سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
جۆراوجۆر

ده‌رهێنه‌رێكی كورد لە بەغدا خەڵاتکرا

زێد نیوز:

سەهیم عومەر خەلیفە، سینەماکاری کورد و براوی زیاتر لە سەد خەڵاتی سینەمایی، لە رێورەسمێکدا لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی سینەما و شانۆی عێراق لە بەغدا رێزی لێنرا و خەڵاتکرا.


رێورەسمی ریزلێنانەکە بە چاودێری وەزیری رۆشنبیری و شوینەواری عێراق و لە ژێرناوی "شەوانی سینەمایی"، ئێوارەی رۆژی شەممە 17 ئابی 2019 لە شانۆی نیشتمانی لە بەغدا بەڕێوەچوو و ژمارەیەک کەسایەتی هونەری و رۆشنبیریی عێراقی ئامادەی بوون.

بەر لە رێورەسمی خەڵاتکردنەکە، دوایین فیلمی ئەو دەرهێنەرە کوردە بەناوی (زاگرۆس) نمایشکرا و دواتر لەلایەن د. ئەحمەد موسا، بەڕێوبەری سینەما و شانۆ رێزی لێنرا.

فیلمی درێژی سینەمایی (زاگرۆس) نۆ خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی گەورەی 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت لە بەلجیکا.

سەهیم عومەر خەلیفە خەڵکی زاخۆیە و لە بەلجیکا دەژی و ماستەری لە سینەما لەو وڵاتە بەدەستهێناوە، ئێستا ئەندامی لیژنەی هەڵسەنگاندنی فیلمە لە ئۆسکار.

ئەو سینەماکارە دوو فیلمی گەیشتوونەتە قۆناخی پێش کۆتایی خەڵاتەکانی ئۆسکار وەک باشترین کورتەفیلم، کە لە کورتەلیستی 15 و 10 کورتەفیلمە کاندیدکراوەکاندا بوونە بۆ خەڵاتی باشترین کورتەفیلمی ئۆسکار.

ئەو دەرهێنەرە کوردە پێشتر لەرێگەی کورتەفیلمی(میسی بەغداد)، (وڵاتی پاڵەوانان) و (نێچیرڤانی خراپ)، زیاتر لە سەد خەڵاتی وەرگرتوونە.

بەهۆی وەرگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵات، ئەو دەرهێنەرە توانی ریکۆردی وەرگرتنی زۆرترین خەڵات وەک سینەماکارێک لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و بەلجیکا تۆماربکات.

(میسیی بەغدا) باس لە منداڵێک دەکات کە هەرچەند خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام حەز و خولیای بۆ یاریی تۆپی پێ هەیە و هۆگری یاریزان لیۆنێل مێسییە.

سەهیم عومەر سەرقاڵی ئەوەیە کورتەفیلمی (میسی بەغدا) وەک فیلمێکی سینەمایی بەرهەمبێنێت و لە شوباتی 2020 کاری وێنەگرتنی دەستپێدەکات.



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-08-23
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]