سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
ڕاپۆرت

جەمال مەولود ئەو پیاوەی تۆمەتبار دەكرێت بەوەی رۆژانی كۆبونەوە خۆی نەخۆش دەخات

زێد نیوز:


زێدنیوز، کەرکوک ناو: 

زیاتر لە 60 ساڵە سیاسەت دەكات، نەخۆشی بەرۆكی پێگرتووە، بەڵام ئەو لەبەردەم مایكێك راوەستاوە و بەدەنگێكی كز گلەییەكانی دەستپێكرد، "نابێت خەڵك پارەی پاككردنەوەی خۆڵ و خاشاك بدات"، ئەو دەیویست حكومەت ناچار بكات ئەو پارەیە بدات. بەڵام بۆی نەچووە سەر.

جەمال مەولود، هەوراز و نشێوی زۆری بینیوە، كەركوكی بۆ خوێندن لە یەكێتی سۆڤییەت جێهێشت، كە گەڕایەوە چوار ساڵ خرایە زیندانی نوگرە سەلمان، كوڕێكی لە شەڕی ئێران و عیراق لەدەستدا، دوو هاوسەریشی مردون. بەڵام ئەو ئێستا بە پێوە وەستاوە و دەیەوێت سیاسییە ناكۆكەكانی چوار پێكهاتە لەسەر یەك مێز كۆبكاتەوە و هانیان بدات بۆ بڕیاردان لە بەرژەوەندی خەڵك.

3ی ئەیلول، رۆژێكی ماندوكەر بوو بۆ جەمال مەولود، كاتێك نەیتوانی نیسابی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەن تەواوبكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێكی پێشویان لەبارەی وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاك لە هاوڵاتیان. ئەو دەیوست حكومەت ئەو پارە بدات نەك خەڵك.

جەمال مەولود باپیر (82 ساڵ)، لە كانونی دووەمی 2019، وەكو سەرۆكی بە تەمەن و كاتی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دیاریكرا، بەڵام لەوكاتەوە یەك كۆبونەوەی ئەنجومەن نیسابی یاسایی تەواو بووە، ئەوەش كاریگەری هەیە لەسەر بڕیاردان لەسەر پرسە گرنگەكانی پارێزگاكە بەتایبەت بودجە، كە زۆر كات گلەییەكان روبەڕوی جەمال مەولود دەكرێنەوە.

جەمال مەولود كێیە؟

لە ساڵی 1937 لە كەركوك لە دایكبووە، لە پەنجاكانی سەدەی رابردوو بڕوانامەی دبلۆمی لە میكانیكی فڕۆكەوانی لە كازاخستان لە یەكێتی سۆڤیەتی كۆن بەدەستهێناوە.  

هەر لە پەنجاكاندا ژیانی هاوسەرێتی لەگەڵ كوردێكی خەڵكی سلێمانی پێكهێناوە و شەش منداڵیان بووە، بەڵام یەكێكیان لە سەرەتای شەڕی ئێران – عیراق كۆچیی دوایكردووە.

 
دوای لەدەستدانی ئەو كوڕەی بە دوو ساڵ، هاوژینەكەشی توشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبێت و گیانلەدەستدەدات، بۆیە هاوسەرگیری لەگەڵ كچێكی توركمانی كەركوكدا دەكات. ئەویش دوای چەند ساڵێك بە نەخۆشی شەكرە و فشاری خوێن كۆچیی دواییكرد.

جەمال مەولود، بۆ سێیەمجار ژیانی هاوسەرێتی پێكدەهێنێت، ئەمجارە لەگەڵ كچێكی میسری، ئەم هاوسەرگیرییە دەگەڕێتەوە ئەوكاتەی بەشێك لە خەڵكی میسر بۆ كاركردن دەهاتنە عیراق و خێزانێكی میسری دەبێتە دراوسێیان و لەوەوە پەیوەندییەكە دروستدەبێت.

جەمال مەولود، كاتێك ئەم چیرۆكانەی خۆی بۆ (كەركوك ناو) دەگێڕایەوە، تازە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسی گەڕابۆوە، كە تیایدا گلەیی لە ئەندامانی ئەنجومەن كرد كە تەنیا 17 ئەندام ئامادەی كۆبونەوە بون، لەكاتێكدا كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەن پێویستی بە 21 ئەندام هەیە.

ژیانی سیاسی

بۆ یەكەمجار جەمال مەولود، لە ساڵی 1955 پەیوەندی بە حزبی شیوعی عراقەوە دەكات، بەڵام لە ساڵی 1963 هەر بەهۆی كاری سیاسییەوە دەستگیردەكرێت و وەك خۆی دەڵێت "چوار ساڵ لە نوگرە سەلمان زیندانی دەكرێت".

سەرەڕای ئەوەی ئازاد دەكرێت، بەڵام لە كاری حكومی دەردەكرێت و دوای ئەو روداوانە و ماوەیەك بێدەنگی، جەمال مەولود لەڕێی رێكخستنە نهێنییەكانی هەمان حزبەوە لەگەڵیان بەردەوامدەبێت.

لە دوای روخانی رژێمی بەعس و لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2005ی ئەنجومەنی پارێزگا خۆی لەسەر پشكی حزبی شیوعی كوردستان و لە لیستی برایەتی كەركوك كاندید دەكات و دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا.

ئێستا 14 ساڵە لەو پۆستەدایە، بەڵام وازی لە حزبی شیوعی هێناوە و لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستاندا كاردەكات.

جەمال مەولود، ئێستا ئەركێكی قورسی لە ئەستۆدایە، كۆبونەوە و ئیدارەدانی سیاسییەكان لە ناكۆكترین پارێزگای عیراق.

ئایا رۆژانی سێشەممان نەخۆش دەكەوێت؟

لە ماوەكانی رابردودا جەمال مەولود روبەڕوی رەخنەی دۆست و نەیارەكانی بۆوە، بەهۆی ئامادەنەبونی لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگا كە رۆژانی سێشەممان بەڕێوەدەچێت.

تەنانەت هەندێك لە ئەندامانی حزبەكەشی وەك توانج ئەو ئامادەنەبونەیان لە راگەیاندنەكان باسدەكرد.

جەمال مەولود، لەوبارەیەوە وتی "منیش وەکو هەر مرۆڤێکی دیکە دوچاری نەخۆشی هاتم و سەردانی پزیشکی بەغدا، کەرکوک و هەولێرم کرد، دەرکەوت توشی نەخۆشی هەوكردنی گوێی ناوەڕاست بوم و چارەسەرم وەردەگرت".

"من نەك تەنیا رۆژانی سێشەممە، بەڵكو تەواوی مانگێك مۆڵەتی تەندروستیم وەرگرت و راپۆرتی پزیشكیشم رادەستی ئەنجومەن كرد"، ئەو ئێستا باری تەندروستی کەمێک باشترە، رۆژانە دەوامدەكات و دەڵێت "تا كاتژمێر دوو لە ئەنجومەن دەمێنمەوە".

من نەك تەنیا رۆژانی سێشەممە، بەڵكو تەواوی مانگێك مۆڵەتی تەندروستیم وەرگرت و راپۆرتی پزیشكیشم رادەستی ئەنجومەن كرد

هەرچەندە جەمال مەولود لە كۆتاییەكانی تەمەنیدایە و نەخۆشی تەنگی پێهەڵچنیوە، بەڵام دەڵێت "شانازی دەكەم ئەوەی لە توانامدابێت دەیكەم، سەردانی پڕۆژەكان دەكەم، ئەو شوێنەی پێویستی بە خزمەتگوزاری بێت پارێزگار و شارەوانی لێ ئاگاداردەكەمەوە".

جەمال مەولود، گلەیی لە سیاسییەكانی كەركوك هەیە و  دەڵێت "ئەو ئاشتیی و پێکەوەژیانەی لە نێوان هاوڵاتیانی ئاسایی نەتەوەكان هەیە زۆر زیاتر و جوانترە لەو پێكەوەبونەی نێوان سیاسییەكان... بەڵام كەركوكییەكان دەتوانن پێكەوەبژین".



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-09-11
زیاتر...
12
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]