لهتیف فاتیح فهرهج
لە ماوەی رابردودا یەکێک لە جەلادەکانی داعش لە باشوری کەرکوک گیراوە ، ئەو جەلادە خۆی دانی ناوە بەوەدا کە ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگەی دیلی سەر بڕیوە ، بۆ ئەوەی بیانووش بۆ ئەو تاوانە قێزەون و نامرۆڤایەتی و نائاکاریە بێنێتەوە ، دەڵێت پێشمەرگە برایەکیان کوشتوم ، یەکێک لە کێشەکانی مرۆڤی عیراقی بە ھەموو پێکھاتەکانەوە ، ھەمیشە بۆ خیانەت ، کوشتن ، نامەردی و ناپیاوی بە دوای بیانودا دەگەڕێت ، کابرا خیانەت لە ھاوژینەکەی دەکات ، بیانوی ئەوە دێنێتەوە ھاوژینەکەی ساردە لە گەڵیدا ، نیشتمان دەفرۆشێ بیانوی ئەوە دێنێتەوە کە ئەمە نیشتمان پەروەریە ، سەنگەرو سینی دەگۆڕێ و خۆی دەفرۆشێت ، کەچی دەڵێت چووەتە ئەو شوێنەی دەبوو پێشتر لێی بێت .
سەری دەیان پێشمەرگەی بڕیوە بە شانازیەوە باسی دەکات ،ئەم بکوژو جەلادە دوای کوشتنی ئامۆزایەکی خۆی دەستگیر دەکرێت ، بەڵام دان بەو ھەموو تاوانەدا دەنێت کە کردوویەتی ، ھەڵبەت ئامۆزاکەشی لە سەر ئەوە کوشتوە گوایە لە کەرکوک و دوبز ھاوکاری پێشمەرگەی کردووە، ھەر ئەوەنا تەنانەت ویستویەتی مامێکی خۆیشی سەبڕێت گوایە ساتری بۆ پێشمەرگە کردووە لە کاتی شەڕی داعشدا ، ئەم بکوژە براکەی کە لە شەڕی پێشمەرگەدا کوژراوە ، سەر بە کەتیبەیەکی خۆ کوژی بووە ، یەکێک لە برای پێشمەرگە شەھیدەکان ئەو جەلادەی بینیوەو قسەشی لە گەڵ کردووە ، نیگەرانی راستی ئەوەیە ئەم دۆسیە مرۆییە زۆر بە سانای بشاردرێتەوەو دیزە بە دەرخۆنە بکرێت ، ئەم نیگەرانیەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە پێشتر دەیان دۆسیەی مەترسیدار داخراوەو کۆتای پێھاتووە .
دانپیانانی ئەم سەربڕە ھاوزەمانە لە گەڵ نیشاندانی گرتەیەکی کوشت و بڕەکەی سپایکەردا کە جەلادەکان بە ناوی خوداو پێغەمبەرو ئاینی ئیسلامەوە ھاوزمانەکانی خۆیان زۆر بە نامرۆڤانە دەکوژن و وەک ئەوەش نیشانی دەدەن کە چێژلەو کوشتنە ببینن ، من کە نەمتوانی سەیری تەواوی دیمەنەکان بکەم وتم یان دەبێت ئەمە ئیسلام بێت و ئێمە و باو باپیری ئێمە لێی تێنەگەیشتبن ، یان ئەوەی ئێمە راستەو ئەمە دروستکراوە ، لە ھەردوو باردا دنیای ئیسلام و ئاینی ئیسلام پێویستی بە پیاچوونەوەو ھەڵوەستەیە چونکە گۆرانی مەزن وتەنی " لە یەک سەرچاوە دوو قەترە یەکێ لێڵە یەکێ روونە " کەسەیری دیمەنەکانی سپایکەرو شێوازی کوشتنی قوربانیەکان و رەنگی پەڕیووی ئەوان دەکەیت ، دەڵێی خودایە ئەمە ھەمووی بە ناوی تۆوە دەکرێت و تۆش نزیکەی پازدە سەدەیە بە بێدەنگی و بێئەوەی وشەیەکی نوێ بڵێی تەماشا دەکەیت ، ئاخر ئەوانەی بەو جۆرە کوشت و بڕ دەکرێن ، ھەر ئەو مرۆڤانەی تۆن ، کە دەشێت چەند چرکەیە بەر لە کوشتنەکەیان پەنایان بۆ تۆ ھێنابێت ، تۆ بڵێی ئەو پێشمەرگە دیلانەی کورد لە چرکە ساتی کوشتنەکەیاندا چیان بە خودای خۆیان گوتبێت ، چونکە زۆرێک لە پێشمەرگەکان نوێژیشیان دەکردو رۆژوشیان دەگرت .