سەردێڕ:
زێدنیوز
کوردستان

مه‌لا هه‌ڵۆ: له‌هێرشكردنه‌ سه‌ر ماریا هه‌ورامی هه‌ڵه‌ بووم و داوای لێبوردن ده‌كه‌م

زێد نیوز:

مه‌لا هه‌ڵۆ حه‌مه‌ ڕه‌شید په‌شیمانبوونه‌وه‌ی خۆی راگه‌یاند له‌و هێرشه‌ی كردیه‌ سه‌ر گۆرانیبێژ ماریا هه‌ورامی و دان به‌وه‌دا ده‌نێت هه‌ڵه‌ بووه‌ و داوای لێبوردن ده‌كات.


له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ی كه‌ كردییه‌ سه‌ر گۆرانی بێژ ماریا هه‌ورامی و له‌ كاردانه‌وه‌ی توندی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، مه‌لا هه‌ڵۆ حه‌مه‌ ڕه‌شید له‌ هه‌ژماری خۆی له‌رێگه‌ی روونكردنه‌وه‌یه‌كی ده‌نگییه‌وه‌ په‌شیمانبوونه‌وه‌ی خۆی راگه‌یاند و داوای لێبوردنی له‌و خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ كرد. 

له‌روونكردنه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ "من سورم لەسەر ئەوەی کە ئەو شێوازە گۆرانی وتنە ناشەرعییە و پێچەوانەی شەرعی ئیسلامە، تا بمێنم هەوڵدەدەم پێش بەو کارە بگرم، بەڵام پەشیمانم لەو شێوە دەربڕینەی کە بەرامبەر ئەو خاتوونە بەکارم هێنا، چونکە هەم لەڕووی دینەوە و هەم لەڕووی عورفەوە هەڵەیە و دروست نییە". 

له‌به‌شێكی تری روونكردنه‌وه‌ ده‌نگییه‌كه‌یدا مه‌لا هه‌ڵۆ داوای لێبوردن لە ماریا هەورامی دەکات و  ده‌شڵێت "هەرچییەکی هەیە دەتوانێت بچێت لە دادگا سکاڵا تۆمار بکات، ئامادەشە بۆ هەموو شتێک کە بەشێوەی یاسایی بەرامبەری بکرێت". 

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌یدا مه‌لا هه‌ڵۆ خۆی وه‌ك خزمی نزیكی ماریا هه‌ورامی ده‌ناسێنێت و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێویست ناكات كه‌س خۆی بكات به‌ خاوه‌نی ئه‌و خاتوونه‌ و به‌رگری لێ بكات، "ئەو خزمی نزیکی خۆمە و خۆم خاوەنی ئەوم، بەمزووانەش دەچم لەگەڵی دادەنیشم و قسەی لەگەڵ دەکەم و من بەرژەوەندی ئەوم دەوێت، بۆیە ئەو قسەیەم کردووە و ویستومە واز لەو کارە ناشەرعییە بهێنێت".

مه‌لا هه‌ڵۆ ره‌تیده‌كاته‌وه‌ سوكایه‌تی به‌ هه‌ورامییه‌كان كردبێت و ده‌ڵێت "حەدم نییە کارێکی وابکەم، چونکە من خۆم هەورامیم، باوکم هەورامییە، شانازیش بە هەورامی بوونی خۆمەوە دەکەم". 

پێشتر له‌ تۆمارێكی ده‌نگیدا و له‌به‌رامبه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی گۆرانییه‌كی نوێی كچه‌ گۆرانی بێژ ماریا هه‌ورامی، مه‌لا هه‌ڵۆ هێرشی توندی كرده‌ سه‌ر ئه‌و گۆرانی بێژه‌ و به‌ كارێكی ناشه‌رعی ناوی برد و ئه‌و كاره‌ش له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری لێكه‌وته‌وه‌. 



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-08-14
زیاتر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]