییدەرانی دەرمان و خۆراکی ناتەندروست و بکۆشێت و خەباتی مەدەنی توندو ئەخلاقیی بکات و دەنگ ھەڵبڕێت لەو پاشاگەردانیی و سلوکە نزمەی ھەندێک پزیشک و نەخۆشخانەی ئەھلیی و لایەک ھەڵبژێرێت بۆ خزمەتی خەڵک و میللەتی خۆی.
ئاخر نامومکین و ناعەوڵانییە دوکتۆر بەیانی زوو لە زانکۆ بێت بۆ وانە وتنەوەو ڕاگرتنی پۆستە ئەکادیمییەکەی و چێشتەنگایەکی درەنگی نیوەڕۆ خۆی بکات بە خەستەخانەو بنکە حکومییەکەدا بۆ واژۆکەی و بینینی دوو نەخۆشی داماو، ئێوارەش بەو ھیلاکییە لە کلینیکە ڕاقییەکەی نەخۆش و خەستە ببینێت وەک بازرگانیی؟
ئەوە چ لۆژیکێکی پزیشکیی و ئەخلاقییە؟ بۆیە ھەندێک پزیشکی نابەرپرس و ھەڵتۆقیو، ناڵێم ھەمووی ! خەستەخانەیان کردۆتە بەردەبازو پرسگەیەک بۆ عەیادەکانی خۆیان و کە دەچییتە عەیادەکەشیان یەک ڕیز ڕەچەتەو بارێک عیلاجت بۆدەنوسن لە خراپترین کۆمپانیاو براندی تیجاریی و بەبێ ئەوەی نەخۆش ھەمووی بەکاربھێنێت و دەبێت لە دەرمانخانەکەی خۆشی بیکڕیت کە شەریک و شێرھۆڵدەریەتی.