سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
ڕاپۆرت

شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان راگیرا..ئەمریکا و تورکیا لەسەر چی رێککەوتن؟

زێد نیوز:

دوای زیاتر لە چوار کاتژمێر گفتوگۆ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەشێک لە بەرپرسانی تورکیا، مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە تورکیاوە لە رێگەی ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی راگرتنی شەڕی لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند.


پێنس، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند "ئەمریکا و تورکیا رێککەوتن لەسەر راگرتنی شەڕ لە سوریا".

ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ تورکیا ڕێککەوتوون بۆ ماوەی 120 کاتژمێر واتە پێنج ڕۆژ شەڕ لە سوریا ڕابگیرێت و تورکیا ئۆپراسیۆنەکانی بوەستێنێت.

بەوتەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە ماوەی ئەو پێنج ڕۆژەدا یەپەگە سەرجەم هێزەکانی لە سنوری نێوان سوریا و تورکیا بۆ نزیکەی 20 میل دەکشێنێتەوە.

مایک پێنس ئەوەشی خستەڕوو، کە لە ماوەی ئەو ئاگربەستەدا ئەمریکا هیچ سزایەکی نوێ بەسەر تورکیادا ناسەپێنێت و ئەگەریش پابەند بێت بە ڕێککەوتنەکەوە، ئەوا سزاکانی پێشووش لەسەریان هەڵدەگرن.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا بڕوابوونی خۆی نیشاندا بەوەی لەو پێنج رۆژەدا بتوانن ئاگربەستی یەکجارەکی ڕابگەیەنن و بە گفتوگۆ و شێوازی ئاشتیانە کێشەکان چارەسەر بکەن. 

وتیشی "لەگەڵ یەپەگە کاردەکەین بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام". 

پێنس جەختی کردەوە "یەپەگەش ڕازی بووە بە ڕێککەوتنەکە بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام و کشانەوەیان لەو ناوچە سنورییانە". 

دوابەدوای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مەولود چاوش ئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و روونیکردەوە، ناوچەی ئارام بە قوڵایی 32 کیلۆمەتر دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی فوڕاتەوە تا سنوری عێراق و پێویستە لە ماوەی 120 کاتژمێردا یەپەگە لەو ناوچانە بکشێتەوە".

چاوش ئۆغڵۆ، رایگەیاند "لەگەڵ ڕوسیا تاوتوێی دۆخی مەنبج و ناوچەکانی دیکەش دەکەن و لە قۆناغی یەکەمیشدا یەک ملیۆن پەنابەری سوری دەنێرنەوە ناوچەی ئارام کە قوڵاییەکەی 432 کیلۆمەترە".

بەوتەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە رێککەوتنەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە یەپەگە سەرجەم چەکە قورسەکانی ڕادەستی ئەمریکا بکاتەوە.

رێککەوتنەکەی ئەمریکا و تورکیا هەر زوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای هێنایە خەت و لە میانەی ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە جێگەیەکی چۆڵەوانی شاری تەکساس بە دڵخۆشییەوە بە رۆژنامەنووسانی وت "ئەمڕۆ ڕۆژێکی گەورەیە بۆ کوردەکان".

سەرۆکی ئەمریکا وتیشی "من زۆر خۆشحاڵم بەو ڕێککەوتنە و ئەمە ڕۆژێکی مێژوویی و گەورەیە بۆ کوردەکان". 

ترەمپ، ئاماژەی بەوەکرد، ڕێککەوتنەکە سودی تورکیا و ئەمریکا و کورد و هەمووانی تێدایە، پێویستە هەموو لایەک دڵخۆش بن بەو ڕێککەوتنە.

جەختیشی لەسەر وازهێنان لە شەڕ و چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆی ئاشتیانە کردەوە. 

ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەی ئەمریکا و تورکیا:


1 ئەمەریکا و تورکیا جەخت دەکەنەوە سەر پەیوەندیـیەکانی نێوانیان وەک دوو ئەندامی ناتۆ. ئەمەریکا لە نیگەرانیـیە ئاسایشیـیە ڕەواکانی تورکیا سەبارەت بە سنوورەکانی باشوری تورکیا تێدەگات.

2 تورکیا و ئەمەریکا کۆکن لەسەر ئەوەی دۆخەکە لەسەر زەوی بە تایبەتی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا وەهایە هاوکاری نزیکتر هەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیـیە هاوبەشەکان.

3 تورکیا و ئەمەریکا بەردەوامن لەسەر پاراستنی خاک و هاوڵاتیانی وڵاتە ئەندامەکانی ناتۆ لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا. لەگەڵ تێگەیشتنێکی تەواو بۆ (یەک لە پـێناو هەموومان و هەموو لە پـێناو یەک). (یەک لە پـێناو هەموومان و هەموو لە پـێناو یەک) دەسەتەواژەیەکی وڵاتانی ئەندامی ناتۆیە.

4 ئەم دوو وڵاتە بەڵێنیان دووپاتدەکەنەوە بۆ ڕێزگرتن لە ژیانی مرۆڤەکان، مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی کەمایەتیـیە ئاینی و نەژادیـیەکان.

5  تورکیا و ئەمەریکا پابەندن بە نەهێشتنی چالاکیـیەکانی داعش لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ئەمە بریتی دەبێت لە هەماهەنگیکردن بەپـێی پـێویست لە بارەی بەندیخانەکانی دەستگیرکراوە داعشەکانی تێدایە و هەروەها لە بارەی ئەو کەسانەی لەو ناوچانە ئاوارەبوون کە جاران لە ژێر دەستی داعشدا بوون.

6 تورکیا و ئەمەریکا ڕێکەوتوون کە شەڕی دژە تێرۆر دەبێت تەنها تێرۆرستان و شوێن و حەشارگەکانیان و چەک و کەلوپەلەکانیان بکاتە ئامانج.

7 لایەنی تورکی پابەندی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی مسۆگەربکرێت هەموو دانیشتووانی ناوچەی ئارام بپارێزرێن کە لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە کۆنترۆڵ دەکرێن، وە جەختی کردووەتەوە کە ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات تاوەکو خەڵکی سیڤیل و ژێرخانی سیڤیلی ناوچەکە بپـارێزێن.

8 هەردوو وڵات جارێکی دیکە بەڵێنی خۆیان دایەوە بۆ پاراستنی یەکگرتوویی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی سوریا و بەڕێوەچوونی پـرۆسەی سیاسی بە ڕێبەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئامانج لێی کۆتایی‌هێنان بە شەڕی سوریا بەپـێی بڕیاری SCR2254 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

9 هەردوو لایەن ڕازیبوون لەسەر گرنگی و کاریگەری ناوچەیەکی ئارام بۆ نەهێشتنی نیگەرانیـیە ئاسایشیـیە نشتیمانیـیەکانی تورکیا، لەوانە گواستنەوەی چەکە قورسەکانی یەپەگە و تێکدانی سەنگەر و بنکەکانیان.

10 ناوچەی ئارام بە شێوەیەکی سەرەکی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی تورکیاوە، وە هەردوولا پەرە بە هاوکاریـیان دەدەن لە هەموو بوارەکاندا تاوەکو ئەمە جێبەجێی بکرێت.

11 لایەنی تورکی ئۆپەراسیۆنی"کانی ئاشتی" ڕادەگرێت تاوەکو ڕێگە بە هێزەکانی یەپەگە بدات لە ماوەی 120 کاتژمێر لە ناوچەی ئارام بکێشنەوە. لە پاش تەواوبوونی کشانەوەی هێزەکانی یەپەگە کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی "کانی ئاشتی" دێت.

12 هەر کات ئۆپەراسیۆنی " کانی ئاشتی" ڕاگیرا، ئەمەریکا ڕازی دەبێت سزای زیاتر بەسەر تورکیا نەسەپـێنرێت بەپـێی فەرمانی سەرۆکایەتی کە لە 14 ی مانگی دەی 2019 دەرچووە. بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا لەگەڵ کۆنگرێس کاردەکات بۆ تاووتوێکردنی هەنگاوە ئەرێنیـیەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی و ئاسایش لە سوریا بەپێی بڕیاری ژمارە SCR2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

کاتێک ئۆپەراسیۆنی "کانی ئاشتی" کۆتایی پـێهات وەک ئەوەی لە خاڵی ژمارە یازدەدا هاتووە، سزا سەپـێندراوەکانی سەر تورکیا هەڵدەگیرێن.

هەردوولایەن بەڵێنیان داوە پـێکەوە کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ئامانجەکان کە لەم ڕاگەیاندنەدا هاتوون.


هێزەکانی سوریای دیموکرات پێشوازییان لە رێککەوتنەکە کرد و ئاماژەیان بەوە کرد هەوڵی تەواوی خۆیان دەدەن بۆ سەرخستنی. 


مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا بۆ رۆناهی تیڤی رایگەیاند "ئەم ئاگربەست و ڕێککەوتنەی کراوە لەسەر ناوچەکانی شەڕە (نێوان گرێ سپی و سەرێکانی)". 

وتیشی "لەسەر شوێنەکانی دیکە هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە. ئێمە ئاگربەستەکەمان قبووڵ کرد و بۆ سەرکەوتنی ئاگربەستەکە چیمان لە دەست بێت دەیکەین".


لەبەشێکی تری لێدوانە تەلەفزیۆنییەکەیدا، کۆبانێ روونیکردەوە "ئەم ئاگربەستە لە ئەنجامی بەرخۆدانی گەلەکەمان و شەڕڤانانە".

داواشی  لە هێزە سیاسییەکان و گەلی کورد کرد زیاتر یەکێتی خۆیان بەهێز بکەن و بەرخۆدان پتەوتر و بەرفراوانتر بکەن. 

هاوکات ساڵح موسلیم، بەرپرسی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لە میانەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی (ئەلحەدەس)ی عەرەبی،  رایگەیاند "هێشتا زانیاریی تەواوەتیمان لەسەر بەندەکانی ڕێکەوتنەکە نییە، ئێمە ئیرادە، ئیدارە و هێزی سەربازی خۆمانمان هەیە، دوای وەرگرتنی زانیاری تەواوەتی لەسەر ڕێکەوتنەکەی ئەمریکا و تورکیا هەڵوێستی خۆمانمان دەبێت". 

وتیشی "گەلی کورد شەڕی نەویستووە، بەڵکو بەسەریدا سەپێندراوەو پێشوازیی لە ئاگربەست دەکەن، بەڵام بەرگریی لەخۆیان دەکەن ئەگەر هێرشیان بکرێتەسەر". 



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-10-18
زیاتر...
123
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]