سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
ڕاپۆرت

گۆڤارێکی ئەمریکی: خانەوادەی بارزانی دوو کۆشکیان لە کالیفۆرنیا بە بڕی 47 ملیۆن دۆلار کڕیوە

زێد نیوز:

گۆڤاری فارایتی ئەمریکی بڵاوی کردەوە "دوو ئەندامی سەرەکی خانەوادەی بارزانی لە هەرێکی کوردستانی عێراق، لەپشت مامەڵەیەکی کڕینی دوو کۆشکن لەناوچەی بەناوبانگی بیفرلی هیلز لە شاری لۆس ئەنجلوس لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا و بەهای هەردوو کۆشکەکە 47 ملیۆن دۆلارە کە بە کاش پارەکەیان دراوە.


بەگوێرەی راپۆرتی گۆڤارەکە کڕینەکە لە رێگەی هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی ویلایەتی ڤێرجینیا بەناوی  (هەڤاڵ دۆسکی) ئەنجامدراوە کە دۆسکی هاوڕێیەکی نزیکی مەنسوڕ بارزانی، کوڕی مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستانە. 

بەگوێرەی گۆڤارە ئەمریکییەکە، یەکێک لە کۆشکەکان بۆ کوڕێکی تری بارزانی بەناوی مەسرور بارزانی کڕدراوە کە ئێستاکە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. 

راپۆرتەکە روونیدەکاتەوە، کۆشکی یەکەم 21 هەزار مەتر چوارگۆشەیە و هەرچی کۆشکی دووەمە نزیکەی 12 هەزار مەتر چوارگۆشەیە. 

گۆڤارەکە خانەوادەی بارزانی وەک گەورەترین خانەوادەی دەوڵەمەند لە هەرێمی کوردستانی عێراق ناودەبات. 

راپۆرتەکە روونکردنەوەی زیاتر لەبارەی مامەڵەی کڕینی دوو کۆشکەکە دەدات و دەنووسێت "مامەڵەی کڕینەکە ساڵی رابردوو لەماوەی سێ مانگدا ئەنجامدراوە و ئەو کۆشکەی بەناوی (مایسۆن 613)یە و لەناوچەی فلاتسە بە بەهای 27 ملیۆن دۆلار فڕۆشراوە. 

کۆشکەکە بەگوێرەی پێناسەی ئەو کۆمپانیایەی کە بۆ فڕۆشتن نمایشی کردبوو، گۆڕەپانێکی نێوخۆیی تێدایە بۆ تۆپی سەلە و دوو ناوچەی یاری بۆلینگ و شانۆیەک و کتێبخانەیەک و  هەرە سیستمی پێشکەوتووی رووناکی و دەنگ و سکۆریتی تێدایە. 

هەرچی کۆشکی دووەمیشە بەناوی (فوتهل مانور) و نزیکەی یەک میل لە کۆشکی یەکەم دوورە، مێژووی دروستکردنەکەی بۆ ساڵی 1970 دەگەڕێتەوە و بە زەخرەفە هەرە جوان و رازاوەکانی ئەو ناوچەیە دەناسرێتەوە و هەروەها لەناو کۆشکەکەدا هۆڵی وەرزشی و سینەما و دیمەنی سروشتی زۆری تێدایە. 

بەگوێرەی راپۆرتی گۆڤارەکە ئەم دوو کۆشکە سەرەڕای کڕینیان بەڵام تائێستا کەسی تێدا ناژی و چۆڵە و گۆڤارەکە ئاماژە بەوە دەکات دەوترێت مەسرور بارزانی کۆشکێکی دیکەشی هەیە لە ناوچەی ماکلین لە ویلایەتی ڤێرجینیا و لەکاتی سەردانیکردنی بۆ ئەمریکا لێی دەمێنێتەوە و هەر لەوێش دیدار و چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا ئەنجام دەدات. 

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکە، نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیکردەوە"مەسرور بارزانی هیچ ڤێلا و خانوویەکی لە وڵاتی ئەمریکا کڕی بێت".


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-11-23
زیاتر...


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]