سەردێڕ:
زێدنیوز
چاوپێکەوتن

زەردەشت بابان: سەرۆك ترەمپ شەڕی داعشی لەسوریا بۆ توركیا بەجێهێشت

زێد نیوز:

دیداری: شۆڕش محەمەد: زەردەشت بابان راوێژكاری پارتی كۆمارییەكان لەئەمریكا رایدەگەیەنێت "بڕیارەكەی سەرۆك ترەمپ لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا، كێشەیەكی زۆر گەورەی دروست كردووە بۆ سیاسەتی دەرەوە‌و سیاسەتی ناوخۆش".


زەردەشت بابان راوێژكاری پارتی كۆمارییەكان لەئەمریكا لەچاوپێكەوتنێكی تایبەت بە (زێد نیوز) جەخت دەكاتەوە " كشانەوەی ئەمریكا لەسوریا كاریگەرییەكی زۆری دەبێت لەسەر ناوچەكە، نەك تەنها كاریگەری دەبێت لەسەر كوردانی رۆژئاوا بەڵكو كاریگەی دەبێت لەسەر بەشەكانی تری كوردستان بەتایبەتی كوردانی باشور‌و كاریگەرییەكی زۆر گەورەشی لەسەر ناوچەكە بەگشتی دەبێت". 
 
زێد نیوز: با لەنوێترین هەواڵەوە دەست پێ‌ بكەین لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەی بریت مەكگۆرگ، ئەمەوێت بپرسم: مەكگۆرگ دەستی لەكاركێشایەوە یان دەستیان پێ‌ لەكاركێشایەوە؟ 
زەردەشت بابان: دوو ساڵ لەمەوبەر من لەئەژماری خۆم لەفەیسبووك بڵاوم كردەوە كە بەنیازین وەكو كۆمارییەكان بریت مەكگۆرگ لابدەین. 
دەمەوێت لەبارەی سیستمی كاركردن لەواشنتۆن روونكردنەوە بدەم، نموونە لەسەر خۆم دەهێنمەوە: ئەگەر سبەینێ‌ لەكار دەربكرێم ئێرە وەكو كوردستان‌و رۆژهەڵات نییە پێت بلێن بەیانی مەیەرەوە بۆ كار‌و كۆمەڵێك قسەی ناشرینت پێ‌ بڵێن، واشنتۆن وا كاردەكات كە دەربكرێیت پێت دەڵێن دەستلەكار بكێشەرەوە چونكە شێوازی پرۆسێسی پۆڵەتیكەڵ كەڵچەرمان لەواشنتۆن بەو جۆرەیە. 
من ئەگەر بەیانی لەكار دەربكرێم پێم ناڵێن زەردەشت بەیانی مەیەرەوە بۆ كار، پێمدەڵێن دەستلەكاركێشانەوەكەت بنووسە‌و پێشكەشی بكە‌و سیستمەكە بەو جۆرەیە. 
دوو ساڵە ئێمە دەمانەوێت لایبەرین، لەكاتی تەڵەرسن من باسمكرد‌و بڕیاری دەركردنی مەكگۆرگ هەر ئەو كاتە دەرچووبوو بەڵام هەفتەیەك دوای ئەوە تێڵەرسن لابرا‌و پۆمپیۆ كە هات كارەكانی لابردنی دواخست‌و وتی ئێستا كاتی دەركردن‌و هێنانی خەڵكی تازە نییە. 
راستە برێت مەكگۆرك دەستی لەكار كێشاوەتەوە بەڵام دەستلەكاركێشانەوەكەی لەسەر داواكاری بووە چونكە دەركراوە‌و دەستی پێ‌ لەكاركێشراوەتەوە. 
زێد نیوز: بۆچی كۆمارییەكان سوور بوون لەسەر لابردنی مەكگۆرگ؟ 
زەردەشت بابان: هۆكارەكەی زۆر دیارە، مەكگۆرگ كابرایەكی زۆر نزیك بوو لە باراك ئۆباما‌و زۆر دیموكرات بوو، ئێمە كۆمارین‌و حەزمان لەدیموكراتەكان نییە‌و نامانەوێت لەئیدارەكەماندا دیموكرات هەبێت‌و مەكگۆرك بەتەواوی پیاوی ئۆباما بوو، من نموونەیەكی ترتان بۆ باس دەكەم، لەساڵی 2009دا برێت مەكگۆرك دانرابوو ببێت بە باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق بەڵام ئێمە كۆمارییەكان نەمانهێشت‌و تەنانەت رێگەشمان نەدا كە لە كۆنگرێس هەر باس بكرێت. 
ئەم باسەی مەكگۆرگ شتێك نییە پەیوەندی بە دوێنێ‌‌و پێرێوە هەبێت، مەكگۆرگ نەپیاوی ئیشەكانی ئێمە بووە، نە ئەو ئیشە لەلایەن ئێمەوە درابێت بەو، هەربۆیە لابردنی شتێكی حەتمی بوو‌و تەنها لەسەر كات وەستابوو. 
زێد نیوز: ئایا دەستلەكاركێشانەوەكەی وەزیری بەرگریش هەمان شتە؟ دەستیان پێ‌ لەكاركێشایەوە؟ 
زەردەشت بابان: سێ‌ مانگ لەمەوبەر سەرۆك ترەمپ لەبەرنامەیەك بەناوی (60 خولەك)دا بەشداری كرد‌و تیایدا پرسیارییان لێكرد لەبارەی وەزیری دەرەوە، سەرۆك ترەمپ بەمجۆرە وەڵامی دایەوە "من لەماتس تێناگەم، ماتس وەك كابرایەكی دیموكرات وایە". كە سەرۆك ترەمپ وەڵامەكەی ئاماژە بوو بۆ ئەوەی كە ماتس كۆماریی نییە‌و مەبەستی بوو بڵێت ماوەیەكی تر لادەبرێت.
ئەگەر ماتس دەستیشی لەكار نەكێشایەتەوە سەرۆك ترەمپ هەر لایدەبرد، بەڵام لەپرۆسێسی سیاسی ئەمریكادا كە دەستلەكاركێشانەوە دەكەیت هەندێكی شتی جوانت پێوە دەنێن بۆ ئەوەی وا دەرنەكەوێت كە دەركراوویت، چونكە دەركردن لەكەڵچەری سیاسی حكومەتی فیدراڵی ئەمریكیدا نییە. 
زێد نیوز: لەدوای بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا، زۆرێك لەشرۆڤەكاری سیاسی كورد، ئەمە وەك خەنجەرلێدان لەكورد وێنا دەكەن، ئایا ئەمریكا خەنجەری لەكورد داوە‌و پشتی لەكورد كرد؟ 
زەردەشت بابان:ئەمە قسەیەكی زۆر زۆر هەڵدەگرێت، بەداخەوە كوردستان بۆتە مەڵبەندی بڵاوكردنەوەی هەواڵی ساختە. 
ئەوەندەی لەكوردستان شرۆڤەكاری سیاسی‌و بیركەرەوەی سیاسی هەیە ئێمە لەئەمریكا نیمانە. 
من دەپرسم كەسێك پەیوەندی بەسیستمی ئەمریكاوە نەبێت‌و بەشێك نەبێت لەئیدارەی ئەمریكا، من تێناگەم ئەو شیكەرانە ئەو زانیارییانە لەكوێوە دەهێنن كە باسی دەكەن؟. ئەمەش ئەوە دەردەخات كە زانیارییەكان لەدەستی دووەوە وەردەگیرێن. 
كورد ئەگەر ئەو بڕیارەی سەرۆك ترەمپ وەك خەنجەرلێدان لەپشتەوە وێنای بكات من لۆمەی ناكەم، بەڵام ئەو شتە زۆر لەوە قوڵترە بۆ ئێمە. 
تۆ ئەگەر ئاگات لەسیاسەتی دەرەوەی ئێمە‌و سەرۆك ترەمپ نەبێت نازانیت بۆچی بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای داوە لەسوریا. 
خەڵكێكی زۆر لەئەمریكا ئەو بڕیارەی سەرۆك ترەمپ بە هەڵە دادەنێت بەتایبەت بەرامبەر بە كوردەكان، ئێمە لەئەمریكا دەزانین كە بۆچی ئەو بڕیارە دراوە بەڵام خەڵك لەكوردستان نایزانێت. 
بەهۆی ئەوەی من نزیكم لێی‌و بەشێكم لەپارتەكە‌و دەشزانم ئەو پرۆگرامەی كە بڕیاری داوە پرۆگرامێك نییە كە دوێنێ‌‌و پێرێ‌ بیری لێكردبێتەوە‌و بەڵكو كاتێك كە كاندیدی سەرۆك كۆمار بووە باسی لێوە كردووە، بەواتایەكی تر بەلای خەڵكی ئەمریكاوە گرنگە كە یەكێك كاندید بێت بەڵێنێك بدات‌و بیهێنێتە دی. 
ئەو باسە یەكێك بووە لە بەڵێنەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆك ترەمپ. 
پاشان ئێمە بەیسمان هەیە بەواتای ئەو كەسانەی كە دەنگمان پێدەدەن، ئەو كەسانەی كە دەنگ دەدەن داوای كشانەوەی سەربازی ئەمریكی دەكەن لەهەموو پارچەكانی جیهان، ئەگینا ئیتر دەنگت پێ‌ نادات‌و 2020 نزیك دەبێتەوە‌و ئەگەر ئەو كەسانە دەنگ نەدەن كەواتە ئیتر هەڵنابژێرێتەوە بۆ سەرۆك كۆماری. 
ئەم جۆرە بڕیارانە پابەندبوونە بە سیاسەتە ناوخۆییەكانی ئەمریكاوە. 
كە بڕیار دەدرێت بەشێكیان پەیوەندی بەناوخۆی ئەمریكا‌و بەشێكی تری پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكاوە هەیە‌و بڕیارەكەی سەرۆك ترەمپ لەبارەی سوریاش بەشێكی پەیوەندی بەناوخۆی ئەمریكا‌و بەشێكی تری پەیوەندی بەسیاسەتی دەرەوەی ئەمریكاوە هەیە. 
زێد نیوز: ئەی بۆ هاوكات لەگەڵ بڕیارەكەی ترەمپ، لەهەرێمی كوردستانەوە كاروانی سەربازی‌و هاوكاریی لۆجستی بۆ رۆژئاوا نێردرا؟ 
زەردەشت بابان: كەبڕیاری كشانەوەكە دراوە تا ئەو كاتەی بەتەواوەتی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا دەكشێنەوە، ئەو یارمەتیانەی ئەمریكا كە بڕیاری دابوو بدرێتە هێزەكانی سوریای دیموكرات‌و شەڕڤانان دەیاندرێتێ‌. 
خۆ بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا واتای ئەوە ناگەیەنێت كە دەستبەجێ‌ یارمەتییەكان بوەستێنرێت، بەڵكو لەدوای كشاندنەوەكە یارمەتییەكان رادەگیرێن.
بیریشتان نەچێت هێشتا سەربازگەی ئەمریكا بوونی هەیە لەسوریا‌و ئەمریكا‌و هێزە كوردییەكان لەجەنگێكی هاوبەشدان دژ بەداعش‌و لەئێستادا شەڕێكی بەردەوام هەیە. 
زێد نیوز: ئایندەی كورد لەسوریا لەدوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا چۆن دەبینیت؟ ئایا كشانەوەكە كاریگەرییەكی زۆر خراپی نابێت.
زەردەشت بابان: بەڵێ‌ لەسەدا سەد كشانەوەی ئەمریكا لەسوریا كاریگەرییەكی زۆری دەبێت لەسەر ناوچەكە، نەك تەنها كاریگەری دەبێت لەسەر كوردانی رۆژئاوا بەڵكو كاریگەی دەبێت لەسەر بەشەكانی تری كوردستان بەتایبەتی كوردانی باشور‌و كاریگەرییەكی زۆر گەورەشی لەسەر ناوچەكە بەگشتی دەبێت. 
كاریگەرییەكی زۆریشی دەبێت لەسەر سیاسەت‌و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەناوچەكە، تۆ بەتەواوەتی دەكشێیتەوە‌و پاشان هێشتا شەڕی داعش تەواو نەبووە‌و ئەو وشەیە زۆر هەڵەیە كە میدیاكانی ئەمریكا باسی لێوە دەكەن‌و من خۆم بڕوام بەوە نییە كە شەڕی داعش تەواو بووبێت‌و ئەوانەشی كە لەلام كاردەكەن نایەڵم ئەو وشەیە بەكاربهێنن چونكە هەڵەیە. 
شەڕی داعش تەواو نەبووە‌و كە شەڕەكەش تەواو نەبووبێت‌و لەنیوەی شەڕەكە دەكشێیتەوە ئەمە بەڕاستی لەڕووی ستراتیژەوە زۆر هەڵەیە‌و پاشان كاتێك كە كورد هاوبەشی شەڕت بووە‌و بەشێك بووە لە لەناوبردنی داعش لەسوریا بەجێدەهێڵیت بەبێ‌ ئەوەی كە هیچ بژاردەیەكیان هەبێت، كە بەبڕوای من لەگەڵ كشانەوەی ئەمریكا دەكەونە بەر هێرشی توركیا‌و هەروەها تەنها یەك بژاردەیان دەبێت كە ئەویش ئەوەیە بچن لەگەڵ رژێمی ئەسەد دانوستان‌و گفتوگۆ بكەن، ئەمە لەكاتێكدا كە ئەمریكا رژێمی سوریا بەرژێمێك ناو دەبات كە متمانەی پێ‌ ناكرێت. 
هەروەها ئەو كشانەوەیە زیانێكی گەورەی دەبێت بۆ وڵاتانی وەك ئەردەن‌و لوبنان‌و خەڵك لەو ناوچانە پاڵپشتی ئەمریكایان بەگرنگ داناوە‌و وڵاتێكی وەكو ئیسرائیل، بەو واتایەی ئەو بڕیارە تەنها كێشەیەكی ستراتیژی بۆ كورد دروست ناكات بەڵكو كێشەیەكی ستراتیژی بۆ هەموو ناوچەكە دروست دەكات‌و متمانە بە ئەمریكا لاواز دەبێت‌و بەرژەوەندییەكانمان دەكەوێتە مەترسییەوە. 
زێد نیوز: هیچ بوارێكی پاشگەزبوونەوە لەو بڕیارە لەئارادایە؟ 
زەردەشت بابان: بریارەكە یەكلاكەرەوەیە‌و هیچ بوارێكی نەهێشتۆتەوە بۆ پاشگەزبوونەوە، بەڵام عادەتێكی هەیە سەرۆك ترەمپ كە جاری وا هەیە رای بۆ شتەكان زۆر دەگۆڕێت، بەڵام ئەم بڕیارەی حاڵەتێكی زۆر سەیری دروست كردووە‌و زۆرێك لەسیناتۆرەكان كە نزیكن لێوەی وەختە لەسەر ئەو بڕیارە بكەونە كێشە لەگەڵی. 
زێد نیوز: واتا ئەو بڕیارەی ترەمپ كێشەی بۆ دەسەڵاتدارانی ئەمریكا دروست كردووە؟ 
زەردەشت بابان: كێشەیەكی زۆر گەورەی دروست كردووە، بۆ سیاسەتی دەرەوە‌و بۆ سیاسەتی ناوخۆش. 
زێد نیوز: زۆر باس لەوە دەكرێت كشانەوەی ئەمریكا لەسوریا بەرامبەر بە رێككەوتنێكە لەگەڵ توركیا، ئەمریكا لەو بارەیەوە هیچ رێككەوتنێكی لەگەڵ توركیا هەیە؟ 
زەردەشت بابان: كشانەوەی ئەمریكا لەسوریا یەك واتا ئەدات، ئەویش بەجێهێشتنی سوریایە بۆ توركیا‌و لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی سەرۆك ترەمپ لەگەڵ ئەردۆغان لەهەینی رابردوو ئەردۆغان داوای لە سەرۆك ترەمپ كردووە كە شەڕی داعش لەسوریا بۆ توركیا بەجێبهێڵێت‌و زۆر سەیرم لەوەش دێت كە سەرۆك ترەمپ باوەڕی بەئەردۆغان كردوە لەو بارەیەوە. 
خەڵكێكی زۆر لەدەوروبەری سەرۆك ترەمپ ئەو بەڵێنەی سەرۆكیان بە توركیا بەلاوە زۆر سەیر بووە‌و پێیان وتووە كە توركیا جێی متمانە نییە. 
من زۆر سەیرم بەوە دێت كە سەرۆك ترەمپ بەو سادەییە بڕوای بە بەڵێنەكانی ئەردۆغان كردووە. 
هەرچەندە بەئەزموونی خۆم بەدوورینازانم سەرۆك ترەمپ لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا رای بگۆڕدرێت. 
 




ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2018-12-23
زیاتر...


Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]