سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
عێڕاق

عادل عەبدولمەهدی بۆ جێبەجێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران 17 بڕیاری دەرکرد

زێد نیوز:

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئێوارەی دوێنێ (شەممە)دا وەک بەجێهێنانی داخوازی خۆپیشاندەران 17 بڕیاری دەرکرد.


لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە بەپەلە 17 هەزار زەوی نیشتەجێبوون دابەش بکرێت و 100 هەزار یەکەی نیشتەجێبون دروستبکرێت و مووچەی مانگانە بدرێتە بێکاران.

17 بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بەمجۆرەیە: 

یەکەم، دەرگای پێشکەشکردنی داواکاری بۆ زەوی نیشتەجێبون لە هەموو پارێزگاکانی عێراق دەکرێتەوە، بڕیارەکەش ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە داهاتیان سنوردارە.


دووەم: 17 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دابەشدەکرێت بۆ ئەو کەسانە کە داهاتیان سنوردارە لە پارێزگای بەسرە، پڕۆسەکەش لە ماوەی چوار هەفتەدا تەواو دەکرێت.
 

سێیەم: ئامادەکردن و جێبەجێکردنی بەرنامەی نیشتیمانی بۆ نیشتەجێبون کە دروستکردنی 100 هەزار یەکەی نیشتەجێبون لە هەمو پارێزگاکان دەگرێتەوە و پارێزگا هەژار نشینەکان پێشینەیان پێدەدەرێت. 

چوارەم: لە ماوەی دوو هەفتەدا پارێزگاری پارێزگاکان ناوی ئەو کەسانەی هەژارن و چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە تۆماربکرێن بۆ ئەنجومەنی وەزیران بنێردرێن، بۆ ئەوەی زەویان پێدرێت.

پێنجەم: بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتوە، وەزارەتی دارایی راسپێردراوە لە بودجەی ساڵی 2020 دا بەشی پێدانی قەزر بە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی بتوانن یەکەی نیشتەجێبوون دروستبکەن زیاد بکات، ئەو قەرزە بەبێ سود و بەگوێرەی یاسا دەردرێت بە هاوڵاتیان.
 

شەشەم: موچەیەک دەدرێت بە 150 هەزار هاوڵاتی بۆ ماوەی سێ مانگ، لە چوارچێوەی پشتیوانی حکومەت لە کەسانی پەکەوتە و ئەو کەسانەی ناتوانن کار بکەن مانگانە 175 هەزار دیناریان پێدەدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش 785 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.
 

حەوتەم: بازاڕی هاوچەرخ لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق دروستدەکرێت، حکومەت 60  ملیار دیناری بۆ تەرخان دەکات، پێویستە ئەو کەسانەی دەبنە خاوەنی دوکانەکان لانی کەم دوو هاوڵاتی بێ کار بخەنەسەر کار، بەوەش 45  هەزار هەلی کار دەرەخسێنن.
 

هەشتەم: بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا ئاماژە بەوەکراوە، ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی راهێنان بۆ گەنجان و ئەو کەسانە بکرێت کە دەتوانن کار بکەن، 150 هەزار گەنج و دەرچوانی زانکۆ بۆ ماوەی سێ مانگ بەشداری راهێنانەکان دەکەن و بە بڕی 175  هەزار دینار هاوکاری دەکرێن، حکومەت بۆ ئەو کەرتە (785) ملیار دیناری تەرخانکردوە.
 

نۆیەم: ئەو کەسانەی لە راهێنانەکانی خاڵی هەشتەم سەرکەوتوو دەبن، هاوکاری دەکرێن بۆ ئەوەی پڕۆژەی بازرگانی بچوک و مام ناوەند دابمەزرێنن، ئەویش بەپێدانی قەرز لە سندوقی قەرز و بانکی ناوەندی عێراق، حکومەت تریلیۆنێک دیناری بۆ تەرخانکردوە.
ئەو کەسانەی بەشداری لە ر‌اهێنانی پیشەسازی دەکەن، حکومەت پارچە زەوییەکیان بە گوێرەی یاسای پیشەسازی پێدەدات و هەموو ئیمتیازاتەکانی یاسای خزمەتی پێشەسازی دەیانگرێتەوە
 

دەیەم: ئەو کەسانەی بەشداری لە ر‌اهێنانی پیشەسازی دەکەن، حکومەت پارچە زەوییەکیان بە گوێرەی یاسای پیشەسازی پێدەدات و هەموو ئیمتیازاتەکانی یاسای خزمەتی پێشەسازی دەیانگرێتەوە.
 

یانزەهەم: لە رۆژی 15/10/2019 ەوە وەزارەتی بەرگری دەرگای خۆتۆمارکردنی بۆ گەنجانی تەمەن 18-28 ساڵ دەکاتەوە بۆ ئەوەی وەکو خۆبەخش لە ریزەکانی سوپادا راهێنان بکەن.
 
دوازدەهەم: وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ پێداچونەوە و چاکسازی لە گرێبەستەکانیاندا بکەن.
 

سیانزەهەم: وەزارەتی پەروەردە رێوشوێنی پێویست بۆ ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ وانەبێژان و خۆبەخشەکاندا بگرێتەبەر بە گوێرەی یسای بودجەی ساڵی داهاتو و بە گوێرەی پێویستی.

چواردەهەم: وەزارەتی کشتوکاڵ رێنمایی تایبەت بە بەخشینی قەرزی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەربکات، کە لە رابردوو لای جوتیاران بووە تاوەکو بەرواری 31/12/2019. 
 
پانزەهەم: پارێزگارەکان و چاودێری کۆمەڵایەتی لیستێک دروستبکەن لەو کەسانەی کە لە ژێر هێڵی هەژاری دان و بۆ ئەوەی موچەی چاودێری کۆمەڵایەتییان پێبدرێت، حکومەت توانای پێدانی ئەو موچەیەی بە 60 هەزار خێزان هەیە.

شانزەهەم: جەختکراوەتەوە، کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردوو وەکو شەهید تۆماردەکرێن و خێزانەکانیان هەموو ئیمتیازاتێکی تایبەت بە کەسوکاری شەهیدان دەیانگرێتەوە.

حەڤدەهەم:  وەزارەتی تەندروستی راسپێردراوە هەمو ئاسانکارییەک بۆ بریندارانی خۆپیشاندانەکان وهێزە ئەمنییەکان بکات، ئەو کەسانە تەواوی تێچوی چارەسەرکردن و ناردنە دەرەوەیان ئەگەر پێویستی کرد حکومەت لە ئەستۆی دەگرێت.


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-10-06
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]